05‏/03‏/2015

شەڕی تیسفون


نووسینی : كەنعان نوری 

یەکێکی دی لە زنجیرە جەنگەکانی نێوان ساسانی و عارەوانە کە لە ساڵی ١٦ کۆجی ، وەرانوەر وە ٦٣٧ زایینی قەوماوە. بە کەوتنی ئەم شارە و شارەکانی دیکەی مەداین ، پێتەختی ٤٠٠ ساڵەی ساسانییان دەکەوێتە دەستی عارەوان .

وێنە : لە گۆگڵەوە 

حەوت شارەکەی مەداین :
مەداین یان وەک لەو دەمەیدا و بە زوبانی سریانی (مدیپانا) ی پی دەگوترا بە مانای شارەکان یان حەوت شارەکە دەهات کە دەکەوتە هەر دوو ڕۆخی دیجلە و بە شورای بڵیند و دەروازەی قایم و توندوتۆڵ دەورە درابوو ، بریتی بوو لە:
١. تیسفون کە دەکەوتە رۆژهەڵاتی دیجلە
٢. ئەسپانبەر ، دەکەوتە رۆژهەڵاتی دیجلە
٣. ڤیە ئەندیو خەسرەو ، دیسان دەکەوتە بەری رۆژهەڵاتی دیجلە و لەودیو تیسفونەوە بوو
٤. سلوکیا کە دەکەوتە رۆژئاوای دیجلە و ڤیە ئەردەشێریشی پێ دەگوترا
٥. دەرزندان کە شارێکی چکۆڵە بوو و دەکەوتە باکوری سلوکیا 
٦. سابات کە ڤیلاش ئاواشی پێ دەوترا و دەکەوتە خۆرئاوای ڤیە ئەردەشێر
٧. (ماحوزا) شارێک بوو نێزیکی ڤیە ئەردەشێر و دۆڵێک لەوی جیا دەکردەوە
تیسفون پایتەختی ئیمپراتۆری ساسانی بوو . بە یەکێک لە جوانترین شارەکانی سەردەم بە هەژمار دەهات و بەمانای شاری سپی دەهات . وەک ئەیژن تەوای ستون و کۆشکەکانی ئەم شارە لە مەڕمەڕی سپی ساز کریاگە . کۆشکی سپی پاشاش هەر لەم شارە بوو و دەیڕوانییە سەر رووباری دیجلە . تاق یان هەیوانی مەداین(کیسرا)ش دەکەوتە شاری ئەسپانبەر کە تا هەنووکەش پاشماوەکانی لە سەر پێ وەستاون .

گەمارۆدانی مەداین :
لە ساڵی شانزەیەمینی کۆچی و لە پاشی جەنگی قادسییە ، سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس لەوێندەر مایەوە . فەرمان لە خەلیفە عومەرەوە هات کە ژن و منداڵان لە تەک ژمارەیەک لە سوپاکەی لە عەتیق بهێڵێتەوە و بە باقی لەشکرەکەی وەرەو مەداین وەڕێ کەوێ . لە گەڵ گەیشتنی بە مەداین ، شارەکانی ڕۆخی رۆژئاوای دیجلەی گەمارۆ دا و لە دەرەوەی شار خێمەی هەڵدا . هێندێ دەبێژن ماوەی ئابڵۆقە دوو ساڵی خایاند . خەڵکی مەداین ناوبەناو لە شار دەهاتنە دەرێ و دەگەڵ لەشکری عارەوان بە شەڕدەهاتن . لێ قات و قڕی دەکەوێتە نێو شاران و مەردمی وێندەر بڕسکیان لێ دەبڕێ . شێرزادی فەرمانداری شاری سابات دەگەڵ سەعد رێك دەکەوێ کە شار بەدەستەوە بدات و لە بری جەنگ سەرانە بە عارەوان بدات. 
لە سەرمەرزی شارەکانی تری رۆژئاوای دیجلەدا ، سوپای ساسانی چەندین دەفە رووبەڕووی عارەوان بوونەوە و دەگەڵیان بە شەڕ هاتن ، لێ ئەمانەش توانای راگرتنی سێلاوی هێرشی عارەوانی نەبوو. پشتینگێ و لە نیوەشەوێکدا ، سەعد خۆی و ژمارەیەک لە سوپاکەی هێرشێکی کوتوپڕ دەکەنە سەر شاری ڤیە ئەردەشێر . حەشیمەتی برسی و رووت و ڕەجاڵی شار لە تاو شیر و شمشێری عارەوان شاریان وەرەو تیسفون چۆڵ کردبوو ، کۆشکە چەرموەکەی تیسفون لەودیو دیجلەوە وەدەرکەوتبوو ، لێ پردەکانی سەر دیجلە کە تیسفون و ڤیە ئەردەشێری پێکەوە دەبەست روخێنرابوون و دیجلەش سێڵاوی هانی بووی و پەڕینەوەش گەلێ ئاستەم بوو.

هەڵهاتنی یەزدگرد: 
لەو عانە و لە تیسفوندا ، یەزدگردی دوایین پاتشای ساسانی بە ترس و بیمەوە ئەشراف و مەرزبانانی بانگهێشت کرد و چی لە گەنجینەی پاشایەتیدا هەبوو پێیانی بەخشی . چەندین نامە و پەیمانی لە بۆ نوسین و گوتی : هەگەر ئەم موڵکەمان لە کیس بچێ ، ئەوا ئەنگۆ لە کن عارەوان لەمانە بێ بەهاترن ، خۆ هەگەر موڵکمان پاراست ئەوا گەنجینەشمان بۆ دەگێڕێتەوە . ئەوکات پاشا بە خۆی و دەربار و حەرەمەکەیەوە تیسفونی وەرەو حەلوان بەجێهێشت و خوڕەزادی فەڕوخزادی کرد بە سوپاسالار و شاری بە وی سپارد .

کەوتنی تیسفون :
سەعد ماوەیەک لە ڤیە ئەردەشیر مابۆوە و سێڵاوی دیجلە رێگەی لێ تەنگ کردبوو تا بە تەگبیر و ڕای گەورەکان تەنکاوێکی دیجلەی پێ نیشان درا و سوپای عارەوان دەیتوانی بپەڕێتەوە . ئەویش فەرمانی پەڕینەوەی دا . کە سوپای عارەوان لە دەروازەکانی شار نێزیک بوونەوە بانگ لە دەروازەوانان بەرز بۆوە کە (دێوان ئامان). فەروخزاد وەرانوەری گرتن و دەگەڵیان بەشەڕ هات ، لێ ئەویش توانای لێ بڕا و هەڵهاتەوە نێو شار و بە نیوەشەو و لە دەروازەی رۆژهەڵاتەوە لە شار وەدەرکەوت و بەرەو جولەولا رۆشت . سەعد کە گەهشتە نێو شار و دابەزی ، بۆ شوکرانەبژێری گرتنی شار چوار ڕکاتان نوێژی خوێند . لەو دەمەدا جگە لە ژمارەیەکی کەمی پاسەوانانی کۆشکەکان نەبێ کەسێکی ئەوتۆی لێ نەمابوو . سەعد و پیاوانی واقیان لەو هەموو دەسکەوتە وڕمابوو کە وەدەستیان کەوتبوو و بە نێو کوچە و کۆڵانە چۆڵ و هۆڵەکانی شاردا دەسوڕانەوە .

دەسکەوتەکان(غنایم):
سەرباری گەنجینەکانی پاشایەتی کە لە هەژمار نەدەهات ئەمانەش وەدەست عارەوان کەوت: 
١. تەختی زێڕینی خەسرەو و دوازدە ستونی لە مەڕمەڕ سازکراوی کۆشکی مەزن کە بنمیچەکەشی لە شێوەی ئەستێرەکانی ئاسمان نەخشێنرا بوو و عارەوانی توش سەرسوڕمان کردبوو.
٢. فەرشی بەهارستان کە ٩٠٠ مەتر بووە و لە چەندین جۆر گەوهەری گرانبەها و ئاوریشم چنرا بوو کە دواتر برایە مەدینە و لەوێ کوت کوت کرا و هەر کوتێکی بە ٢٠هەزار درهەم فرۆشرا . 
٣. لە گەنجینەدا ئەسپێکیان دۆزییەوە کە لە زێڕ دروست کرابوو ، زین و لغاوەکەی لە زیو بوو و بە چەندین گەوهەری بە نرخ رازێندرابۆوە ، ئەمە سەرباری وشترێ کە لە زیو ساز کرابوو و بێچووەکەشی لە زێڕ ، وەک ئێژن لە کاتی دابەشکردنی دەسکەوتەکاندا هەر سەربازێکی عارەو ١٢ هەزار درهەم پشکی هەبوو کە سوپاکەش نێزیکی ٦٠هەزار کەس دەبوون .
ئەمە سەرباری زرێ و شمشێری هێرکوڵ قەیسەری ڕۆم ،خاقانی تورک ، پاتشای هند و زرێی بەهرامی چوبین و چەک و چۆڵەکانی قوبادی یەکەم ، هورمزی چوارەم ، نعمانی سێیەم و چەکە تایبەتەکانی خەسرەوی پەروێز و تاجەکەی خەسرەوی یەکەم کە نێردرایە لای خەلیفە ئەمە جگە لەو دیلانەی کە گیران و زۆرێک لە کچان و ژنان وەکی کەنیزەک بەخشرانە سەربازانی سوپا. 

4/3/2015

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق