05‏/03‏/2015

شەڕی جەلەولا (معركە جلولا‌ء)


نووسینی : كەنعان نوری

وێنە : لە گوگڵەوە


یەکێکە لەو زنجیرە جەنگانەی کە لە دەمی فتوحاتی ئیسلامیدا لە نێوان ساسانیان و عارەواندا لە ساڵی ١٦ کۆچی وەرانوەر وە ٦٣٧ زایینی قەوماوە . لە پاش کەوتنی تیسفون کە پایتەختی ساسانییان بوو ، یەزدگردی سێیەم کە دوایین پاتشای بوو وەرەو حەلوان کە شارێکی چکۆڵەی نێزیکی خانەقین بوو وەڕێ کەوت تا لەوێندەر خۆی ڕێک بخاتەوە . ماوەیەک تێپەڕی و خەوەر گەهشتە سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس کە یەزدگرد لە حەلوان سوپای ڕێکخستۆتەوە و بە نیازی هێرشە . سەعد پەیکی بەرەو مەدینە بۆ لای خەلیفە عومەر هەنارد . فەرمان وەها بوو کە سەعد خۆی لە مەدایین بمێنێتەوە لێ سوپایەکی ١٢هەزاری بە سەرکردایەتی هاشمی کوڕی عوتەیبە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەزدگرد بهەنێرێت . فەڕخزاد کە سوپاسالاری ئەودەمی ساسانییان بوو سەردارانی سوپای پێش پەرتەوازەبوونیان کۆ کردەوە تا لە وەرانوەر عارەواندا بوەستنەوە. هەر بۆیە نامەیەکی بۆ یەزدگرد نوسی کە ئەو دەم لە حەلوان بوو و داوی پارە و سوپای لێ کرد . ئەویش داواکەی جێبەجێ کرد و تەنانەت لە ئەسفەهانەوە سوپایەکی بە سەرکردایەتی مهرانی رازی بۆ یارمەتییان هەنارد. ساسانییان لە جەلەولا خەندەقیان هەڵکەند و سازی سازگەی جەنگ بوون . سەعدیش بە فەرمانی خەلیفە بەرەو حەلوان بەڕێ کەوتبوو . بۆیە لە نیوەی ڕێگەدا و لە جەلەولا لە گەڵ ساسانییان بە شەڕ دێن . جەنگێکی دژوار دەقەومێ و عارەوان سەردەکەون و لەم شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە ساسانییان بە تایبەت مهرانی رازی دەکوژرێت . دکتۆر عبدالحسین زرین کوب لە (دو قرن سکوت ) و (دفتر ایام ) دا دبێژە : نێزیکی ١٠٠ هەزار لە ساسانییان کوژران . ژمارەیەکیشیان هەڵهاتن و سوپای عارەوان تا حەلوان و قەسری شیرین ڕەدوویان کەوتن و دواتر کە جەنگ بە کۆتا هات و عارەوان چونە نێو حەلوان دەستیان دایە تاڵان و بڕۆ و ماڵ و سامانێکی زەوەندەیان بە تاڵان برد .
بە پێی نوسینی هەندەک مێژوونوسان ، دەسکەوتی هەر یەک لە سەربازان نێزیکی هەزار درهەم بووە. زۆری دیلەکان بە تایبەت ژنان و کچان هێندە بووە کە بوونی ئە ژمارە زۆر و زەوەندەی دیل لە جەلەولا و حەلوان بۆتە مایەی نیگەرانی خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب و بەردەوام دەیگوت : ( پەنا دەگرم بە خودا لە منداڵ و پاشماوەی ئەو ژنانەی کە لە جەلەولا بە دیل گیراون ) لە پاش گرتنی جەلەولا ، سەعد دەیویست بە دووی یەزدگرد بکەوێ ، لێ خەلیفە بۆی نوسیبوو : (( نێوان دوو ڕوبار بۆ عارەوان بەسە و خۆزیا لە سەرزەمینەکانی ئەودیو چیا (زاگرۆس) بەربەستێک هەبا کە نە ساسانییان بتوانن بیبڕن نە عارەوان))
بۆیە لە ساڵی ١٦ کۆچی وەرانوەر وە ٦٣٧ زایینی دەستی دایە گرتنی سەرجەم شارەکانی نێوان دوو ڕووبار و سەرکەوتووش بوو.

28/2/2015

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق