25‏/11‏/2015

ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات بە رێكەوتن كراوە !


دوای دوو رۆژ لە دەستپێكردنی پرۆسە سەربازییەكەی روسیا لە سوریا دوو هەواڵی بە پەلە ڕاگەیەندرا، بەڵام جێگەی سەرنجی زۆرێك نەبوو، یەكەمیان هەواڵی پاشەكشێی جوداخوازەكانی لایەنگری روسیا بوو لە هێڵی رووبەڕووبوونەوەی لە رۆژهەڵاتی ئۆكراین كە تا ئەمڕۆ بەردەوامەو بە چاودێری روسیاو ئەمریكاو رۆژئاوا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەكرێت . لە هەمان رۆژ هەواڵی دووەم بڵاو بووەوە تیایدا لە پرێس كۆنفرانسێكی كورتدا سەرۆك هۆڵاند سەرۆكە فەرەنسا پاشەكشێی چەكە سووكەكانی لە ئۆكراین لەبەرەی جەنگ راگەیەند . هەمان رۆژ بە كپی دوور لە هەڵای میدیا هۆڵەنداو ئەڵمانیا پاشان لە رۆژانی دوای ئەوە ئەمریكا سیستەمی موشەكی بەرگری پاتریۆتیان لەتوركیا لەكار خست . 



زۆرێك لە چاودێران ئەم هەنگاوانە دەبەستنەوە یەكەوەو پێیانوایە بەشێكە لە رێكەوتنی مۆسكۆو رۆژئاوا، ئێستایش هەمووان رۆژانە كار بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە دەكەن بەڵام وردەكارییەكان چیین ؟
(سواپ) واتا ئاڵوگۆڕ ناوی ئەو رێكەوتنەیە كە ئەمریكاو روسیا لەبارەی ئۆكراین‌و سوریا كردوویانە . 
وردەكارییەكانی بریتین لە :
- بنەمای یەكەم : بە پێی رێكەوتنەكە ئەمریكاو رۆژئاوا بێجگە لە فەرەنسا، روسیا سەرپشك دەكەن لە سوریا تا رۆڵێكی سەربازی بگێڕێت بۆ بنبڕكردنی تیرۆر لەو وڵاتە، پاشان زەمێنە سازی بۆ كردنەوەی دەرگای داخراوی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی یەكجارەكی بە پشت بەستن بە بنەماكانی (ژنیڤ یەك) . 
- بنەمای دووەم: پرۆسەكە (ئۆكراین-سوریا) تەریب بە یەك بەرَێوە دەچن، لەو كاتەی روسیا پرۆسەكەی ئەنجام دەدات لە ئۆكراین كار بۆ سەقامگیری‌و جێگیركردنی ئاگربەست دەكرێت وەك زەمینە سازییەك بۆ ئەنجامدانی راپرسی كە دەبێت تا كۆتایی ساڵ یان 3 مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو 2016 تەواو ببێت . بەرامبەر بەمە رۆژئاواو ئەمریكا ئابڵوقەكانی سەر روسیا كە بە هۆی كێشەی ئۆكراین سەپاندوویانە تا كۆتایی ئەمساڵ هەڵدەگرن . 
بنەمای سێیەم : ئامانج‌و سنووری كردەوە سەربازییەكەی روسیا بریتییە بە لەناوبردنی هەموو تاقمە ئیسلامییە تیرۆریستییەكان بێجگە لە داعش و بەرەی نوسرە، چونكە كاتی لەناوبردنیان نەهاتوو، دواتر لەرێگەی هاوپەیمانییەتییەكی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی بە هاوبەشی روسیاو سوریا هەردوو لەناو ببرێن . 
بە پێی سەرچاوەكان رێكەوتنی سواپ لەماوەی 4 مانگی رابردوو كاری لەسەر كراوە‌و دواجار لە كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان پۆتین‌و ئۆباما لە پەراوێزی دوا خولی ئەمساڵی نەتەوە یەكگرتووەكان واژوویان لەسەر كردووە‌و لە 31ی ئەیلولی رۆژئاوا گڵۆپی سەوزی بۆ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە هەڵكردووەو لە 1ی ئەم مانگە یەكەمین بۆردوومان ئەنجام دراوە . 
هەنگاوەكان :
بە بەردەوامی لەماوەی 3 مانگی رابردوودا لە نۆكەندی دەردەنیلەوە (توركیا) روسیا چەكی بۆ كەنارەكانی سوریا گواستەوەتەوەو لە دوو هەفتەی كۆتایی مانگی ئەیلول پرۆسەكە جۆرە خێراییەكی بە خۆیەوە بینی، لە هەمان دوو هەفتە هەریەك لە هۆڵەنداو ئەڵمانیا سیستەمی بەرگری موشەكی پاتریۆتیان لە توركیا پەكخست، پاشان ئەمریكا هەمان كاری ئەنجامدا، بەوەیش رووبەرێك بە تیرەی 120 تا 150 كلم لە ڕووی ئاسمان‌و زەویی‌و دەریا چۆڵ بوو . شكاندنی شكۆی ئاسمانی توركیا بە فڕۆكەی میگ29 بەشێكە لە تاقیكردنەوەی ئەو رووبەرە . ئەمەیش ئەنكەرەی تووشی شڵەژان كردووە، چونكە ئەوەی لای ئەنكەرە روون نییە ئامانجە شاراوەكانی ئەمریكایە‌و چۆنێتی تەوزیف كردنی رۆڵی روسیا لە لایەن ئەمریكاوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان . 
پاریس پێیوایە ئەمریكا تووشی شكست هاتووە لە ڕاهێنانی هێزی سەربازی میانڕەوەكان لە كۆی 12 هەزار كەس 5 كەسی ماوەتەوەو ئەوانی تر بە چەكەكانیانەوە چونەتە ڕیزی داعش و نوسرەوە . 
بە شێوەیەكی تەكنیكی پرۆژەی ئەمریكاو رێكەوتنی لەگەڵ روسیا لە قۆناغی یەكەم هەڵوەشاندنەوە هەموو گروپە تیرۆریستییەكان، یان هەڵوەشاننەوەیان یان بچنە ناو نوسرەو داعشەوە پاشان لە قۆناغی دووەم لە رێگەی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتییەوە هەردووكیان لەناو ببرێن . 
بەڵام دەبێت ئەوە لەبەر چاوی هەمووان بێت كە ئەو مەرجەی ئەمریكا دایناوە، ئەوە دەگەیەنێت ئەم رێكەوتنە رێكەوتنی كۆتایی نییەو لەوەیە هەر كاتێك بەرژەوەندی لەبەر چاو نەگیرێت ریكەوتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە بەتایبەت تا ئێستا هەردوو لا لەسەر چارەنووسی ئەسەد ڕوانینی جیاوازیان هەیە .
خاڵێكی تر، چارەنووسی داعشە كە خراوەتە قۆناغی دووەمەوە، ئەمەیان پەیوەندی بەوەوە هەیە ئەمریكا چۆن ئەم كارتە بەكار دەهێنێت ؟ 
لەوانەیە ئەمریكا وەك كارتێك لەسوریا دژی ئێران بەكاری بهێنێت . یان وەك كارتی فشار بۆ چارەسەری كۆتایی لە سوریا بەكاری بهێنێت . یان رێگەدان بە روسیا لە ئێستادا بۆ ئەوەیە شەرعییەت بداتە ئەمریكا بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە سوریا بە بێ‌ گەڕانەوە بۆ شەرعییەتی نێودەوڵەتی‌و گوێدان بە هەبوونی روسیا لە دواییدا .
خاڵە هاوبەشەكانی نێوان روسیاو ئەمریكا لە هەردوو قۆناغەكەی چارەسەری كێشەی سوریا بریتین لە پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی هەردوو لا ، روسیا دەیەوێت لەبری شەڕكردنی تیرۆر لە قەوقاز كۆتایی بە شەڕەكە لە سوریا بهێنێت ، ئەگەریش ئەمریكا بیەوێت هەڵی بخەڵەتێنێت و ئەزموونی ئەفگانستان لە سوریا پێی دووبارە باكاتەوە ئەوا روسیا پێی باشە شەڕەكە دوور لە ناوخۆی وڵاتەكەی بێت لە سوریا نەك قەوقاز . 
لە لای واشنتن خاڵی هاوبەشی لەگەڵ روسیا پاراستنی بەرژەوەندییەكانیەتی لە پاراستنی رۆڵی سەربەخۆی كوردانی رۆژئاوا، ئەمەش سەدایەكی نەرێنی دەبێت لەسەر ئێران‌و توركیا بە هۆی دیموگرافیای دابەشبوونی كوردان . ئەوەی جێگەی سەرنجە هەر لە یەكەم ساتەوە روسیا جیاكاری كردووە لەنێوان كوردانی رۆژئاواو هێزەكانی ترو وەك هێزێكی شەرعی لەپاڵ سوپای سوریا كوردانی داوەتە قەڵەم‌و بانگهێشتیانی كردووە بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتی لە مۆسكۆ . 
خاڵێكی تری پێگەیەشتنی بەرژەوەندییەكان، ئیسرائیلە، هەر لە یەكەم رۆژەوە روسیا دڵنەوایی ئیسرائیلی كردووەتەوە لەوەی هاوسەنگی هێز دەپارێزێت‌و ئەو چەكانەی هێناویەتی تەنها لە دەستی روسەكان دەبێت‌و بە هیچ شێوەیەك بوار نادەن بگاتە دەستی (حیزبوڵڵا) .


تێبینی : هیچ كەناڵێكی میدیا بۆی نییە ئەمە بڵاو بكاتەوە، مافی خاوەندارێتی CC پارێزراوە .

وێنەكە لە abc.net
 وەرگیراوە

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق