23‏/07‏/2016

گرێبەستەكەی هەولێر


لەسەردەمی دۆناڵد ڕامسفیڵدەوە 2001 وەرچەرخانێكی گەورە لە سیستەمی كاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕوویدا، ئەمە وێڕایی ئەو سیستەمە بەڕێوەبردنە ئاڵۆزەی وەزارەتی بەرگری ئەمركا پێیناسراوە، (سێ پێكهاتەی سەرەكی رێكخراو لە سێ وەزارەت و هەر یەكەو هێزی تایبەتی خۆی و پرۆژەی پەرەپێدانی تایبەتی خۆی و دامەزراوەی بیركردنەوەو پەرەپێدانی خۆی و كۆمپانیای چەك دروستكردنی نزیك لە خۆی كە پەرە بە پێكهاتە/وەزارەتەكە دەدات و هەموو ئەمانە لە ژێر ناونیشانێكی گشتی بەناوی پەنتاگۆن كۆكراونەتەوە) . چاكسازییەكانی ڕامسفیڵد خۆی لەوە بینیەیەوە كەرتی تایبەتی سەربازی بكاتە بەشێكی فەرەمی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە 2 ساڵی یەكەمی كاركردنی ئەمەی كردو لە كاتی دەستبەرداربوونی لە پۆستەكەی بڕیاری (پاراستنی/حصانە) بۆ ئەو هێزانە دەركرد كە لە ئەمڕۆدا لەئەدەبیاتی سەربازی ئەمریكی بە پاسەوانانی ئیمبراتۆری ناویان دەركردووە دیارترین نموونەیان كۆمپانیای بلاك وۆتەرە . ئەگەر نموونەیەكی ڕوونتریشتان بدەمێ‌ ئەوا بێگومان جەنگی عێراقە، لە عێراق هێزەكانی ئەمریكا بریتی بوون لە دوو بەش 1:1 سوپاو ڕاوێژكارە سەربازییەكان (كۆمپانیا تایبەتییەكان). 


لە ئێستادا زۆربەی كارەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە لایەن كەرتی تایبەتەوە دەكرێت، ئەگەر هەر بلاك وۆتەر بە نموونە وەرگرین ئەوا لە ئەمڕۆدا خاوەنی سەدان فڕۆكەی جۆراوجۆرو سەدان تەن چەكی جۆراوجۆرو سەدان سەربازگەیە كە توانای هەیە دەیان هەزار سەرباز لە ناوخۆو دەرەوەی ئەمریكا ڕابهێنێت . ڕاستە ئەمانە لە سەردەمی جۆرج بۆشی كوڕدا كرا بەڵام ئیدارەی ئۆباما زۆرترین سوودی لەم بابەتە بینییوە، لە ئەمڕۆدا ئۆباماو ئەمریكا بە بێ‌ ئەوەی هێزی فەرەمی بەكاربهێنن‌و بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی هەڵگرن لە رێگەی كۆمپانیا تایبەتەكانەوە حكومەتەكان دەگۆڕن، جەنگ بەڕێوە دەبەن‌و ئۆپراسیۆنی ڕەشی سیخوڕی ئەنجام دەدەن و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی بلاك وۆتەر زۆرترین ئۆپراسیۆن لەسەرتاسەری جیهان ئەنجامدەدەن . 
نەك هەر ئەمە بگرە لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە كۆمپانیاكانی چەك (كۆمپانیای لوكهید مارتن Lockheed Martin / رایپیون Raytheon / نورپوب كرومان Northup Grumman / جنرال دینامیكس General Dynamics / یونایتد تكنولوجیز كوربوریشن United Technologies Corporation ) لە دەرگاكانی پشتەوە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بەڕێوە دەبەن بە پاراستنی هاوسەنگی سەربازی لە نێوان لایەنە بەشەڕهاتووەكان (بێگومان هەموومان ئاگاداری ڕووداوی فڕۆكەكانی جەلەولاو جرف الصخر و حوێجە)ـین . 
ئەم پێشەكییە بۆ ئەوەیە بەرچاوتان ڕوون بێت لەوەی لە ئەمڕدا ئەمریكا شەڕ لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبات، بەبێ‌ ئەوەی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت گرێبەست دەبەستێت، یەكێك لەو تایبەتمەندیانەی ئەو گرێبەستانە ئەوەیە لەگەڵ قەوارەیەكی هاوشێوەی دەوڵەت نەبێت، چونكە ئەو كات لە مەسەلەی بسنسەوە دەگۆڕدرێت بۆ ڕێكەوتنی سەربازی‌و پابەندبوون بۆ ئەمریكا دروست دەكات‌و بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی ئەمریكا .
پێموایە ئێستا هەموو شتێك ڕوونە كە ئەوەی حكومەتی هەرێم ناوی دەنێت رێكەوتنی سەربازی خۆی لەبنەڕەتدا گرێبەستە لەگەڵ لایەنێكی نافەرەمی واتا میلیشیا تا شەڕی وەكالەت بۆ ئەمریكا بكات، ئەم گرێبەستە ماوەكەی دیارەو تێچووەكەیشی پابەندبوونی ئەوە لایەنەیە كە گرێبەستەكەی كردووە بە دابینكردنی (موچە-خواردن-چەك) بۆ ئەو هێزەی بەكرێی گرتووە تا شەڕی بۆ بكات، پرسیار ئەوەیە ئەو بڕە پارەیە چەندە كە بۆ هەر شەڕكەرێك دراوە؟حكومەت چەند وەك سوود وەردەگرێت ؟ بە پێی رێكەوتنەكە ئەو شەڕكەرەی دەكوژرێت كێ‌ قەرەبووی دەدات ؟ ئەمە لە كاتێكدا بە پێی یاسای ئەمریكی ئەو كۆمپانیایەی شەڕكەرەكە دابین دەكات پابەندە بە قەرەبووكردنەوەی كەس‌و كاری قوربانییەكە ‌و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هیچ پابەندبوونێكی نییە بەرامبەر بە قوربانی . 
لایەنێكی تری ئەم مەسەلەیە ئایا ئەم گرێبەستە حكومەتی كوشكی سپی دەیكات یان پەنتاگۆن یان وەزارەتێكی تایبەتی ناو پەنتاگۆن ؟ 
بە پێی چاكسازییەكانی ڕامسفیڵد كە كۆنگرس رەزامەندی لەسەری داوە وەزارەتە تایبەتەكان و تەنانەت دامەزراوەو هێزە تایبەتەكانیش دەتوانن بە بێ گەڕانەوە بۆ كۆشكی سپی گرێبەست ئیمزا بكەن بەو مەرجەی كاریگەری و هەڕەشە نەبێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ئەمەیش بۆ ئەوەیە تا هەموو لایەنەكان لەكاتی شكستخواردنی كارەكە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نەكەوێتە ئەستۆیان هەمووان بێ بەریبوونی خۆیان لەو بابەتە ڕابگەیەنن . 
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە ئەوە رێكەوتن نییەو گرێبەستە . دوو لە هەموو خراپتر دانپیانانی خۆمانە بەوەی پێشمەرگە میلیشیایە بەو پێیەی ئەگەر میلیشیا نەبێت ئەوا ئەو لایەنەی ناو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ناتوانێت بە پێی یاسا گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا بكات . 
هەر بۆ زانین ئەمریكا هەمان گرێەستی لەگەڵ هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان هەیە .

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق