28‏/06‏/2013

وەسیەتنامەی (شێرکۆ بێکەس)ى شاعير..



" من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ, یەکەم لەبەرئەوەی پڕبوونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم, من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی (١٩٦٣)ی سلێمانیەوە بمنێژن, ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم, من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکە و ژن و پیاو‌ی شارەکەم ‌و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم, با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نو‌سەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم, من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم, ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵاوەیسیەکەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)ـەوە ئاڵای کوردستانم تێوەپێچرابێ و بنێژرێم, من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت, لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن, من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی (بێکەس)ـەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم."

له سايتى ئيَستا نيوز وه ركيراوه


0 كۆمێنت:

إرسال تعليق