پوختەی راپۆرتی گۆڤاری دێر شبیگڵ*
لە یەكێك لە راپۆرتە بڵاوكراوەكانی گۆڤاری (دێر شبیگڵ)ی ئەڵمانی وتارێك بڵاو كراوەتەوە بەناونیشانی (پیشەسازی بەرگری ئەمریكی... بە هیوای جەنگێكی پڕ داهاتو درێژ خایەن) لەو راپۆرتە دا تیشك خراوەتە سەر لایەنی سوودی كۆمپانیاكانی دروستكردنی چەكی ئەمریكی لەو جەنگەی كە ئێستا ئەمریكا سەركردایەتی دەكات دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقو شام .
لەماوەی راپردوودا پیشەسازی چەكی ئەمریكی متبوونی بە خۆیەوە بینی، ئەو متبوونە كاری كردە سەر پشكی ئەو كۆمپانیایانە، تاكە شتێكیش كە بتوانیت جارێكی تر ئەو كۆمپانیایانە هەڵبسێنێتەوە جەنگێكی پڕوكێنەرو درێژ خایەنە (پڕوكێنەر بۆ ئەو وڵاتانەی جەنگەكەی تیایدا روودەدات "عێراقو سوریا" كە هەردوو وەك كانگای ئاڵتونن بۆ پیشەسازی چەكی ئەمریكی) هاوكات درێژخایەنەو هەمووان بەشداری تێدا دەكەنو بۆمبو موشەكو فڕۆكەی جەنگی تیایدا بەكار دەهێنن، ئەمەیش پێویستی بە خەرجیو كڕینو كەرەستەی یەدەك هەیە .
ئەم جەنگەی كە ئێستا داعش بەناوی ئیسلامەوە بە نوێنەرایەتی كۆمپانیاكانی چەكی ئەمریكی دەیكات جارێكی تر بازاڕی كۆمپانیاكانی گەرم كردەوەو پشكەكانی لوكهید مارتن لە سێ مانگی رابردووەوە 10% زیادی كردووە تا فڕۆكەكانیش هالیڤایر بەكار بهێنن ئەم زیاتر دەبێت، هاوكات بەهای بازاڕی گرێبەستەكانی بواری بەرگری رایسیۆن و نۆرسرۆپ گرۆمان بەرزكردووەتەوە بەتایبەت دوای ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایش پشتگیری خۆی بۆ عێراقو پابەندی خۆی بۆ بەرگریكردن لە عێراق دەربڕی .
رایسیۆن لە كۆتایی سیبتەمبەری ئەمساڵ بە بەهای 251،000،000 $ (196،000،000 €) گرێبەستێكی چەوری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری پەنتاگۆن ئەنجامدا بۆ دابینكردنی موشەكی تۆماهۆك بۆ هێزی دەریایی . هەر لە رۆژی یەكەم لە بوردومانی ئاسمانی سوریا كەشتییە سەربازییەكان 47 موشەكی تۆماهۆكیان هاوێشتە ئامانجەكانیان كە بەهای هەر مۆشەكێك 1400000 دۆلارە .
راستییەكی تر ئەوەیە كە ئەو كۆمپانیایانە تەنها مامەڵەیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا نەكردووە، بەڵكو ئەو وڵاتانەیشی گرتووەتەو كە بەشێكن لە هاوپەیمانی ئەمریكا لە دژی داعش واتا بەحرینو ئەردنو عەرەبستانی سعودیو قەتەرو ئیماراتو عێراقو هێزی ئاسمانی فەرەنسا .
تەنها عەرەبستانی سعودی بایی دوو ملیار دۆلار ئەمریكی دوو هەزار موشەكی كروزی كڕیوە، پێشتریش عێراق بایی ملیارو نیوێك 5000 موشەكی هالیڤایر كڕیوە . هاوكات جارێكی تر كۆمپانیاكانی بواری راهێنانی سەربازی دێنەوە عێراقو تەواوی ئەو جبەخانەیەی سوپای عێراق بۆ داعش بەجێی هێشت پێویستە دابینبكرێتەوە ، ئاسایی ئەمریكی دەبێت !!
بە كورتی دەتوانین بڵێین كە وشكەساڵی كۆمپانیاكانی چەكی ئەمریكاو بودجەی كەمی وەزارەتی بەرگری پەنتاگۆن كۆتایی هات ئەگەر چی لەم ساڵە دا 2014 بۆدجەی پنتاگۆن 580 ملیار دۆلار بووە هاوكات جارێكی تر ئەمریكا هاتەوە ناوچەكە كوێتو عێراق .
(نوێترین هەواڵیش لەم بارەیەوە فرۆشتنی 46 قومبەلەی تانكی ئیبرامزە بە بەهای 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بە عێراق / و) .
* وەرگێڕانی : كنعان حكیم و ئاسۆ وەهاب
0 كۆمێنت:
إرسال تعليق