لە رۆژانی دادێ یادی دامەزراندنی 37 ساڵە بەسەر یەكێك لە پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەگوزەرێ، هاوشێوەی تەواوی بۆنە حیزبییەكانی تر بە قاڵو هەرایەك بەلای دوو دەستەو تاقم تێدەپەڕێت، تاقمێك لایەنگرو تاقمەكەی تر نەیار، تاقمێك هەر شتێك ئەم پارتە كردبێتو دەیكات ڕەواو دروستەو تاقمەكەی تر تەواوی كاری ئەم پارتە لە ناو مێژوو ئەوەی لە ئاییندە دەیكات لێكدانی سفر دەكات .
بە دڵنیاییەوە هەردوو لا هەر هەڵەن، چونكە بە گەڕانەوە بۆ مێژوو خراپی ڕەهاو باشی ڕەها بەدی ناكرێت ئەوەی بە لای تۆوە ڕەواو دروستە، دژ بە بەرژەوەندییەكانی منە، ئەگەر لە بەشێكی رێژەیی زۆر كەمیشدا بێت، پێچەوانەش دروستە . هەر بۆیە بڕیاردانی ڕەها لە بارەی هەر هەڵوێستێكی سیاسی هەڵەیەكی گەورەیە ... ساڵانێكی زۆر تەواوی رووناكبیرانی وڵات شانازیان بەو فەزا ئازادەوە دەكرد كە لە ناوچەی سەوزی سەر بە یەكێتیی هەبوو، راستییەكەش هەر وابوو، پاشان لە گەڵ بەرتەسكبوونەوەی ئازادییەكان هەر ئەو رووناكبیرانە هۆشداریان دا لەبارەی زەوتكردنی ئازادییەكان، ئەمەشیان هەر وابوو، ئەمانە چەند لە زۆر شوێندا لە ئاوەزی لایەنگرانی ئەم پارتە بە نەیاری سیاسی دادەنرێن، بەڵام لە راستیدا ئەو حەقیقەتە پشتڕاست دەكەنەوە كە ناوچەی سەوز چ فەزایەكی كراوە بووە بەڕووی تەواوی شەپۆلە فیكریو سیاسییە هاوچەرەكان .
لە ئەمڕۆدا پەرتبوونی جەماوەری ئەم پارتە بەسەر دوو تاقیمی دەستڕۆیشتووی ناو هەمان پارت، لەسەر بنەمای بوونی قەیرانی فیكریو ئایدۆلۆگی نییە، یەكێتیی لە ئاستی فیكرو ئادۆلۆگیادا لە قەیراندا نییە، بگرە قەیرانەكە لە ئاستی مومارەسەدایە، كە بە بڕوای من گەوهەری مەسەلەكە لەمەدایە، لە پەیڕەوو پرۆگرامدا پارت نییە بەقەد یەكێتیی مۆدێرن بێت بە هەموو ئەو توخمانەی كە ئەم وشەیە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتووە، بەڵام وەك وتم قەیرانەكە لە ئاستی مومارەسەدایە، بە وردیش لەو بەشەدایە كە ئەو نووسینانە لە سەر زەمینی واقیع وەرناگێڕدرێت .. تەواوی گرفتەكان لەوەدایە كە ئەم پارتە سیاسییە خاوەنی دەستمایەیەكی مرۆیی باشو كارامە نییە تا تەواوی هزرو تێڕوانینەكانی لەبارەی كۆمەڵگەی مەدەنیو دەسەڵاتدارێتی (حەكیم)ـانەو ئازادیو مافی مرۆڤو یەكسانیو دادپەروەری كۆمەڵایەتیو.....هتد وەرگێرێت بۆ مومارەسەی رۆژانە، ئا لێرەوە دابڕان لە نێوان سەركردایەتی ئەم پارتەو هەوادارانیو تەواوی جەماوەری كوردستان دروست دەبێت، كە پێویستی بە ئاوەڕدانەوەی جددیو ئیرادەیەكی بەهێزە تا هزرەكان پیادە بكرێنو گلەییەكان كەمتر بكرێنەوە، ئەمەش ئامانجی سەرەكی هەر پارتێكی سیاسییە لەهەر كونجێكی دونیادا بێت .
لەو ساتەوەختەی كە سەندووقەكانی دەنگدان دەبنە سەنگی مەحەك، چ پێویست دەكات ملیۆنێك ئەندامت هەبێت، چ پێویست دەكات، ژمارەیەكی كادیری بەڕێوەبردنت هەبێت كە وەك موشەخۆر بارگرانی بەسەر پارتەكە دروست دەكەن، ئیفلیجی دەكەن بۆ بردنەوەی گرەوەكانی ئاییندا، دەستی دەبەستنەوە لە ئاست بڕیاردانی دروست لە هەڵبژاردنی نوێنەرەكانی لە دامودەزگاكانی فەرمانڕەوایەتی، قەیرانی گەورەی ئەم جۆرە خەڵكە لەوە دایە (ئەگەر كاری باش بكەن ئەوا خۆیان كردوویانەو ئەگەر خراپەش بكەن ئەوا فەرمانی یەكێتیی جێبەجێ دەكەن) . ئەوەی بە لای منەوە گرنگە لەم بۆنەیەدا سەركردایەتی ئەم پارتە پێداچوونەوەیەكی جددیو ژیرانە بە تەواوی مومارسەكانی تاكە بەرپرسەكانی ناو پارتەكەیان بكەنو لەوەش نەترسن كە دوورستنەوەی كەسێك ببێتە هۆی هەڵسانی قیامەت، چونكە كاتێك سەندووقەكانی دەنگدان دەبنە سەنگی مەحەك ئەوا ژیركردنەوەی بنكەیەكی جەماوەری فراوان گەلێك گرنگترە لە زویربوونی تاقمێكی با بڵێین هەزار كەسیش بێت. ئاشتبوونەوە لەگەڵ نەوەیەك ئەوە دەهێنێت، ئەوانەی بوونەتە هۆی ئەم دابڕانە دوور بخرێنەوە لە ژیانی سیاسی ئەم پارتە .. هاوكات سەرمایەگوزاری لە مرۆڤ (كادیرانی ناو پارتەكە) زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە ئاست گرەوو رووبەڕووبوونەوەكانی ئاییندەدا بن .
0 كۆمێنت:
إرسال تعليق