14‏/12‏/2011

بۆچوونەكانی ئەرستۆ لەبارەی شیعرەوە

ئەرستۆ (384 – 322 پ . ع)
ژیانی :
ساڵی 384 پ . ع لەشارۆچكەی (ستاگێرا) لە هەرێمی تراكیا لە بنەماڵەیەكی خاوەن پیشەی پزیشكی هاتووەتە دونیاوە، (ستاگێرا) دەكەوێتە نزیك شاری (سالۆنیك) لەباكووری دوورگەی یۆنان، دووری 300كم لە ئەسیناوە دوورە، كە واتە ئەرستۆ وەك سوكرات‌و ئەفلاتۆن ئەسینی نەبووە، كاتێ‌ ئەرستۆ هاتووتە دونیاوە سوكرات 15 ساڵبوو مردبوو ئەفلاتۆن تەمەنی 43 ساڵبوو، نزیكەی 2 ساڵبوو ئەكادیمیا دامەزرابوو .
كە باوكی ئەرستۆ مرد خزمێكی بەناوی (پرۆكسینۆس) گرتییە خۆی‌و بەخێوی كرد، زۆربەی تەمەنی منداڵی لە (بێڵا) پایتەختی مەسەدۆنیا لە نیمچە دوورگەی (بەلكان) بەسەر بردووە .
لە تەمەنی حەڤدە هەژدە ساڵیدا بۆ خوێندن لەئەكادیمیا رووی كردووەتە ئەسینا، دوای گەڕانەوەی ئەفلاتۆن لە سقڵییە ئەرستۆ پەیوەندی بە ئەفلاتۆن كردوو بووە شاگردە بە وەفاكەی‌و نزیكەی 20 ساڵ لە خزمەتی مامۆستاكەی مایەوە .
ساڵی (347 پ .ع) كە ئەفلاتۆن مرد، (سبۆیسیبس) بووە سەرۆكی ئەكادیمیا‌و ئەرستۆ كە خۆی بۆ ئەم پایە بە شایانتر دەزانی زویر بوو، بۆیە ئەسینای بەجێهێشت‌و چووە (ئاسۆس) لە لای (هرمیاس)ی هاوڕێی كە ببووە فەرمانڕەوای شاری (ئەتارتیس) . هەندێك دەڵێن هیرماس خوشكی خۆی، هەندێكتر دەڵێن كچیخوشكی خۆی داوەتە ئەرستۆ كەناوی (پۆتیاس) بوو .
ساڵی 345 پ.ع چووە شاری (میتیلین) لە دوورگەی (لسبۆس) لە دەریای ئەرخەبیل، (تیۆفراتۆس)ی هاوڕێی لەوێ‌ فەرمانڕەوا بوو، هەر لەوێ‌ داوەتنامەیەكی (فلیپ پاشا) پێیگەیشت بۆ ئەوەی ببێ‌ بە مامۆستای ئەسكەندەری كوڕی، كە ئەو كات تەمەنی 13 ساڵبوو . ئەسكەندەر زۆر رێزی مامۆستاكەی دەگرتوو زۆری خۆشدەویست، ەنانەت دەیگوت:"باوكم ژیانی پێبەخشیوم‌و ئەرستۆی مامۆستام فێری هونەری ژیانی كردووم"، ماوەی چوار ساڵ ئەرستۆ وانەی بە ئەسكەندەر وتەوە، بەڵام ئەسكەندەر لەبەر ئەوەی مێشكی بە دونیاو فراوانخوازی دەسەڵاتەكەی بوو چیتر وانەی لای ئەرستۆ نەخوێند، بەڵام پیاوەكانی خۆی راسپارد خزمەتی ئەرستۆ بكەن‌و تەواوی پێداویستەكانی بۆ دابین بكەن، دەڵێن لە ئاسیاو ئەوروپا (1000) كەس خەریكی كۆكردنەوەی لێكۆڵینەوەی زانستی بوون بۆ ئەرستۆ .
لەو سەردەمە ئەرستۆ خاوەنی سێ‌ گەنجینەبوو كە بۆ كەس مەیسەر نەدەبوو :(باخچەیەكی ئاژەڵان – مۆزەخانەیەكی سروشتی – كتێبخانەیەكی پڕ دەستنووس) . دوای مردنی فلیپ ئەسكەندەر بووە پاشاو كوشتارە بەناوبانگەكەی نەیارانی كرد، ئەرستۆ لە خۆی ترساو مەسەدۆنیای بەجێهێشت، دوای 13 ساڵ دووركەوتنەوە گەڕایەوە بۆ ئەسیناو لە پەڕگەی شار قوتابخانەیەكی لە (گۆڕەپانی ئەپۆلۆ كۆلیۆس) بەناوی (لۆسیۆم – لۆكیۆم) دامەزراند .
لە (لۆسیۆم) وانەكان بەهاتوچۆ Peripateicos بە قوتابیان دەوترایەوە بۆیە زۆرجار پێیدەوترا (قوتابخانەی هاتوچۆ) بە قوتابییەكانیش دەوترا (هاتوچۆكەران) .
دوای مردنی ئەسكەندەر لە بابل، گروپێكی نەیاری دەسەڵاتی مەسەدۆنیایان گرتە دەست، بۆ ئەوەی كارەساتەكەی سوكرات دووبارە نەبێتەوە ئەسینای بەجێ‌ هێشت‌و گوتتە بەناوبانگەكەی خۆی كرد:"دەرفەت بە ئەسیناییەكان نادەم جارێكی تر تاوان بەرامبەر فەلسەفە بكەن". دوای ساڵێك لە مانەوەی لە (كالسیس) لای دایكی لە 322 پ.ع كۆچی دوایی كرد .
بەرهەمەكانی :
ئەگەر چی مشتومڕێكی زۆر هەیە لەبارەی ژمارەی بەرهەمەكانی ئەرستۆ،بەڵام دەبێت ئەوە فەرامۆش نەكەین كە ئەرستۆ ژیانێكی یەكپارچە زانست‌و زانیاری هەبوو . بەرهەمەكانی هەمەجۆرو قوڵا‌و زانستیانەیە، هەندێك بڕوایان وای هەزار بابەتی نووسیوە، هەندێكی تر دەڵێن 400 كتێبی هەبووە، وێڕای ئەم راوبۆچوونە جیایانە بەڵام گرنگترین بەرهەمەكانی ئەرستۆ ئەمانەن :-
یەكەم : بەرهەمی ژیربێژی‌و یاسا :[ زاراوە – لەبارەی راڤەكردنەوە – ژیربێژی – هەڵەی سۆفیستەكان – شیكردنەوەی یەكەم (لەبارەی پێوانەسازییەوە) – شیكردنەوەی دووەم ] ..
دووەم : بەرهەمی سروشتی :[ لەبارەی ئاسمانەوە – گەردوون – كتێبی سروشت (8 بەرگ) – دیاردەی كەش‌و سەقا – كانزا ]..
سێیەم : بەرهەمی ئاژەڵناسی:[ لەبارەی دەروونەوە – هەست‌و هەست پێكراو – یادو یادكەوتنەوە – خەو – خەون – لێكدانەوەی خەون – كورتی‌و درێژی ژیان – گەنجی‌و پیری – هەناسەدان ] ..
چوارەم : بەرهەمی سیاسی‌و رەوشت پەروەری:[ رەوشتی نیكۆماخی – سیاسەت ] ..
پێنجەم: بەرهەمی لێكۆڵینەوەی هونەری‌و زمانەوانی[ هونەری شیعر (شیعرناسی – پۆیەتیكا) – هونەری گوتاردان (ریتۆریكا) ] ..
ناساندنی هونەری شیعر (شیعرناسی – پۆیەتیكا) : لە بنەڕەتدا ناوی ئەم بەرهەمە ( Depoetica – لەبارەی هونەری شیعرەوەیە ) یەكێكە لەو دوو كتێبەی ئەرستۆ لەبارەی شیعرو گوتارو هونەری نووسین‌و ئاخاوتن‌و زمانەوانی نووسیویەتی، بەلای ئەرستۆوە ئەم دوو بەرهەمە زانستی بەرهەمهێنانن‌و مەبەست لێیان یارمەتیدانی پێگەیاندنی شاعیری چاكە . پۆیەتیكا پێكدێت لە 25 پار كە تیایدا هەر پارەو بۆ پێكاندنی مەبەستێك تەرخان كراوە، بە یەكەم بەرهەمی ئەكادیمی دادەنرێت كە لەبارەی هونەر بەگشتی‌و شیعر بەتایبەتی نووسرا بێت . راستە ئەفلاتۆن پێش ئەرستۆ لە هەردوو دیالۆگی (ئەیۆن)‌و (كۆمار) باسی شیعری كردووە، بەڵام دەبێت ئەو راستییە بزانین كە لەبەر رۆشنایی بۆچوونە میتافیزیكی‌و رامیارییەكاندا لە بنەڕەت‌و چۆنێتی ئەم هونەرە كۆڵیوەتەوەو بە لاساییكردنەوە پێناسی كردوون .
جۆرەكانی شیعر لای ئەرستۆ كامانەن : شیعری داستان‌و شیعری تراژیدی‌و شیعری كۆمیدی،بۆ شیعری لیریكی ئەوا ئەرستۆ پێیوایە كە ئەم جۆرەی شیعر لە هونەری میوزكەوە نزیكترە بۆیە بە جۆرێكی سەربەخۆی دانەناوە .

لاساییكردنەوە :
- ئامرازەكانی لاساییكردنەوە : ئامرازەكان لە هونەرێكەوە بۆ هونەرێكی تر جیایە، هەر یەك لە پەیكەرتاشی‌و نیگاركێشان ئەگەر چی سەر بە هونەری نیگارین بەڵام ئامرازەكانی كاركردنەوە جیان، جۆرەكانی شیعر بە پێی ئامرازەكانی لاساییكردنەوە دەگۆڕێن بەم شێوەیە :-
a) شیعری داستان‌و لاواندنەوە : زمان‌و كێشە .
b) شیعری گۆرانی : زمان‌و كێش‌و ئیقاعە .
c) شیعری تراجیدی‌و كۆمیدی : زمان‌و كێش‌و ئیقاع‌و مۆسیقایە . (پۆیەتیكا – ئەرستۆ ، ب.1 )
- بابەتی لاساییكردنەوە : لەبەر ئەوەی شیعر باسی كردەوەكانی مروڤ دەكات، جا چۆن هەر كردەوەیەك سروشت‌و خاسیەتی تایبەتی خۆی هەیە، مرۆڤیش كە ئەنجامدەری ئەو كردەوانەیە شێوەی سروشتی‌و خاسییەتی تایبەتی خۆی هەیە، چ خاسییەتی ناوەوە بێت یان خاسییەتی دەرەوە . لە راستیدا كردەوەكانی مرۆڤ چاكەو خراپە حوكمی دەكات‌و بە پێوەری رەوشتپەروەری پێوانە دەكرێت بۆیە بابەتی لاساییكردنەوە لای ئەرستۆ دوو جەمسەرە ئەوانیش چاكە (Spoudaioi)‌و خراپە (Phauloi ) . (پۆیەتیكا – ئەرستۆ ، ب.2 )
هەر ئەم جیاوازییەیە كە كۆمیدیا‌و تراژیدیا لە یەك دادەبڕێنێ‌، كۆمیدیا هەوڵدەدات خەڵك لە واقیعی خۆیان خراپتر بنوێنێ‌، كەچی تراژیدیا هەوڵ دەدا چاكتر بیانوێنێ‌ . هۆمیرۆس وێنەی كەسەكانی لە واقیعی خۆیان باشتر دەكێشا، كەچی (كلیۆفۆن) بە شێوەی ئاسایی خۆیان وێنەی دەكێشاو (هیگیمۆن) كەسەكانی لە واقیع پەست‌و نزمتر پیشانی دەدان .
- شێوازی لاساییكردنەوە : شێوازی لاساییكردنەوە بە پێی بۆچوونەكانی ئەرستۆ دوو جۆرن، یان ئەوەیە راستەوخۆیە لە سەر زمانی خۆیەوە قسە بكات وەك ئەوەی هۆمیرۆس لە ئۆدیسەدا كردوویەتی (سروودی 9 -12) و سیمایەكی درامی بە بەرهەمەكانی بەخشیوە . یان ناڕاستەوخۆیە لە رێگەی گێڕانەوە . (پۆیەتیكا – ئەرستۆ ، ب.3)
سەرهەڵدانی شیعر :
بە شێوەیەكی گشتی بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە، یەكەم ئارزووی مرۆڤ بۆ لاساییكردنەوە، چونكە لێیەوە چێژ وەردەگرێت، هەروەها هۆیەكە لە هۆكانی بەدەستهێنانی زانین .. دووەم دەنگ‌و ئیقاع‌و گێڕانەوە .
ئەرستۆ لە بەشی 4 ی پۆیەتیكا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەرهەڵدانی شیعر لە مرۆڤدا بۆ دوو هۆی سروشتی دەگەڕێتەوە ... بەڵام ئەگەر لەو دوو شتە ورد ببینەوە كەتوانین بە چوار شت لێكیان بدینەوە :
1. مرۆڤ بوونەوەرێكی لاساییكەرەوەیە .
2. چێژ لە بینینی لاساییكردنەوە وەردەگرێت .
3. حەزی لە فێربوونە .
4. بە سروشت حەز لە ئیقاع‌و كێش دەكات .
بنچینەو گەشەسەندنی شیعر :
هەر زوو بە گوێرەی میزاجی كەسێتی شاعیرەكانەوە، شیعر دوو لقی لێبۆتەوە: ئەوانەی بەرزو سەنگین بوون كەوتنە لاساییكردنەوەی كردەوەی بەرزو سەنگین بوون كەوتنە لاساییكردنەوەی كردەوەی بەرزو كەسانی جوامێرو گەڕناس (تراژیدیا ) .. كەچی ئەوانەی پەست‌و نزمبوون لە بارەی كەسانی نزمتری ئەو ژیانە نووسی (كۆمیدیا)، بەم چەشنە جۆرێكیان وێردی ئایینی‌و پیاهەڵدانیان نووسی‌و ئەوانی تر دەستیان بە نووسینی توانج‌و داشۆرین كرد .
تراژیدیا :
لاساییكردنەوەی كردەوەیەكی سەنگین‌و لە خۆیەوە تەواو پێگەیشتووە كە درێژییەكی دیاری هەیە‌و بە زمانێكی پاراو نووسراوە كە چەندین بابەتی هونەری تێدا هاتووە كە لە گەڵا بەشەكانی شانۆگەریدا دەگونجێن‌و ئەمەش هەموو بە شێوەی درامی نەك بە گێۆِانەوە ئەنجام دەدرێ‌‌و رووداوی وای تێدایە كە بەزەیی‌و ترس دەوروژێنێت‌و بەمەش پاكبوونەوە لەم دوو سۆز دێتە دی .
- رەگەزەكانی تراژیدیا :
چنین – كەسێتی – داڕشتن – هزر – دیمەن – گۆرانی
ئەمانە بەهای تراژیدیا دیاری دەكەن، دووانیان وەسیلەی پێشكەش كردنن، رەگەزێكیش بریتییە لە شێوازی لاساییكردنەوە، سیانەكەی تر پەیوەندیان بە بابەتی لاساییكردنەكەوەی درامەكەوە هەیە .

- چنین (Mythos – Plot): هەندێ‌ بە گرێ‌‌و هەندێ‌ بە خورافە‌و هەندێ‌ بە ناوەڕۆك لێكیان داوەتەوە، لە بونیاتی درامیدا لە هەموو بەشەكانی تر گرنگترە . چنین لە كردەوەو بیركردنەوەو هەست‌و نەستی كەسەكان دروست دەبێت، ( هەموو شانۆگەرییەك چنینی هەیە، بەو مانایەی كە چنین ریزە رووداوێكە بە پەیوەندی هۆو ئەنجام بە یەكەوە بەسراونەتەوە ) بە لای ئەرستۆوە چنین لە كەسێتی كرنگترە ئەو لای وایە تراژیدیا بە بێ‌ سیمای بنچینەیی كەسێتی دەبێت بەڵام بە بێ‌ چنین نابێت، بۆیە تراژیدیا بە بێ‌ چنین هیچ مانایەكی نییە .

- یەكێتی چنین : مەبەست لە یەكێتی چنین ئەوە نییە بابەتەكە لە بارەی یەك كەسەوە بێت، بەڵكو ئەوەیە یەك كردەوە هەڵبژێردرێ‌، وەك ئەوەی (هۆمیرۆس) لە (ئۆدیسە - ئیلیادە) كردویەتی، ئەوەیە هەر لاساییكردنێك یەك تاكە بابەتی هەبێت، چنینی شانۆگەریش وایە (لاسای یەك تاكە كردەوە دەكاتەوە كە دەبێت وەكو شتێكی تەواوو یەكگرتوو پێشكەشی بكاو دەبێت رووداوە جیاجیاكانی بە جۆرێك وا پتەو بە یەكەوە ببەسترێنەوە كە ئەگەر یەكێك لە رووداوەكان لە شوێنی دروستی خۆی دانەنرێت یان فڕێ‌ بدرێت، كردەوە تەواوو پێگەیشتووەكە تووشی شێواندن‌و لێكترازان دەبێت .

- ئەرستۆ لە هونەری شیعردا باسی 3 یەكێتییەكە نەكردووەو بە هەڵە دەدرێتە پاڵی، تەنها شتێك كە راگوزەرانە قسەی لە سەر كردبێت یەكێتی كاتە، ئەمەشیان لە باسی پێنجەم كە بەراوردێك دەكات لە نێوان تراژیدیاو داستان .

- چنینی سادەو چنینی دژوار : یەكەمیان لە چەند رووداوێك پێكدێت كە بە پێی دەستووری (شیان‌و ناچاری) دروست بوونە، ئەم جۆرە چنینە بە لووسی دەڕوا، هیچ گۆڕانێكی كتوپڕی تیا نییە، چونكە ( وەرچەرخان)‌و (ناسینەوەی) تێدا نییە‌و هیچ پاكبوونەوەی بە دەمەوە نییە . دووەمیان رەگەزی ( وەرچەرخان)‌و (ناسینەوەی) تێدایەو بەمەش ئەوپەڕی پاكبوونەوە دەستەبەر دەكات .
* وەرچەرخان : ئەوەیە رووداوێكی درامی لەسەر باری ئاسایی خۆی بەرەو ئامانجێكی تایبەتی بڕواو لە پڕ هۆكارێكی دەرەكی كار لە رەوتی رووداوەكە بكات‌و ئاڕاستەكەی بگۆڕێت، بۆی هەیە ئاڕاستە تازەكە پێچەوانەی ئاڕاستەی یەكەم بێت . بۆ ئەمە نموونەی شانۆگەری (ئۆدیب پاشا)ی تراژیدیای سۆفۆكلیس دەهێنێتەوە .
* ناسینەوە : مانای دۆزینەوە دەدات ئەرستۆ تەنها بۆ ئەوە بەكاری هێناوە كە كەسێتییەك راستەقینەی كەسێتییەكی تر دەدۆزێتەوە كە پێشتر نەیدەزانی ئەوە .
* پاكبوونەوە : پاكبوونەوەی دەروونە لە دوو سۆزی (ترس)‌و (بەزەیی) بە هۆی پیشاندانی كاری تراژیدییەوە .

- كەسێتی : لە یۆناندا (Ethos) مانای كەسێتی یان ڕەوشت دەدات، لای ئەرستۆ مانای ئەو ڕەوشتەیە كە كەسێتی دروست دەكات‌و خواست‌و بڕیارەكانی دەستنیشان دەكات، لە بنەڕەتدا تراژیدیا پیشاندانی وێنەی كەسەكان نییە، بەڵكو لاساییكردنەوەی كردەوەی كەسەكانە، بۆیە لە تراژیدیادا كردەوە لە كەسایەتی گرنگترە، چونكە كردەوە كەسێتی دروست دەكات .

- داڕشتن : یان زمان ، شاعیری شانۆگەری بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵا وشەی (Lexis) دەكات كە هۆیەكی بنەڕەتییە بۆ بەرهەمهێنانی كاری هونەری . وشە لەناو فەرهەنگی زماندا پەرت‌و بڵاوە، هەموو كەس دەستی پێڕادەگات، بەڵام نووسەرو شاعیر دەتوانن بە شێوەیەكی داهێنەرانە وشە هەڵبژێرن‌و بە شێوەیەكی تایبەتی وشەكان رێكبخەن‌و زمانی درامی پێش هەموو شتێك پێویستە روون‌و ئاشكرا بێت .

- هزر ( Dianora) : ئەو رەگەزە زەینییەیە كە لە هەڵسوكەوتی ماقوڵدا خۆی دەنوێنێت‌و هەر بە هۆی هزرەوە كەسێتی قاڵبی هەستی دەرەوە وەردەگرێت، واتا هزر لە شانۆگەریدا بریتییە لە گوفتار‌و رەفتاری كەسەكان .

- دیمەن (Opsis) : هەر رەگەزێكی شانۆییە كە پێویستە لە سەر شانۆ دەركەوێت وەكو دیمەنی گشتی، كەلوپەل، جلوبەرگ، رووناكی ... هتد .

- گۆرانی (Melos) شانۆگەری بۆ نواندن‌و گوتن دەنووسرێت، بۆیە دەبێت بایەخی زۆر بە لایەنی دەنگ‌و ئاوازی دەنگ‌و وشەكان بدرێت، هەر دێڕێك شوێنی بەرزو نزم‌و شوێنی هێدی كردنەوەو خێرایی خۆی تێدایە، ئەمەش دەوری خۆی لەگەیاندنی مانا‌و كاركردنەسەری تەماشاكەراندا هەیە .

- گرێی تراژیدی : ئەوەیە كە رووداوەكان بەناو یەكدا دەچن‌و بارودۆخ‌و چارەنووسی ئایندەی كەسەكان ئاڵۆز دەبێت‌و لێك شەتەك دەدرێت‌و دەبێت بە گرێ‌ ، پاشان كە رووداوە ئاڵۆزەكان وردە وردە رۆشن دەبنەوەو بارودۆخ‌و چارەنووسی كەسەكان ئاشكرا دەبێت (كرانەوە) دەست پێدەكات .

- گرنگی (هونەری شیعر) : پۆیەتیكا وەڵامدانەوەیەكی ناڕاستەوخۆی نووسینەكانی ئەفلاتۆنە، ئەگەر چی بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ناوی نەهێناوە، ئەم بەرهەمە بۆ ماوەی 2 هەزار ساڵ قۆرخی عەقڵی ئەدەبی‌و رەخنەیی ئەوروپی كردووەو بووەتە بنەمایەك بۆ رەخنەی ئینگلیزی‌و رەخنەی سوننەتی كلاسیكی ئەروپی‌و ئەم قۆرخكردنە تا ناوڕاستی سەدەی هەژدەیەم بەردەوام بووەو لە رۆژگاری ئەمڕۆیشماندا جێگەی بایەخە، ئەرستۆ لەم بەرهەمەیەی رێبازی توێژینەوەی وەسفی بە كارهێناوە، ئەمە لە كاتێكدا ئەفلاتۆن رَبازی ڕامانی بەكار هێناوە . (تێوری ئەدەب ، ل 30)




سەرچاوەكان :

1. ئەرستۆ ، هونەری شیعر (شیعرناسی)، و . عەزیز گەردی ، چاپخانەی گەنج ، چ 2 ، سلێمانی 2011 .
2. ئەرستۆ ، هونەری شیعر (پۆیەتیكا ) ، و. د- محەمەد كەمال ، دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم ، چ 1 ، سلێمانی 2010 .
3. أمیل برهییە ، تاریخ الفلسفە – الفلسفە الیونانیە ، ت. جورج گرابیشی ، دار الگلیعە للگباعە والنشر ، بیروت ، لبنان 1982 .
4. تاریخ الفلسفە الیۆنانیە ، ولتر ستیس ، ت.مجاهد عبدالمنعم مجاهد ، المۆسسە الجامعیە للدراسات والنشر والتوزیع ، گ 2 ، بیروت 2005 .
5. احمد عتمان ، الشعر الإغریقی تراپا انسانیا وعالمیا ، س 77، عالم المعرفە ، الكویت ، 1984 .
6. تیۆری ئەدەب ، د . شكری عزیز الماچی ، و . د – سەردار ئەحمەد گەردی ، چ 1 ، چاپخانەی ماردین ، هەولێر 2010 .
7. أ . د . سعد دعیبس ، النقد الیۆنانی القدیم ، www.kotobarabia.com .


0 كۆمێنت:

إرسال تعليق