03‏/03‏/2012

لە پەراوێزی قەیرانەكەی "تارق ئەلهاشمی"دا نوری ئەلمالكی نوسخەى شیعەیانەی سەدام



مەجید ساڵح ئەو قەیرانەی كە ئێستا لە نێوان نوری ئەلمالكی سەرۆك وەزیران و تارق ئەلهاشمی جێگری سەرۆك كۆمار عێراق دروست بووە درێژەی هەمان ئەو قەیرانانەیە كە لە خولی یەكەمی سەرۆك وەزیرانی ئەلمالكیدا هەبوو. لە خولی پێشوی سەرۆك وەزیرانی نوری ئەلمالكیدا تارق ئەلهاشمی یەكێك بوو لەو سەركردە سونیانەی كە زۆرترین رەخنەی دەگرت لە شێوازی هەڵسوكەوتی حكومەت بەرامبەر بە دانیشتوانی شارە سونی نیشینەكانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا. بەڵام قەیرانەكە كاتێك تەقیەوە كە جیگری سەرۆك كۆماری عێراق بە شێوەیەكی رەسمی پشتگیری خۆی بۆ داخوازی سوونەكانی عێراق بۆ فیدرالیزم دەربڕی. نوری ئەلمالكی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق بە فرسەت زانی بۆ ئەوەی لە رێگەی تۆمەتی تیرۆریزم كە ترسناكترین تۆمەتە لە عێراق، یەكێك لە سەرسەخترین نەیارەكانی خۆی كە لە هەمان كاتدا سەركردەیەكی دیاری لیستی العراقیە لە گۆڕەپانی سیاسی وەدەرنێت؛ بەم شێوەیە بەرەی سوونەی كە ئیستا بەهۆی سەرقاڵی عەرەبەكانەوە بە بەهارەكەیانەوە بێ پشتیوان ماونەتەوە بخاتە گۆشەیەكی لاوازی سیاسییەوە. ئامانجی سەرەكی نوری ئەلمالكی لەم هەنگاوەیدا ئەوەیە لیستی عێراقیە كە لە هەڵبژاردنەكانی 2010 دا براوەی هەڵبژاردنەكان بوو پەرت و بڵاوكاتەوەو كۆمەڵێك دەسكەوتی سیاسی لە ناوخۆی عێراق بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە تەواوەتی كۆنترۆڵی پرۆسەی سیاسی عێراق بكات و گرەنتی مانەوەی لە دەسەڵاتدا بە مسۆگەر بكات و هەموو جومگەكانی دەسەڵات لە چنگی خۆیدا بهێڵێتەوە. ئەو قەیرانیە سیاسیەی كە بە هۆی پێداگری نوری ئەلمالكی لەسەر دادگایی كردنی جێگری سەرۆك كۆماری عێراقەوە دروست بووە، نەك هەر هێزە سیاسیەكانی عێراقی لە قۆناغی تەماشاكردنەوە گواستەوە بۆ قۆناغی كاردانەوە بەرامبەر بەو رووداوە، بەڵكو بووە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە عێراق بكەویتەوە ناو ئەجەندای وڵاتانی توركیاو ئێران و ئەمریكاوە. ئەوە بوو توركیا كە ئێستا خۆی بە رێبەری جیهانی سونی مەزهەب دەزانێت، پشتیوانی خۆی بۆ تارق ئەلهاشمی دەربڕی، بەڵام هەر زۆر زوو بە هۆی هەڕەشەكانی حكومەتی عێراقەوە بێدەنگی هەڵبژارد. لە لایەكی دیكەشەوە ئێران و ئەمریكا كە سەرقاڵی مەسەلەیەكی گەورەترن لە عێراق، لە هەوڵی ئەوەدان هاوسەنگیەكە تێك نەچێت و قەیرانەكە لەوە زیاتر تەشەنە نەسێنێت. كوردەكان و هێزە سیاسیەكانی دیكەی عێراقیش دەیانەوێت لە رێگەی بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانیەوە ئاو بەو ئاگرەدا بكەن و پێش بە هەڵگیرسانی جەنگێكی دیكەی هاوشێوەی جەنگی 2006 بگرن لە نێوان شیعەو سونە. نوری ئەلمالكی كە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لە دەستدایە و كۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری كردوە و دەزگاكانی مۆخابرات و ئیستخبارات و راگەیاندن تەنانەت دەزگای دادوەریش لە لایەن نزیكەكانی ئەوەوە بەرێوە دەچن، بەشی زۆری كۆمیساریای سەربەخۆی هەڵبژاردن لایەنگری ئەون، لە هەولێ ئەوەدایە كێشەكەی تاریق ئەلهاشمی بكاتە كێشەیەكی قەزایی و لە بەسیاسی كردنی دوریخاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەو دەسەكەوتانەی كە لە ماوەی فەرمانڕەواكردنی عێراق بە دەستی هێناوە بپارێزێت و نەكەوێتە ژێر گوشارەكانی هێزە سیاسیەكانی عێراق و ناوچەكەو ئەمریكاوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا كە وا بڕیارە لە سالێ 2014 ئەنجام بدرێت پێگەی سیاسی خۆی نەك هەر بپارێزێت، بەڵكو پتەوی بكات. نوری ئەلمالكی شارەزایەكی زۆری هەیە لە بەكارهێنانی دۆسێیەی تیرۆریزم بۆ سڕینەوەی نەیارەكانی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی، ساڵی رابردوو كاتێك پەرلەمانتار "عەبدولناسر ئەلجنابی" بە توندی قسەی لەگەڵ كرد، پێی وت دۆسیەی تێكەڵبونت لە گەڵ تیرۆریزم لە سەر مێزەكەمە، دوای ئەو دانیشتنە ئەلجەنابی هەڵهات بۆ دەرەوە و چیتر نەیوێرا بَگەرێتەوە بۆ عێراق. ئەلمالكی لە رێگەی گەورەكردنەوەی كێشەكەی تارق ئەلهاشمیەوە چەند دەسكەوتێكی بەدەستهێنا، ئەو بەلای كەمەوە توانی داخوازی سونەكان بۆ فیدرالیزم بۆ ماوەیەك دوا بخات، هەروەها توانی كۆمەڵێك لە سەركردە دیارەكانی سونە بترسێنێت و بێدەنگیان بكات. پەیامێكی توندیشی دایە ئەمریكا و توركیا كە ئەو چەندین خاڵی بەهێزی هەیە بۆ لێدانی بەرژەوەندیەكانیان. لە هەمووشی كرنگتر ئەوەیە كە لایەنگران و هاوپەیمانەكانی لەوە دڵنیا كردەوە كە ئەو رەقەمَكی بەهێزی ململانێكانی عێراقەو بە ئاسانی دەست بەرداری خەونەكانی نابێت. بە كورتی دەكرێت بڵێن ئێستا نوری ئەلمالكی خۆی زۆر گەورەتر دەبینێ لەوەی بە تەنها سەرۆكی حزبێكی سیاسی یان تائیفەیەكی دیاریكراوی وەك شیعە مەزهەبەكان بێت، بەڵكو ئەو خەو بەو شتانەوە دەبینێ كە سەدام حسێن لە لوتكەی بەهێزبوونیدا نەیتوانی پێی بگات، پێدەچێ نوری بە هەڵە لە زەمەنەكە تێگەیشتبێ.
ئەم بابەتە چۆنە ؟

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق