26‏/07‏/2014

پوختەی بەشی یەكەمی كتێبی (هونەری جەنگ)ی سۆن تزو


ئاسۆ وەهاب

هونەری جەنگ لە لایەن بلیمەتی چینی سۆن-تزو لە سەدەی شەشەم پێش لەدایكبوونی عیسا نووسراوە، ئەم بەڵگە نامە گرنگە لەسەر داوای پاشای شانشینی وو (هوو لوو) نووسراوە . سۆن-تزو ئەفسەرێكی لێهاتوو بووەو دوابەدوای نووسینەوەی بەڵگەنامەكەی‌و سەركەوتنەكانی لەمەیدانی جەنگدا بە بەناوبانگترین بلیمەتی بواری سەربازی لەو كاتەو لە ئێستادا دادەنرێت .

مخطوطة فن الحرب ... باللغة الصينية
سۆن فەرماندەی فەرماندەكانی پاشانشینی وو بوو . دیارترین ئەوانەی بە ئاشكرا كاریگەری سۆن بەسەریاندا ئاشكرا كردووە جەنگاوەرانی سامۆرای لە ژاپون‌و سوپای شاهانەی ژاپون‌و رێبەری رابوونی چین ماوتسی تونگ و ناپلیۆن پۆنابرت‌و سوپای ئەڵمانیای هیتلەری‌و فەرماندە سەربازییەكانی ئەمریكا كە لە ستراتیژییەتی (شۆك‌و تۆقاندن) لەكاتی رزگاركردنی كوێت‌و پرۆسەی ئازادی عێراقدا بە وردی پابەندی بۆچوونەكانی سۆن-تزو بوونە . لە ئەمرۆیشدا بازرگانەكان‌و كۆمپانیا زەبەلاحەكان بە تەواوەتی پابەندن بە كاركردن لەسەر شێوازی كاری سۆن-تزو .
دەقی چینی ئەم بەڵگەنامە سەربازییە پێكدێت لە 6هەزار وشەو 13 بەش كە ئەمانەن : دانانی پلان-شەركردن-شەڕی هەڵخەڵەتاندن-مانۆڕی تەكتیكی-بەكارهێنانی وزە-خاڵی لاوازی‌و بەهێزی-هونەری مانۆڕی سەربازی-جۆراوجۆری تاكتیكە جەنگییەكان-هەڵمەت-بەرزای‌و نزمی خاك-9جۆرەكەی زەوی-هێرشكردن بە ئاگر-بەگڕخستنی سیخوڕەكان .
لەبەر گرنگی كتێبەكە لە جەنگی كەنداودا هەر سەربازێكی ئەمریكی كتێبێكی هونەری جەنگی پێدراوە .
لەبەشی یەكەمدا تزو دەڵێت : هونەری جەنگ مەسەلەیەكی زۆر گرنگی زیندووە بۆ دەوڵەت (ل13).  هەردوای ئەمە دەڵێت : هونەری جەنگ مەسەلەی ژیان‌و مردنە، رێگەیە بۆ كەناری ئارامی یان خاپوربوون، بۆیە بابەتێكە جێگەی ئەوەیە بەدواداچوون‌و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت . بەهەر حاڵ نابێت بە هیچ شێوەیەك پشتگوێ‌ بخرێت (ل13) . بە بۆچوونی تزو 5 فاكتەر حوكمی هونەری جەنگ دەكەن ئەوانیش : یاسای ئاكاری – ئاسمان – زەوی – سەركردە – سیستەمی گشتی (ل13) .
لە روونكردنەوەی یاسای ئاكاری دا هاتووە : گونجاندنی نێوان دەسەڵاتدارو شوێنكەوتووانێتی، ئەمەش هانی تاكەكان دەدات شوێنی فەرمانەكانی سەركردەی باڵا بكەون  بە بێ‌ دوو دڵی ‌و بێ‌ ترس لە دەرهاویشتەی بڕیارەكان (راهێنانی بەردەوام) وا دەكات هەمیشە ئەفسەر ئامادە بێت بۆ جەنگ ، بێ‌ دوودڵی‌و دڵەڕاوكێ‌ ئەمەش وا دەكات سەركردە هەمیشە ئامادە بێت (ل13-14) .
لەبارەی ئاسمانەوە دەڵێت : مەبەست شەوو رۆژە، سارد‌و گەرمی ، كاتەكان‌و چوار وەرزەكە ، باو هەور (ل14) .
مەبەست لە زەوی ، كورتی و درێژی ماوەكە ، مەترسییەكان‌و رادەی ئەمانی ، رووبەرە كراوو بەرتەسكەكان ، ئەگەرەكانی دەربازبوون‌و مردن (ل14) .
مەبەست لە سەركردە : سەركردنە هێمای باشەو دانایی‌و بە جوانی بەڕێوەبردنی كارەكانێتی، رەفتاری باش بێت‌و زیرەك‌و كەس لە قسەی دەرنەچێت  (ل14) .
مەبەست لە سیستەمی گشتی : شێوەی رێكخستنی سوپاو دابەشكردنی بە شێوەیەكی دروستی یەكەكان‌و پلەی ئەفسەرەكان‌و چاككردنی رێگەكانی (امدادات) بە سوپا‌و كۆنترۆڵكردنی پڕی خەرجییە سەربازییەكان (ل14) .
پێویستە هەموو سەركردەیەك ئەم شارەزایی باشی لەم 5 فاكتەرە هەبێت ، ئەوەی ئەمانە بزانێت ئەوا سەركەوتوو دەبێت ، پێچەوانەی ئەمەش شكست دەهێنێت .
بۆیە لەكاتی راوێژو بیركردنەوەدا لە گۆڕەپانی جەنگ بەم پێنج فاكتەرە بەراوردی خۆت بە دوژمن بكە :
كامتان زیاتر پابەندن بە توخمەكانی یاسا ئاكارییەكان ؟ كام لە سەركردەكانی هەردوو لا توانایان باشترەو لێهاتوون ؟  فاكتەرەكانی زەوی و ئاسمان لە بەرژەوەندی كام لایەنە ؟ كام لایەن یاسا گشتییەكان بە وردی جێبەجێ دەكەن ؟ كام سوپا لەرووی ورەو جەستەیی‌و جبەخانەوە ئامادەن ؟ ئەفسەرانی كام سوپا زیاتر راهێنراوو ئامادەن ؟ كام سوپا زیاتر پابەندە بە بنەماكانی پاداشت‌و سزا ؟ (ل14-15)
لایەنێكی تر كە سۆن تزو بایەخی پێدەدات بریتییە لەوە كە سەركردە پێویستە لەسەر رۆشنایی هەلومەرجەكان پلانەكانی چاك بكاتەوە‌و ئەو راستییە بزانێت كە هەموو ئەو مەسەلانەی پەیوەستن بە جەنگەوە پشت بە هەڵخەڵەتاندنی بەرامبەر دەبەستێت (جەنگی هەڵخەڵەتاندن) . ((بۆیە ئەو كاتەی هێرش دەكەین، وا خۆمان پیشان بدەین كە ناتوانین هێرش بكەین .. ئەو كاتەش مانۆر‌و جوڵە بە هێزەكان دەكەین ، وا خۆمان پیشان بدەین كە تەمبەڵین، كاتێك نزیك دەكەوینەوە لە دوژمن ئەو وا بزانێت دوورین، كاتێكیش دوور دەكەوینەوە وا بزانێت نزیكین )) ل15 . بەردەوام ئیغرای دوژمن بكە ، وا دەربكەوە كە هەركێ‌ بۆ خۆیەتی‌و دواتر بە تەواوەتی لەناوی ببە . (ل15) . ئەگەر دوژمنەكەت زوو توڕە دەبێت ئەوا چكڵەچزێی بدە تا هار دەبێت ، خۆت وا دەربخە كە لاوازی تا هەڵە گەورەكە بكات (ل16) ئەگەر دوژمن ویستی پشوو بدات ئەو هەلەی پێمەدە . ئەگەر پشووت دا هەوڵدە لە كاتی پشۆكەت تەواو ماندووی بكەی (ل16) . ئەو كاتە هێرش بكە كە ئەو چاوەڕوانی ئە هێرشە نییە، لەو شوێنەش دەركەوە كە ئە پیشبینی نەكردووە لەوێ‌ بیت (ل16) .
ئەو سەركردەیە سەردەكەوێت كە ئیشێكی زۆری لە ژووری سەركردایەتی كردووە پێش دەستپێكردنی جەنگ ، ئەو سەركردەیەش دەدۆڕێت كە ئیشێكی كەمی لە ژووری سەركردایەتی كردووە (ل16) .

ئەمە بوختەی بەشی یەكەمە لە كتێبی هونەری جەنگی (سۆن تزو)

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق