05‏/06‏/2014

گۆڕانی كۆمەڵایەتی، (التغیّر الاجتماعی)، (Social change)


نووسین و ئامادەكردنی ئاسۆ وەهاب

تێبینی :(لە درك كردن بەوەی كە كوردەواری لە ئەمڕۆدا لەهەر كاتێك زیاتر پێویستی بە قسەكردنە لەسەر ئەو زاراوانەی كە وشەی (گۆڕان) پێكهاتەیەكی وشەسازی گرنگە لە دروستبوونی، ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانم بۆ ئەوەی لەسەری بنووسین‌و هەموومان لەسەر ئاستی كۆمەڵگەیی قسەی لەسەر بكەین ئەمەش لەبەر ئەو رووداوانەی كە حوكمی ئەم قۆناغە دەكات).


from google

دەستپێك

هەر لە كۆنەوە هەندێك لە مرۆڤەكان بڕوایان بە بیرۆكەی جێگیربوون‌و نەگۆڕینی بوون‌و كۆمەڵگا هەبووە، هەندێكیش قەناعەتی تەواویان بەوە هێناوە كە گۆڕانكاری‌و گواستنەوە وێنەیەكی جێگیرە لە تاك‌و گروپ‌و كۆمەڵگادا .
فەیلەسوفی یۆنانی (پارامنیدس) یەكێك بووە لەوانەی بڕوایان بەم جێگیرییە بووە، ئەو بڕوای وابووە كە:"بوون حەقیقەتێكی ئەزەلییە،حەقیقەتیش بوونەوەرێكی جێگیرو نەگۆڕە، گۆڕانیش بریتییە لە وهمێك لە وەهمەكان". (1)
 لەبەرامبەریشدا (هیركلیتس) فەیلەسوفی یۆنانی ئەو وتە بەناوبانگەی هەیە كە دەڵێت:"ئەستەمە بە هەمان شێوە كەسێك بڕواتەوە سەر رووبارەكە"(2) تۆ هەمان خۆت نیت‌و رووبارەكەش هەمان رووبار نییە، وەك ئاماژەیەك بۆ هەبوونی ئارەزووی گۆڕانكاری لە ناخی مرۆڤ‌و بووندا .
كۆمەڵناسی هاوچەرخ بڕوای تەواوی بەوە هەیە كە گۆڕانكاری، خەسلەتێكی دیاری هەموو كۆمەڵگایەكە‌و دیاردەیەكی باوە كە ناكرێت گۆمان‌و ترسمان بەرامبەری هەبێت، تەنانەت بابەتی گۆڕانی كۆمەڵایەتی بابەتێكی زیندووی كۆمەڵناسی هاوچەرخە كە زۆرێك لە توێژینەوەكان بۆ ڕامان لەم دیاردەیە تەرخان كراوە . بگرە زۆرێك لە زانستەكان وەك كۆمەڵناسی‌و ئەنسرۆپۆلۆژیاو مێژوو، ئەو راستییە پشتڕاست دەكەنەوە كە گۆڕان دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە (Social phenomenon) كە ریشەی مێژوویی وابەستەی دەركەوتنی مرۆڤە لەسەر زەوی . مرۆڤایەتی بە چەندان قۆناغدا تێپەڕیوە هەر لە قسەكردنەوە تا دۆزینەوەی ئاگر، ئینجا ماڵیكردنی ئاژەڵان‌و كشتوكاڵكردن‌و پاشان رێكخستنی كۆمەڵایەتی‌و ئاكارو دواتر گەیشتن بە داهێنانی ئامیرو شۆڕشی پیشەسازی‌و زانستەكان‌و ئینجا پەروەردەكردن‌و نووسین . كۆمەڵگاكان لە دۆخی بەراییەوە گەیشتوونەتە نیشتەجێبوون‌و دواتر مەدەنییەت .
میژوو پێمان دەڵێت كە مرۆڤایەتی لە كۆمەڵگەی بچووكەوە هەنگاوی ناوە (ئادەم‌و نەوەی یەكەم) پاشان پەرەیسەندووەو كۆمەڵگەی شارستانی وەك بابل‌و چینی‌و هیندستانی‌و فارسی‌و فیرعەونی‌و یۆنانی‌و رۆمانی و ...هتد دەركەوتوون، تا گەیشتووەتە مرۆڤایەتی هاوچەرج، گەشەی زۆرێك لەم كۆمەڵگەیانە لەسەر یەكتر بووە واتا گەشەیەكی ستوونی، بەمەش گۆڕان سروشتێكی زیندووی كۆمەڵگەیە .

دەلالەتی زاراوەیی (گۆڕانی كۆمەڵایەتی-  Social change)
أ‌-    بریتییە لە (ئەو گۆڕانانەیە بەسەر كۆمەڵگەدا دێت یان وەرچەرخانە لەلایەنێك لە لاەنەكانی كۆمەڵگە لەماوەیەكی دیاریكراودا) .(3)
ب‌-    (هەموو ئەو وەرچەرخانەیە لە رێكخستنی كۆمەڵایەتییدا روودەدەن، ئیدی لە بونیادی رێكخستنەكە بێت یان لە ئەركەكەی لەماوەیەكی دیاریكراودا. ئەم گۆڕانە كۆمەڵایەتییە شۆڕدەبێتەوە بۆ تەواوی پێكهاتەی دانیشتووانی كۆمەڵگاو كار دەكاتە سەر بونیادی چینایەتی، یان سیستەمە كۆمەڵایەتییەكەی یان شێوازی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها كاریگەری دەبێت لەسەر بەهاو ئەو پێورانەی كاریگەریان لەسەر رەفتاری تاكەكان هەیە، كە دەرئەنجام پێگەو رۆڵیان دیاریدەكات لە ئەو رێكخستنە كۆمەڵایەتیانەی كە ئینتمایان بۆی هەیە.(4)
ت‌-    (هەموو ئەو گۆڕنانەیە كە بەسەر بونیادی كۆمەڵایەتییدا دێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا، دەبێتە هۆی گۆڕان لە ئەرك‌و رۆڵ‌و بەهاو دابونەریت‌و شێوازە باوەكانی پەیوەندییەكانی ناو كۆمەڵگە) . (5)
پ‌-    بریتییە لە ( هەموو ئەوگۆڕانانەیە كە لە سیاقی كاتدا بەسەر رۆڵ‌و دامەزراوەكان‌و سیستەمەكاندا دێت كە بونیادێكی كۆمەڵایەتییان هەیە لە رووی دروستبوون‌و گەشەسەندن‌و لەناوچوونەوە ) . (6)
ج‌-    (گواستەوەیە لە سیستەمێكی كۆمەڵایەتییەوە بۆ سیستەمێكی كۆمەڵایەتی تر) . (7)

لەم پێناسانەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە (گۆڕانی كۆمەڵایەتی-  Social change) تەواوی ئەو وەرچەرخانانەیە كە لە بونیادی كۆمەڵایەتی لەماوەیەكی دیاریكراودا روودەدەن، ئیدی بە تەواوەتی بن یان بەشێك بگۆڕێت، ئەرێنی بن یان نەرێنی، بە مەبەست یان لەخۆوە بێت، پلان بۆ داڕێژراو یان هەڕەمەكی بێت، خێرا بێت یان لەسەرخۆ یان لە ناكاوەوە یان هەنگاوبە هەنگاو بێت، بەرەوە پێشكەوتن بمانبات یان دواكەوتن ...هتد .
ئەمەش ئەوە دگەیەنێت كە زاراوەی (گۆڕانی كۆمەڵایەتی-  Social change) زاراوەیەكە هەمان ئەو سێبەرەی نییە كە زارەكانی وەك پێشكەوتن-پەرەسەندن-نوێبوونەوە-شارستانییەت-گەشەسەندن-پەرەپێدان-شۆڕش-چاكسازی- دواكەوتن- خراپبوون هەیەتی،چونكە بەكورتی (گۆڕانی كۆمەڵایەتی-  Social change) هەموو ئەو وەرچەرخانەیە كە لە بونیادی كۆمەڵگادا روودەدات  .

(1)د. فاروق زكى يونس، الخدمة الاجتماعية والتغير الاجتماعي، ط2، قاهيرة، مصر، عالم الكتب، ل334.
(2) هەمان سەرچاوە : 334
(3) الدكتور شائم بن لافي الهمزاني، التغير الاجتماعي في منطقة حائل: دراسة علمية، 1410هـ/1990م. الإنترنيت، موقع: المعرفة (WWW.Marefa.Org).
(4)  الدكتور أحمد زكي بدوي، معجم مصطلحات العلوم الاجتماعية. ط 2. بيروت/ لبنان: مكتبة لبنان، 1406هـ/ 1986م/ 382.
(5) الدكتور إبراهيم بن محمد آل عبد الله، والدكتور عبد الله بن حمد الدليمي، علم الاجتماع للصف الثالث الثانوي. قسم العلوم الشرعية والعربية (بنين). المملكة العربية السعودية، 1430ـ 1431هـ/ 2009م - 2010م، ص 91.
(6) الخدمة الاجتماعية والتغيّر الاجتماعي/ 343.
(7) التغير الاجتماعي في منطقة حائل، الإنترنيت، موقع: المعرفة  (WWW.Marefa.Org)

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق