Pages - Menu

29‏/08‏/2014

لەئەنفالەوە بۆشەنگال ( لەبەعسیزمەوە بۆداعشیزم)!!


بە پێنووسی : جەمال حسێن

كۆچی ئێزیدییەكان   ... لە PUKmedia وە 


تراژیدیای شەنگال، ئەگەر وەكو ژمارەش بارتەقای ئەنفال گەورەنەبێ، بەڵام لەزۆر روی ترەوە لەو دڕندانەترو بەربەری ترە، بێ شەرمانەترو ئاشكراترە. ئەگەر ئەنفال دەسكەوتی ناسیۆنالیزمی توندرەو و فیكری فاشیانەی بەعس بێت، ئەوا جینۆسایدی یەزیدیەكانی شەنگال و مەسیحیەكانی دەشتی موسڵ، ڕاستەوخۆ بەرهەمی فیكری ئاینی دەشتەكی و پەرگیری عەرەبیە، لێكەوتەی ئەو گوتارە دۆزەخیەیە كە ساڵانێكی زۆرە لەرێگای سەدان و هەزاران كەناڵی جیاوازەوە ئاودەدرێ. قسەیەكی بەربڵاو هەیە دەڵێ تیرۆر بە فیكر دەست پێدەكات، واتە سەرەتا فیكرێكی توندڕەو هەیە، ئەوجار توندڕەوی وەكو دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی رودەدات. سەرەتا وێنەیەكی ناشیرین و قێزەون لەسەر پێكهاتەو لایەنێك هەیە، ئەوجار هێزێك دێت پەلاماری دەدات، سەرەتا لەشەستەكانەوە سەید قوتب تیۆررەی تیرۆردەكات، دوای ئەو گروپە تیرۆریستەكان دەردەكەون، یەكەمجار گوتارێكی مەرگدۆست و سامناك هەیە، دوای ئەوە روداوی وەكو ئەنفال و شەنگال. پێش ئەوەی نازیەكان دەست بكەن بەجینۆسایدی جولەكە، لەئاستی فیكردا نازیزم ئەوەی یەكلاكردبۆوە كە جولەكە دوژمنەو مەترسیەبۆسەر رەگەزی ئاری و شەیتانی وێنەبەهەشتیەكانی ئەوانن، پێش ئەوەی بەعسیش پەلاماری كوردستان بداو ئەنفالمان بكات، لەسەر ئاستی تیۆریەوە وێنەی دوژمنی بەكوردبەخشیبو، ئێمە ئەوسا لەدنیابینی بەعس و ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەگشتی، بەكرێگیراوی ئیمپریالیزم و هێزی دەرەكی بوین، پێكهاتەیەكی شەرانگێزو مەترسی بوین بۆسەر ئەوەی لەئەدەبیاتی بەعسیدا بە یەكێتی ئومەی عەرەبی و عێراق ناسرابو. بەهەمان شێوە داعشیش بەر لەوەی ژنانی یەزیدی بەكۆیلەبكاو پیاوانیان سەربڕێ، دەمێكە لەو گەناوە ئاو دەخواتەوە كەئەمانە كافرن، شەیتان پەرست و دوژمنی خوای ئیسلامن. تێروانینی بەعسیانە بۆ كورد و ناوچە كوردستانیەكان، پاشخانێكی فیكری دورودرێژو پشتیوانیەكی فراوانی هەبو لەهەمو ئاستێكدا. دەیان ناوەندی هەمەجۆری جیهانی عەرەبی لەپشت ئەم گوتارەی بەعسەوە وەستابون، ئەقڵیەتێكی بەهێزترو بونیادێكی عەقڵی گەورەتر لەخودی بەعس كاری بۆئەم دۆزەخە دەكرد كەدواتر بەعسیەكان بۆ كوردیان ئەفراند، بەكورتی بەعس هێزێكی بێ مێژو نەبوە، بەهەمان شێوە داعشیش. ئەوەی لەشەنگالیش رویدا، روداوێكی راگوزەرنیە، شتێك نیە لەبۆشاییەوە هاتبێ، كارەساتێك نیە پەیوەندی بە توندرەوەی چەند كەسێك و گومرایی بزوتنەوەیەك و پەرگیری هێزێكەوە هەبێ بەتەنها، بەڵكو درێژكراوەیەكی راستەوخۆی كەلتورێكی مەرگدۆست و تەكفیریە، دەرەنجامی ئەقڵیەتێكی ئاینیە كەڕەگوریشەكەی بۆهەزارساڵ زیاتر دەگەرێتەوە. كەلەسایەی جەنگ و ململانێی سیاسی مەزهەبی و ستەمكاری لەم ناوچەیە ساڵانێكە ئەم قوتابخانە ئاینیە قوڵپەدات و لەسەر ئەوئاگرە دەكوڵێ. ئەوانەی داعش بەهێزێكی بێ باوكی فیكری دەبینن، ئەوانەی دەیانەوێ واوێنای كارەساتی شەنگال بكەن، وەك ئەوەی پەیوەندی بەئەقڵیەتێك و گوتارێك و فیكرێكەوە نیە، ئەوانەی دەیانەوێ بڵێن داعش تەنها نوێنەرایەتی خۆی دەكات، یان ناوێرن و غیرەتی ئەوەیان نیە خۆیان بخەنە بەرئاوێنەی حەقیقەت تا وێنەی داعشی خۆیان نەبینن، یان بێ ئەنداز سادە و ساكارن، بەجۆرێك كەمایەی غەمباریەكی زۆرن. بالەبەراوردێكی خێرای نێوان دوخەلیفەو دوكولتوری ئیسلامیەوە ئاور لەوراستیەبدەینەوە كە داعش رەگ و ریشەی لەمێژودا چەند قوڵ و پتەوە، كەئەویش پرۆژەی مەئمون ( 170_218كۆچی) و متەوەكیل (205_247 كۆچی)ە. ئەم دو دەسەڵاتدارەی مێژوی ئیسلامی، سەرباری ئەوەی هەردوكیان لەیەك بنەماڵەن و لەسەردەمی خەلافەتی عەباسی دو دەسەڵاتدار بون، بەڵام لەناوەرۆكدا خاوەنی دوخەیاڵدان و دو دنیابینی تەواو جیاوازو ناكۆك بوون لەناو یەك فەزای ئیسلامی و یەك كۆمەڵگادا. یەكەمیان بایەخی بە خوێندەوارانی ئەوسەردەمە دەدا كە بە (ئەهلی كەلام ناسراون) ، كاری لەسەر وەرگێرانی ئەدەبیاتی فیكری مرۆیی كۆمەڵگاكانی ئەو سەردەمەدەكرد بۆ سەرزمانی عەرەبی لەهەمو بوارەكانی ئەدەب و فەلسەفەو كیمیاو فەلەكناسی و پزیشكی جوگرافیا، هەر لەسەردەستی ئەو( زانكۆی بیت الحكمە) لەبەغدا دامەزرا، نوێنەری تایبەتی خۆشی بۆ یۆنانی و ناوچەكانی تر نارد تا لەوێوە بەرهەمە فیكریەكان كۆبكەنەوەو بیهێننەوە بۆ قەڵەمرەوەكەی، تا پاش وەرگێرانیان بكرێنە كەرەستەی گەشەپێدانی فیكری. بەپێچەوانە سنوری بۆ دەسوەردانی پیاوانی ئاینی تەقلیدی لەدەسەڵات و كۆمەڵگادا دانابو، لایەنگرێكی سەرسەختی بزوتنەوەی موعتەزیلەكان بو، كەئەمانە هەڵگری پەیامی بەئەقڵانیكردنی ئاین و پاككردنەوەی بون لە خورافات. لەسەردەمی ئەم خەلیفەیە دامەزراەوەی تایبەت بەوەرگێڕان دامەزراو سەدان بگرە هەزاران كتێب لەزمانە بیانیەكانەوە كران بەعەرەبی. بەمەرگی ئەو و هاتنی متەوەكیل، ئەم پرۆژەیە هەڵگەرایەوە، لەم كودەتا ئەبستۆلۆژییەی متەوەكیل، فەلسەفەو فەلەكناسی و كیمیاو وەرگێران قەدەغەكرا، بەپێچەوانەوەئەم ( ئیبن حەنبەل) ی لەزیندان دەرهێناو و ئەویش فەتوای كافربونی موعتەزیلەی دەركرد و زانستی كەلامی قەدەغەكرد، هەرلەوسەردەمە جارێكی تر لە قەڵەمرەوی ئەمەویدا پەلاماری شیعەكان درایەوەو باقی ئاینزاو ئاینەكانی جیاواز بەبیروباوەری حەنبەلی قەدەغەكرا، مەرقەدەكانی شیعە روخێنران، مەسیحیەكان باجی قورس و یاسای توندیان بۆدەركرا، جەم ئەو كەسانەی لەپۆست و دەسەڵاتەكانیان دورخستەوە كە موسڵمان نەبون، یەكەمین خەلیفەش بو بریاری دا كەهەركەس موسڵمان نیە دەبێ جلێك لەبەربكات كەبەهی موسڵمانان نەچێ، تا دیاربن و بەئاسانی كۆنترۆڵبكرێن، بۆ جێ بەجێكدرنی ئەم بریارەش یەكەمین خەلیفەبو هێزێكی تایبەتی دروستكرد بۆ چاودێری كردنی ئەوانەی موسڵمان نین، تا بەتوندترین شێوە بچەوسێنرێنەوە. هەر لەسەردەمی ئەو پرۆژەی كۆكردنەوەی فەرمودەش دەستی پێكرد وەكو بەرفراوانترین پرۆژەی ئەبستمۆلۆژی، كەجۆرج تەرابیشی ناوی لەم پرۆسەیەناوە ( بەفەرمودەكردنی قورئان) واتە مەعریفەی ئاینی لە ئیسلامدا، لەمەعریفەیەكی قورئانیەوە گۆردرا بۆ مەعریفەیەكی فەرمودەیی، كەئەمە ناوەرۆكی كتێبە قەبەو قوڵەكەیەتی وەكو هەرلەناونیشانەكەیەوە دیارە ( من اسلام القران الی اسلام الحدیپ). كۆتای هاتنی پرۆسەی وەرگێران و نوسینی فیكری لەبواری زانستە دنیاییەكاندا، بەپێچەوانەوە دەسپێكردنی زاڵبونی پیاوانی ئاینی بەسەر دینداری میلیدا، تەنها روداوێكی سیاسی نەبوە و بەپشتوانی متەوەكیل، بەڵكو كۆتای هاتنیش بوە بەپرۆژەی كرانەوەی ئاینی و لێبوردەیی و بەیەكەوە ژیان، ئەو دەرگایەی بەقفڵی موقەدەسی ئاینی داخست، كە ئەگەری ئەوەی لێدەكرا تەكانی گەورە بەكۆمەڵگای ئیسلامی بدا. لایەنگری متەوەكیل بۆ توندڕەوی ئاینی، گەیشتە ئاستێك كەئەو یەكەمین خەلیفەیە لەسەر مەزهەبێكی فیقهی ئاینی ساغ ببێتەوە، كەئەویش مەزهەبی شافعیە، كەهێشتا حەنبەلی نەببو بەمەزهەبێكی فیقهی، وەبگرە ئەو بۆچونەكانی خۆی لەراستیدا وەكو مەزهەبێك لەمەزهەبەكان و رایەك لەراكان نەدەخستەرو، بەڵكو وەكو حەقیقەتی خودی ئاینی و تاكەرێگای چونە بەهەشت و گروپی رزگاربو لە دۆزەخ دەناساند، ئەوەی لە كەلەپوری ئیسلامیدا بە ( الفرقە الناجیە) ناسێنراوە. بەڵام لەقۆناغەكانی دواترداو بەتایبەت لەسەرەستی كورەكەی، كرا بەدواین مەزهەب، لەكاتێكدا كە مەزهەبی حەنبەلی كەلەهەمانكاتدا توندرەوترین و پەرگیرترینیانە، یەكەمین مەزهەبیشە بیروباوەری ئاینی و فەرمودەی كردبێتە چەقی كارەكانی، بەتایبەت بەبەراورد بەمەزهەبی حەنەفی. كە كار گەیشتە ئەوەی لەسەر هەمان رێرەو ئەبوخەتیبی بەغدادی كە حەنبەلیەكی كۆنە، هات و مەزهەبی ئەبو حەنیفەی تەكفیر كردو مەزهەبەكەشی بەمەزهەبی ئەهلی زەندەقە ناوبرد. ئەمەش پەیوەندیەكی راستەوخۆی بەو ناكۆكیە قوڵەوە هەیە كەلەنێوان ئەبستمۆلۆژیای ئاینی نێوانی ئەم دومەزهەبەوە هەیە، یەكەمیان لەفەلەكی قورئاندا دەسوڕێتەوەو دوەمیشیان لە فەلەكی فەرمودە، دەرەنجامی ئەوەش هەر بۆنمونە لەمەزهەبی یەكەمدا مرۆڤ بەنوێژ نەكەردن كافر نابێت و لەهی دوەمیاندا نەك كافرە بەڵكو كوشتنیشی حەڵاڵە. لەمەعریفەی ئاینی حەنەفیدا، كردەوە بەشێك نیە لەئیمان، واتە مرۆڤ دەكرێ بواداربێت بێ ئەوەی پەرستنە ئاینیەكان جێبەجێبكات، لای حەنبەلی راست بەپێچەوانەوە، بێ كرداری ئاینی مرۆڤ نابێتە بروادار، لێرەوەیە حەنەفی بە جەهمی تۆمەتباردەكرێ، واتە ئەوانەی چەقی ئاینداری دەبەستنەوە بەروحەوە، بە دڵی ئیسانەوە نەك بە سیماو شكل و پەرستنەوەوە. بەشێكی زۆری ئەم ناكۆكیە فیكریە بۆ مامەڵە لەگەڵ فەرمودە دەگەرێتەوە، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە ئەبوحەنیفە لەكۆی شەرعناسی و ئاینزای خۆیدا كەمتر پشتی بە فەرمودە بەستوەو حەنبەلیش كردویەتی بە مەرجەعی سەرەكی. لەكەلەپوری ئیسلامیدا، حەنەفی بە مەزهەبی ( اهل الرئی) دەناسێنرێ، واتە ئەوانەی پشتیان بە راو بۆچونی خۆیان بەستوە زیاتر، مەزهەبی حەنبەلیش بە هی ( اهل الحدپ)، كە ئەوانەن هەموشتێك دەگێڕنەوە بۆ فەرمودەو دەقی ئاینی، كەئەمە بنچینەو بناغەی یەكەمی دەركەوتنی سەلەفیەتە لەمێژوی ئیسلامیدا. هەربۆیە حەنبەلی ئە ئیمامی ئەهلی سونە ناسراوە، واتە رابەری پشتیوانی و سەرخستنی فەرمودە. هەرئەوەندە بەسە لێرەدا ئەوە بزانین كە سەرباری ئەوەی حەنەفی بەپێی چەند سەرچاوەیەك زیاتر لە دە ئەسحابەی بینیوە، بەڵام سەرباری ئەوە تەنها چەند فەرمودەیەكی لێ دەگێرنەوە، بەڵام حەنبەلی كە زیاتر لەسەد ساڵ دوای ئەو هاتوە، وەلانی كەم دوسەد ساڵ دەكەوێتە نێوان خۆی و سەردەمی پێغەمبەر بەڵام تەنها لە كتێبی موسنەدەكەیدا، زیاتر لە چل هەزار فەرمودەی بەناوی پێغەمبەرەوە نوسیوە. لەدوای ئەم گۆرانەوە لەفیكری ئیسلامیدا بەپشتیوانی دەسەڵاتداران و لەماوەیەكی دورو درێژدا، گوتاری ئیسلامی لەگوتارێكی كراوەو نەرمەوە گۆڕدرا بۆ گوتارێكی توندرەو زبر، ئیدی قۆناغی زاڵبونی فەرمودەناسەكان دەستی پێكرد، سەردەمی وەرگێران و ئەدیب و فەلسەفەكاری بەرەو كۆتای چو. تاكار گەیشت بەوەی كاتێك (القادر بالله) بو بەخەلیفە، كەبۆماوەی چل ساڵ فەرمانرەوایی كرد، هەرلەسەرەتاوە نوسراوێكی بڵاوكردەوە بە ( العقیدە القادریە) ناسراوەو لەناوەرۆكدا بەرگریەكی توندو بەهێزە لە بیرو باوەری حەنبەلی و پەلامارێكی سەختی بیری موعتەزیلەیە، كە لێكۆڵیارانی كەلتوری ئاینی بەرۆشنبیران سەدەكانی ناوەراستی ئیسلامی دەیانناسێن. لەدوای ئەوەوە كتێبەكانی موعتەزیلە ئەوانەی شاردرابوەنەوەو بە نهێنی هەڵگیرابون، هەمو یان سوتێنران، فەلسەفە بەیەكجاری قەدەغەكرا، پاشماوەكانی فەلەكناس و ئەهلی كەلام یان تۆبەیان پێكرا یان كوژران یان ئەتكیانكردن. جۆر تەرابیشی لەوتاری ( من قتل الترجمە فی الاسلام) دا، ئەو راستیە یەكلادەكاتەوە كەدوای هاتنی القادر تا سەدەی دوانزەی كۆچی، واتە زیاتر لە حەوت سەد ساڵ تەنها دوكتێب وەرگێردراوە بۆسەر زمانی عەرەبی، ئەویش لەچوارچێوەی ئەدەبیاتی سیاسی دابون. واتە لەم ماوە زۆرەدا تەنها یەك كتێب لە هیچ بوارێكی زانستە دنیاییەكانەوە وەرنەگێردراوە بۆسەرزمانی عەرەبی، بەپێچەوانەوە لەماوەی ئەو حەوت سەدەیەدا بەهەزاران كتێبی ئاینی ئیسلامی لەلایەن پیاوانی ئاینی توندرەوەوە نوسراوە، هەرهەموشی لەچوارچێوەی گوتاری حەنبەلی توندرەودابوە بەتایبەت لە باسی بیروباوەری ئیسلامیدا، ئەمە جیالەوەی مینبەری هەمو مزگەوتەكانی سنوری قەڵمرەوی خەلافەت، بۆ بیروباوەری خەلیفە قۆرغكرابو، كەبیروباوەری حەنبەلی بو. ئەگەر شافعی بەنوسینی كتێبی ( الرسالە) بوبێتە خاوەنی یەكەمی نوسین لەبواری ئسوڵی فیقهیدا، ئەوا حەنبەلی بەنوسینی چەند كتێبێكی بیروباوەری ئیسلامی، لەوەڵامی موعتەزیلەو گروپەكانی تریش، ئەوا دەبێتە دامەزرێنەری راستەقینەی بیروباوەری ئیسلامی توندرەو و ئەرسەدۆكس. لەسەردەمی عەباسیدا ئیبن تەیمیەو ئیبن القیم بە دو زیندوكەرەوەی كەلتورو قوتابخانەی حەنبەلی دادەنرێن، بەهاتنی محەمەدی كوردی عەبدالوهاب لە كەنداو لەسەردەمی عوسمانیەكاندا، جارێكی تر وزەیەكی بەهێز بەخشرایەوە بەم گوتارە، بەتایبەت دوای ئەوەی دەوڵەتی سعودیا لە ئەنجامێ رێكەوتنی نێوان خێڵە بەدەویەكانی حیجاز بەتایبەت ( ئال سعود) و بزوتنەوەی وەهابی دروستكر، لەو رێكەوتنەی كە بە رێكەوتنی (درعییە) ناسراوە لەساڵی 1744. كە بەپێی ئەم رێكەوتنە دەسەڵات و مافی كۆكردنەوەی خەراج و غەنیمە بۆ خێڵی ( ئال سعود) بەجێ دەهێڵرێ و ئاینیشی بۆ پیاوانی ئاینی وەهابی. دۆزینەوەی نەوت شەپۆلی ملیارا دۆلار بۆ ئەم وڵاتە، چانسی ئەوەی كردەوە كە گوتاری وەهابی بەهەمو جیهاندا بڵاو بێتەوە، ئێستا هەزاران ناوەندی گەورە بەسەتەلایت و كەناڵی راگەیاندن و زانكۆو پەیمانگا لەخزمەتی پەخشكردنی فیكری وەهابین. فیكرێك كەبەچاوی كافرو دۆزەخی سەیری هەر ئاین و ئاینزایەك دەكات كە دەقاق‌و دەق بەخۆی نەچێ، فكرێك پێی وایە پردی سیرات ئەوەندە باریكە، هەركەس لەدنیا بەبچوكترین دنیابین و بیروباوەری ئەوان جیاوازبێت، دەكەوێتە خوارەوە. ئەم گوتارە بەتەواوی لەپشت قاعیدەو داعش و ئەو كارەساتەشەوە دەوەستێ كە لەشەنگال رویدا. كوشتنی یەزیدی و بەكۆیلەكردنی ژنەكانیان و تاڵانكردنی سەروماڵیان، لەچوارچێوەی ئەم گوتارەدا واجبێكی ئاینی و حەقیەتێكی ئاینیە. بگرە مێژوی ئەم گوتارە لە ئیبن حەنبەلەوە تا ئیبن تەیمیەو تا وەهابی، هیچ نیە جگە لەسەرفكردنی توانایەكی زۆر بۆ شەرعاندنی ئەم كارەستانە، مێژوی ئەم گوتارەش پرە لەو كارەساتانەی هاوشێوەی شەنگالن. هەرەوەندە بەسەر لێرەدا سەرنجی خوێنەر بۆتەنها كتێبێكی ئەم كەلتورە رابكێشم، كە كتێبی ( احكام اهل الزمە ) ی ئیبن القیمە، كە لەسەرەتاوە تاكۆتای كاركردنە لەسەر سوكایەتی و رەوایەتیدان بە كوشتنی پیاوانی ئەوانەی موسڵمان نین و بەكۆیلەكردنی ژنەكانیان. تەنها ئەم كتێبە سەدان جار چاپكراوەتەوەو لەبەشێكی زۆری ئەو ناوەندانەی وەهابی وەكو مەرجەعێكی گرنگی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن زانستە شەرعیەكان دەخوێنرێ. لێرەوە تراژیدیای شەنگال دەسكردی گروپێك نیە بەتەنها، بەڵكو دەرەنجامی كەلتورێك و گوتارێكی بەهێزە. وە ئەگەر جەنگیش لەگەڵ داعش بە چەك و فرۆكەبێت، ئەوا جەنگ لەگەڵ كەلتوری داعشیزم لە مێژودا بەفیكرو بەئەقڵ دەكرێ، كەئەمە بەپلەی یەكەم ئەركی ئاینناس و پیاوانی ئاینی ژیان دۆست و مرۆڤ دۆستە. كە ئەم كارە لەكەلتوری خۆرئاوایدا بە ( ریفۆرماسیۆن)ناسراوە، واتە چاكسازی ئاینی. كەلەجەوهەردا رزگاركردنی دەقی پیرۆزە لەتەفسیری ناپیرۆز، جیاكردنەوەی پێدراوی خواییە لە لێكدانەوەی مرۆیی، دورخستنەوەی ئاینە لەوەی بكرێتە ئایدۆلۆژیایەك بەدەست پیاوانی ئاینیەوە، رێگەنەدانە بەوەی ئاین بكرێتە گوتارێك، لەبری موژدەی بەهەشت، مەترسی دروستكردنی دۆزەخ بەرهەم بێنێ.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق