ئاسۆ وەهاب
میدیای نوێ ئەو ئامرازەیە كە بەكاری دەهێنیت بۆ بەرگریكردن لە خۆتو بەدەستهێنانی مافەكانت ، ئەم ئامرازە لەوانەیە لە شەوو رۆژێكدا ببێتە چەكێكو بچێتە خوێنیت .
لەماوەی رابردوودا گەنجان ئەم ئامرازەیان بۆ جۆشدانو هێنانە سەر شەقامی خەڵك بەكار هێنا، تەنانەت لە 5 وڵاتی عەرەبیدا بووە مایەی لە گۆڕنانی 5 دكتاتۆر، هەر ئەم ئامرازە خەریكە دەبێتە هۆی نانەوەی بشێوی و دووبەرەكی لەنێوان رۆڵەكانی ئەو وڵاتانە بەتایبەت (دووبەرەكی تایفی) .
وێنەكە لە گوگڵەوە وەرگیراوە |
لە ئەمڕۆدا فەیسبوكو تویتەر بوونەتە مینبەرن بۆ دووبەرەكی نێوان رۆڵەكانی یەك گەل رۆژانە بەكارهێنەرە نەخۆشەكانی تۆی دووبەرەكیو ژهر دەرێژنە شادەماری زیندوویەكیو مرۆڤدۆستی گەل، لەنێو ئەم ژاوەژاوەدا هیچ گروپێك تانەو تەشەر نەماوە نەیداتە پاڵ ئەوی تر ، خیانەتكارو بێدینو كوشتنی هزرو بیروڕای ئازادو ...هتد .
لەگەڵ تەشەنەكردنی ئەم دیاردە قیزەونە بە باشی دەزانین ئەم راسپاردانە بخەینەڕوو لە پێناو پاراستنی ئاشتەواییو تەبایی نێوان تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بە جیاوازی بۆچوونو بیروِای سیاسیو ئایینیو مەزهەبیو ئایدۆلۆژییانەوە .
راسپاردەی یەكەم : هەوڵدە دەمت داخەیت !
لە هەلومەرجی بشێوی سیاسیو كۆمەڵایەتی .. زۆرجار تۆ هیچ تێناگەیت ، هەروەها نازانیت چی لە دەورووبەرت دەگوزەرێت، چونكە لە وڵاتێكی شەفاف ناژییت . ئەوەیان كێ كردیو بۆ چی كردی و چۆن كردی ...؟ ئیتر بۆ دونیات پڕكردووە لە ژاوەژاو ؟! بۆ چی تۆزێك ئارام ناگریت ، هەندێك چاودێری دۆخەكە بكە باشترە لەوەی وێنەو ڤیدیۆو پۆستی دوور لە راستی بڵاوبكەیتەوە لە فەیسبوكو تویتەرو مسداقییەتی خۆت لەدەست بدەی ؟! بڕوا بكە پابەندبوونت بەم راسپاردەوە ئارامی دەرونیت پێدەبەخشێت . ئەوەیش بزانە لەوانەیە ئەو پۆستەو وێنەو ڤیدیۆ ساغتەیەی بڵاویدەكەیتەوە رووبەڕووی یاسات بكاتەوە یان ببێتە مایەی خۆێنرشتنی كەسێك یان دەیان كەس .
راسپاردەی دووەم : جەخت بكەرەوە لە راستیو دروستی زانیارییەكانت ..
كوردەواری وەتەنی "ئاگر نەچێت لە عومرتو ئارام بگرە" هەر زانیارییەك بە دڵتە یەكسەر بڕوای پێدەهێنیتو بڵاویدەكەیتەوە، هەر زانیارییەكیش بەدڵت نییەو دوورە لە بۆچوونتەوە پشتگوێی دەخەیتو ئەو كەسەی بڵاویكردووەتەوە بە نەزانو خائین لە قەڵەم دەدەیتو توڕەبوونی خۆت دەڕژێنیتە سەری . بە ئەرك نەبێت دڵنیابە لە سەرچاوەی هەواڵەكەت ، بە پێی ستاندارتو رووپێوییەكان دەركەوتووە 9 لە 10 پۆستەكانی تویتەرو فەیسبوك هەواڵی ساغتەو دوورن لە راستی ، خەڵكانێك بڵاویدەكەنەوە لەماڵەوە دانیشتوون لەبەردەم سپلتو هیچ شتێك بەلایانەوە گرنگ نییە با هەر خەڵك بكوژرێت .
هەر وێنەو ڤیدیۆیەكت بینی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەوا سەرەتا بەدوای سەرچاوەكەی بگەڕێ ، ئەگەر ناوی سەرچاوەكەت دۆزییەوە بگەڕێ بەدوایدا زانیاری لەبارەیەوە بزانە، ئەگەر هیچ سەرچاوەیەكت بۆ هەواڵەكە نەدۆزییەوە، ئەوا وا خۆت نیشان بدە كە هەر هیچت نەبینیوە ..ئارام بگرە تا سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراو پشتڕاستی دەكاتەوە . ئەوەیش بزانە مافی دەستكاری وێنەو ڤیدیۆت نییە لەیەك حاڵەتدا نەبێت ئەویش ئەگەر خاوەندارێتی بۆ خۆت بگەڕێتەوەو تۆ خۆت گرتووتە یان تۆمارت كردووە .
راسپاردەی سێیەم : هاوڕێتی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە ..
هاوڕێی خۆشەویست ئەوەیە كە لەخۆشیو ناخۆشیدا پشتو پەنات بووە، بۆیە ناكرێت بە هۆی جیاوازی بیروڕای سیاسیو فیكری لەدەستی بدەیت، ئەستەمە لە كاتی بارگرژییە سیاسییەكاندا لە پێناو پۆستێك لە فەیسبوك یان تویتەر كە لەوانەیە وایش نەبێت دڵی چەندان هاوڕێی نزیك بڕەنجێنیت .
راسپاردەی چوارەم : خۆت دوور بگرە لەو گفتوگۆیانەی كە بێمانان یان كەشە گشتییەكە لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی ..
گفتوگۆ بێماناكانی سەر تویتەرو فەیسبوك زەمینەن بۆ نانەوەی بشێویو ئاژاوەی كۆمەڵایەتیو سیاسیو ئایینی، كە زۆرجار لە فەزای ئەلكترۆنییەو دەگوازرێتەوە بۆ سەر زەمینەی واقیع . هەتا چكڵەچزێی بەرامبەرت بدەیت، زیاتر بارگرژی دروست دەبێتو تووڕەی دەكەیت ، بۆیە ئەگەر لەسەر راستیش نەبێت ئەوا واز لە بۆچوونەكەی ناهێنێت .. زیاتر توڕە دەبێت .. شێتو هار دەبێت .. بكەویتە دەستی دەتكوژێت . بۆیە هەمیشە ئارام بە لە گفتوگۆكردن .
راسپاردەی پێنجەم : رێز لە بۆچوونو بیروڕای ئەوانی تر بگرە .
هەوڵدە بەهەر رێگەیەك بێت ئەوەی بەرامبەر تێبگەیەنیت گە پەروەردگار ئێمەی بە جیاوازی دروستكردووە ، لە هەموو شتێكدا جیاوازین ، ژیان چ مانایەكی هەیە ئەگەر هەموومان هەڵگری یەك بیروبۆچونو یەك شێوە بیركردنەوە بین .بۆیە كاتێك هاوڕێیەكت پۆستێك دادەنێت كە رەنگدانەوەی بیربۆچوونو ئینتمای سیاسیو مەزهەبی خۆیەتی هەوڵدە بە شێوەیەكی ئارام گفتوگۆی لەگەڵ بكەیتو بڕوای تەواویشت بەوە هەبێت كە هەمووان ئازادن لەخستنەڕووی بیروبۆچوونو ئینتمای تایبەتی خۆی .هەرچەندە رەنگە بە دڵی تۆ نەبێت بەڵام ئەوە مافی ئەوە هەر وەك چۆن تۆ مافی ئەوەت هەیە بیروڕاو بۆچوونی خۆت بڵاو بكەیتەوە .
راسپاردەی شەشەم : خۆت لە گشتاندن بەدوور بگرە ..
یەكێك لەو دیاردە كەلتورییە بێكەڵكانەی پێوەی دەناڵێنین، هەر كە وێنەیەكت بینی یان ڤیدیۆیەك، ئیدی ئەوەی بڵاویكردووەتەوە سەر بە هەر ئایینو مەزهەبو ئایدۆلۆژیاو پارتێكی سیاسی بێت ، راستەوراست یەكەم پەرچەكردارمان گشتاندنیەتی بەسەر تەواوی لایەنگرانی ئایین یان مەزهەب یان پارتی سیاسییە ، ئایا هەر "پێنج پەنجەی دەست وەك یەكە" تاوانی من یان تۆ چییە كە هەڵگری فیكرێكی دیاریكراو یان ئینتمایەكی سیاسیمان هەیەو لاینگرێكی تاوانبارو زماندرێژو گەندەڵی هەیە ؟ ئایا دەكرێت هەمان ناوو ناتۆرە بدەنە پاڵی تۆ یان من . ئەی ناڵێن "عیسا وه پای خۆی مۆسا وە پای خۆی" .
راسپاردەی حەوتەم : هیچ پۆستو وێنەو ڤیدیۆیەك بڵاو مەكەرەوە كە هاندانی تێدا بێت ..
هەرچۆنێك بێت خۆت بگرەو هیچ هەواڵێك بڵاو مەكەرەوە هاندانی تێدا بێت بەتایەت ئەگەر (Admin) لاپەڕەیەك یان گروپێك بوویت یان فۆلۆیەكی زۆرت هەبوو . بڵاوكردنەوەی هەر پەیامێكی هاندان لەوانەیە هانی دیان گەنج بدات رەفتارێكی حیساب بۆ نەكراو ئەنجام بدەن كە دەرئەنجامەكەی مەترسیدارانە كۆتایدێتو جەنابتیش لەماڵەوە دانیشتوویو ئاگات لە دونیا نییە بۆیە وریا بەو بزانە چی بڵاو دەكەیتەوە .
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق