Pages - Menu

04‏/07‏/2013

خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی ئەنفال، حیكایەتەكان لە زەمەنێكی دابڕاو

پاش (چەند حاڵەتێكی زۆر كوردانە)، لە رێگەی (ئەنفال، حیكایەتەكان لە زەمەنێكی دابڕاو) جارێكی تر خالد سلێمان، رووناكبیری كوردی گەرمیانی دوور لە جوگرافیای گەرمیان دەبێت بە یادەوەری وحیكایەتخوانی سەردەمە تاریكەكانی ئەنفال .
دابڕانی خالد لەو جوگرافیایەی كە ناو بەناو بۆی دەگەڕێتەوە، بۆ تێركردنی غەریزە مرۆییەكانی پەیوەست بوونی مرۆڤ بە شوێنەوە، هەمان ئەو هەستەیە كە ئەنفالبوویەك ئیحساسی كردووە، لە زەمەنێكی رابردوو لە جوگرافیایەكی تازە كە ئەو دەم دەسەڵاتداریەتی بەعس داهێنانی كردووە، لە دامەزراندنی جوگرافیایەكی لەو ستایڵە، ستایڵێك كە لەسەر بنەمایی تەسكی وراوەستانی یەك لەدوایی یەك ویەك لەشان یەك دامەزراوە، بەو جیاوازیەی كە ئەوان –ئەنفالكراوەكان- لە رووی جەستەییەوە ئەوەیان چێشتووەو بونەتە هێما بۆ مەزڵومییەتی نەتەوەیەك، لەبەرامبەریشدا خالد سلێمان لە رێگەی ئەزموونی خۆی وحیكایەتخوانە دەربازبووەكان لە جەهەنەمی ئەو جوگرافیایایەو دۆكۆمێنتە قاڵبووەكان بەفرمان وپێداگری لەسەر لە ناوبردنی نەتەوەیەك هەست پێدەكات وكردووە .
(ئەنفال، حیكایەتەكان لە زەمەنێكی دابڕاو) دووەمین تێكستە كە خالد سلێمان پێی وەرگری عارەب دەخاتە بەردەم ئەو حەقیقەتانەی كە تاهەنووكەش زۆرێك لە ژێر دروشمی جۆراوجۆردا بڕوایی پێناكەن، یان خود نایان دەوێ‌ بڕوا بەتاوانەكانی رژێمێك بكەن كە تا زەمەنێك لەمەو پێش پارێزەری دەرگایی رۆژهەڵاتی نیشتمانی عارەب بووە، یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی ئەم تێكستە كە خوێنەری عارەب پەلكێش دەكات بۆ بەردەم دەروازەكانی حەقیقەت و وای لێدەكات ساتەكانی رووداوەكە بژێت و ئازارەكانی بچێژێت، ئەو شێوازە سینۆگرافییەیە كە خالد لە باگراوندی ئەكادیمی خۆیەوە وەكو شانۆكارێك خواستوویەتی و كاری لەسەر كردووە، لەهەمان كاتدا دەبێت ئەوە لە یاد نەكەین كە خالد سلێمان ئەو ئەزموونە ژیاوە، بۆیە دەتوانم بڵێم كە شێوازی گێڕانەوەو داڕشتنی تێكستەكە دوو خاڵن كە بۆ خالد تۆمار دەكرێت . 
لایەنێكی تری بەهێزی ئەم تێكستە ئەوەیە كە هەم (قوربانی)و هەم (جەللاد) سەربووردەكان دەگێڕنەوە، عەبدولحەسەنی جەللاد و خالد خۆی ونەدیمەو گەڕاوەكان لە نوگرە سەلمانەوە وەك قوربانی .
سەدای وشەكان بەو زمانەی كە خالد لەرێگەی گێڕانەوە، سەربوورد، دیالۆگ دەخاتە روو هێندە بەجۆشە وەرگر دەورووژێنێ‌ وپەلكێشی بەردەم ئاوێنەیەكی دەكات كە جادووی بێت ولێوە دیمەنەكان بەتۆزێك لێڵییەوە ببینێت .
ئەو زەمەنەی كە لە یادەوەری هەر یەك لە ئێمە كورد دا چەسپاوە وەكو سەرەتاو كۆتایی پرۆسەی ئەنفال، هەمان ئەو زەمەنە نییە كە خالد سلێمان قسەی لەسەر كردووە، واتا زەمەنی سازدانی ئەنفالی یەك تا هەشت كە تیایدا ئامێرە داهێنراوە نوێكان، كەشفی پانتاییەكانی جەستەی كوردی دەكەن، بەوەش ئاشنایی بە وشەی لەناوچوون، قڕكردنی دەكەن، بگرە سەرەتای ئەنفال لەسەر رووبەری كاغەزو دیوارو لە ئاستی زمانەوە دەستی پێكردووە .
نووسینە شۆڤێنییەكانی (میشیل عەفلق، ئەلیاس فەرەح، ساتع ئەلحەسری، مونیف رەزار ) دەربارەی یەكێتیی نەتەوەی عارەب، جگە لەزەنگی لەناوبردنی كوردو درووزو بەربەر شتی تر نییە، چونكە ئەوسیانە بەڕایی ئەو شۆڤێنستانە، رێگری گەورەن لەبەردەم ئەو یەكێتییە خەیاڵییەی كە تا هەنووكەش عارەب خەونی پێوە دەبینن، هەروەها دامەزراندنی شێوەیی نوێ‌ وخەیاڵنەكراو لە مەرگ وخۆراهێنان لەسەر لەناوبردنی شوێن وزەمەن، كۆمەڵێكی تر بوون لە مەشقەكانی بەعسییەكان بۆ ئەوەی كە هاتنە سەر دەسەڵات بەپێ‌ ئارەزووی خۆیان پیادەی بكەن و بەپێی ئارەزووی خۆیشیان جوگرافیاو زەمەنەكان داڕێژن .
نەك هەر ئەمە بگرە بەعسییەكان دواتر كاریان لەپێناو داڕشتنەوەی مێژووی رووداوەكانی هەناوی ئەو مێژووە كردوە، چ لە ئاستی تاك وچ وەك پەیوەندییە دەلالییەكان وتەنانەت نەرێكردنی مەوداكانی نێوان دوو تاك یان دوو زەمەن، بۆ نموونە بڕوانە دروشمێكی وەك ( لە نبوخسنسر بۆ سەددام حوسێن)، هەروەها لەبەرنامەی سیاسی حیزبی بەعسیشدا هەمان جەختكردنەوە لەپشت دەستەواژە زمانەوانییەكان دەدۆزینەوە لەبارەی قڕكردنی كورد وسڕینەوەیان لەوانە، جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە پەیوەندی نەتەوایەتی تەنها پەیوەندییە لە دەوڵەتە عارەبەكاندا وئامرازی گونجانە لە نێوان هاوڵاتییان وپێویستە هەمووان لەهەناوی یەك نەتەوە دا بتوێنەوە (مەبەست نەتەوەی عارەبە) هەروەها پەیوەندی نەتەوایەتی قەڵاچۆی هەموو مەیلێكی توند دەكات بۆ ئاینزاو تایفەو هۆزو رەگەزو هەرێمایەتی . 
ئەنفال، حیكایەتەكان لە زەمەنێكی دابڕاودا، لەپاڵا پێشەكییەكەی، پێنج بەشی سەرەكی لەخۆ دەگرێت كە بەلای منەوە بەشی پێنجەم گرنگی خۆی هەیە بۆ خوێنەری كورد تا لە نزیكەوەو بە بەڵگەوە لەرۆڵی رووناكبیریی عارەب بگات لەبارەی ئەو كارەساتانەی تووشی كورد بووە، ئەم بەشە لەبارەی رۆڵی نەگەتیفی رووناكبیریی عارەب دەدوێت لەمەڕ مەسەلەی نەك تەنها كورد لە عێراق دا بگرە هەموو گەلانی عێراق، خالد بەراوردی دوو ئاڕاستەی بیركردنەوەی جیا دەكات لەم بەشەدا، وەكو وتم رۆڵی ئاڕاستەی نەگەتیفییە لە بەرگریكردن وپاساودانەوەی لیستێكی دوورو درێژی ناو بۆ سیاسەتەكانی رژێمی لەناوچووی بەعس كە دیارترین نموونەی ئەو لیستە، ئیدوارد سەعید و زەكەریا تامرە، لەبەرامبەر ئەمانیشدا ئاڕاستەیەكی پۆزەتیف هەیە كە بێدەنگیان شكاندوەو پڕ بە قۆڕگیان هاواریان كردووە، كە دیاترین ناوەكانی سەرۆكی پێشووی جەزائێر ئەحمەد بن بیلەو هزرڤان هادی عەلەوەی و شاعیری ناودار ئەدۆنیس وهتدە، بۆیە دەتوانین بڵێن كە نووسینەكانی ئەم كەمینە رووناكبیرە ئەگەر چی لەكاتی خۆی دوور كەوتووە هەر وەك عەباس بیزون دەڵێت، لەگەڵا ئەوەشدا ئەو نووسینانەی ئەوان لەحاڵەتی رەخنەگرتنە لە خودی خۆیان بەوەش دەبێتە هەڵوێستێكی ئاكاری وسیاسی و دەتوانین بە هەڵویستی ناوازەیان دەبنێن لەو كاتە، لەكاتێكداو تا رۆژگاری ئەمڕۆش زۆرینەی شەقامی عارەبی كە بەرهەمی عەقڵییەتی نەرێ‌ كردن وتوندو تیژیی نەتەوەییە نەبڕوا دەكەن ونەش دەیان ئەوێ‌  بڕوا بكەن .      
لەمە زیاتر نامەوێ‌ لەبارەی ئەم تیكستەوە بدوێم، چونكە دەخوازم خوێنەر خۆی كەشفی پانتاییە ئازارخۆرەكانی 104 لاپەڕەكەی ئەم تێكستە بكات، كە دەزگای سەردەم لەسلێمانی ساڵی 2005 بەچاپی گەیاندووە .

سەرچاوەكان :-
* الانفال حكایات من زمن مستقطع، خالد سلیمان
* جمالیات المكان، غاستون باشلار 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق