ئاسۆ وەهاب
asowahab@gmail.com
وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەكی هاندەرمە بۆ نووسینی ئەم بابەتە، یەكەمیان، ئەوەیە بۆ چی كوردان بەتوندوتیژی نەبێ ناتوانن گوزارشت لە داواكانیان بكەن؟ دووەم، ئایا ئەزموونی كوردی لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی دا بەدەست قەیرانی نەبوونی شعوری سیاسییەوە ناناڵێنی ؟ بۆ یەكەمیان، مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت كە كوردان بەدرێژایی مێژووی دوورو درێژیان كەمترین مەودای گفتوگۆیان پێدراوە لەگەڵا دوژمنانیاندا یان كەمترین مومارەسەیان هەبووە، بە پێچەوانەیشەوە زۆرترین مەودایی توندوتیژی بەدی دەكرێت كە لە ئەنجامی پەرچەكرداری بەرگریكردندا مومارەسە كراوە، دوورو درێژی ماوەكانی ئەو مومارەسەیە وایكردووە توندوتیژی ببێتە بەشێك لە كلتووری مامەڵەكردنی كوردان لەگەڵا دەسەڵاتدار ئیدی دوژمن بێت یان كوردی، ئەزموونی خۆپیشاندانەكانی شارو شارۆچكەكانی ساڵی پارو ئەمساڵا ئەو حەقیقەتە دەردەخەن ..
وەڵامی پرسیاری دووەمیش ئەوەیە كە دەسەڵاتدارێتی كوردی لە قەیرانی نەبوونی شعوری سیاسیدا دەژی، ئەم دەسەڵاتە هەر لە ئەزموونی ( رۆژنامەی هەواڵ ) ەوە، تا وەكو ئەمڕۆ رەخنە یەك ملیمتر چییە نەیورووژاندووە تا بیر لە خۆی بكاتەوە، تا وایلێهاتووە رووناكبیران ورۆژنامەوانان وتەنانەت عەوامی خەڵكیش بڕوایان بە دەسەڵاتی چوارەم نییە وەكو دەسەڵاتێكی چاودێر بەسەر دەسەڵاتەكانی ترەوە، هەر ئەمە وایان لێدەكات لەگەڵا دەستكەوتنی هەر هەلێكدا پەنا بۆ توندوتیژی ببەن وەكو ئامرازێكی هەناسەدان لەو هەموو فشارەی كە لە سەر دەروونیان كۆبووەتەوە، چونكە ئەزموونی رۆژانەیان ئەوەیان فێركردووە كە ئەوان گوێ ناگرن وخۆشیان لە راستییەكان دەشارنەوە، لەم ساتەوەختەدا ئەوەم بە بیردا هات كاتێ گەلی فەرەنسا بەدەست برسێتییەوە دەیناڵاند، غەڵبەغەڵب وهاواریان گەیشتە كوشكی پاشا، لەوێندەر (ماری ئەنتوانێت)ی شاژن پرسیاریكردبوو ئەو خەڵكە بۆ هاوار دەكەن ؟ خزمەتكارەكانی كوشكی پاشایەتی گوتبوویان نانیان نییە بیخۆن، جەنابیشی گوتبووی با پسكێت بخۆن !! ئەنجامیش ماری ولویسی شازدە بە مەقسەڵە ملیان پەڕێنرا !!
لای خۆیشمان لە بەرپرسێكیان پرسیبوو ئایا كارەبای ماڵەوەتان دەبڕێت ؟ گوتبووی وابزانم كە لە ماڵ دەردەچم دەبڕێت !! ئەگەر چی رووداوەكان جیاوازن بەڵام لە گەوهەردا هەڵگری هەمان دەلالەتە..
كە یەكەم جار كەلارو هەڵەبجەو ئاكرێ خۆپیشاندانیان كرد بۆ داواكردنی مافە سەرەتاییەكانی ژیان بینیمان یان بیستمان چۆن وەڵامی خۆپیشاندەران درایەوە، ئەگەر چی سەرد دەر سەد لەگەڵا توندوتیژیدا نیم، بەڵام نە فەرمانبەرێك نەبەرپرسێك نەوەزیرێكمان نەبینی واز لەكارەكەی بهێنێ لەئەنجامی ئەو كەمتەرخەمییەی كە لە شوێنەكەی خۆیەوە نواندوویەتی.. پیاوێكی پیر لەگەڕەكەكەماندا هەیە هەمیشە ئەوە دووبارە دەكاتەوە كە ئەگەر فەرمانڕەوایەتیكردن لەسەر ئەو ستایڵە بكرێت كە لە كوردستاندا هەیە ئەوا ئەو هەر لەماڵەكەی خۆیەوە سێ چوار وڵات بەڕێوە دەبات، دەسەڵاتێك ستراتیژییەتی كاری نەبێت بۆ ماوەی دوورو پێویستییە سەرەتاییەكانی ژیان وەك ئاوو كارەبا وسووتەمەنی دابین نەكات و گوێ بۆ رەخنەكان نەگرێت ئایا دەبێت بە زمانی بەرد مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت ؟؟
ئێستا بەڕەوای دەزانم پرسیاری ئەوە بكەم ئایا پەنا بردن بۆ توندوتیژی چارەسەرە؟ وەڵامی بەرایش ئەوەیە نەخێر، بۆ ؟ لەبەر ئەوەی بەكارهێنانی توندوتیژی بوار بۆ بەرامبەر دەرەخسێنێ دوو شتی سەرەكی بكات یەكەمیان شەرعییەتدان پێی تا زیادڕەوی بكات لەبەكارهێنانی توندوتیژی، دووەمیان تا رەوایەتی لەكارەكە بسێنێتەوەو بیكاتە داواكارییەكی ناڕەوا، پاشان فەرامۆشی بكات، هەروەها زیادڕەوی كردنەكەی لەبەكارهێنانی هێزدا ترسێك لەلای بەرامبەر دروست دەكات تا دووبارە دەنگ هەڵنەبڕێت .
مەسەلەیەكی تر ئەوەیە كە ئەوانەی خۆیان بەڕابەری ئەو خۆپیشاندانانە دەناسێنن دوو خاڵی سەرەكیان فەرامۆشكردووە، یەكەم نەبوونی ئامانجی سەرەكی وكاركردن بۆ ئەو ئامانجە پێش وپاش هەر خۆپیشاندانێك، دوو دانیشتن لەگەڵا لایەنی دووەمو وەرگرتنی قەرەبوو، بەوەش جارێكی تر شەرعییەت دەداتەوە بەو هەڵویستەی كە بەرامبەر نواندوویەتی بۆ كۆنترۆڵكردن، لێرەوە بەباشی دەزانم رێگەچارە مەدەنی وناتوندوتیژەكان بخەمەڕوو بۆ ئەوەی هەموو لایەكمان كەڵكی لێوەربگرین :
سەرەتا ناتوندوتیژی چییە ؟ ئەو شێوازو ئامرازە كۆمەڵایەتی ودەروونی وئابووری وسیاسیانەیە كە پیادە دەكرێت بۆ دروستكردنی فشار، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژ ببرێت بۆ یەكاڵاكردنەوەی مەسەلەكان، هەڵبژاردنی شێوازی خەباتی ناتوندوتیژیش پەیوەندی هەیە بەئاستی هوشیاری وئاگای تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیەی كە لە جوڵەی خەباتدایە، لایەنگرانی ناتوندوتیژی بەو جۆرە راڤەی واتای هێز دەكەن كە كۆمەڵگەو تاكەكانی، لەگەڵا دامودەزگا مەدەنییەكان خاوەنی هێزێكی شاراوەن وئەو هێزە بەردەوام لە هەڵكشاندایە، ئەگەر ئەو هێزە بە رێڕەوی سروشتی خۆیدا ببرێت ئەوا دەنگی هێندە بەهێزە كە هیچ كەس و هێزێك ناتوانێ رووبەرووی ببێتەوە، گۆڕانەكانی ئەم دواییەش لەسەر ئاستی جیهان وتەنانەت ناوخۆیش ئەو حەقیقەتەی سەلماند كە پەنا بردن بۆ هێزی توندوتیژ ئاقاری خراپی دەبێت لە رووی :-
1/ شەرعییەتدان بە بەرامبەر بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی رادەبەدەر بۆ سەركوتكردن .
2/ هاوسەنگی هێز لە نێوان هەردوو لادا بێبەرامبەرو بەوەش ئەو لایە براوەیە كە خاوەنی سامان و تەقەمەنی زۆرترەو دەتوانێ بەردەوام بێت لەسەر بەكارهێنانی هێزی سەربازی بۆ ماوەی دوور .
3/ پەنا بردن بۆ هێزی توندوتیژی لایەنگری ناوخۆیی وهاوسۆزی ئیقلیمی وجیهانی كەم دەكاتەوە بەوەش شەرعییەت دەدرێتە بەرامبەر بۆ سەركوتكردن .
4/ تەوزیفكردنی توندوتیژی بەكاربراو بۆ بەرژەوەندی رژێمەكە .
دەبێت ئەوەش بزانرێ كە خەباتی ناتوندوتیژ خەباتێكی سەلبی نییە، بگرە بەرنگاربوونەوەیەكی ئیجابییە كە وادەكات شەرعییەتی بەكارهێنانی توندوتیژی لەبەرامبەر بسێنێتەوەو بەكارهێنەرانی توندوتیژی بخاتە سونگەی تاوانبارییەوە، هەروەها شەرعییەتی ناوخۆیی وجیهانی ببەخشێتە جوڵەی گروپ یان جەماوەر .
ئەوەی لە ئەزموونەكانەوە بەرچاومان دەكەوێت ئەوەیە كە هەمیشە كەمینەیەك لەمیللەت دەنگ دەردەبڕن وزۆرینەش بێدەنگییەكی كوشندە هەڵدەبژێرن، ئەمەش وا لەبەرامبەر دەكات زیاتر پێراكێشی لە ئازاردانی ماددی ومەعنەی خەڵك بكات، هەروەها زۆر لەجوڵانەوەكان تەبەنی گۆڕانی توندوتیژ دەكەن لە بەرامبەر گۆڕانی ناتوندوتیژ، ئەمەش لەبەر ئەوەی كە ناتوانن ئەو هێز ناوەكییە بورووژێنن كە لە میللەتدا هەیە، هەروەها خاوەنی لێهاتوویەكی ئەوتۆ نین بۆ كەڵك وەرگرتن لە شێوازو ئامرازە كۆمەڵایەتی وسیاسی ودەروونی وئابوورییەكان بۆ پیادەكردنی پەستان بەبێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی راستەوخۆ ببەن .
لە قسەكردنیشماندا لەسەر هێزی ناوەكی میللەت دەبێت ئەوە بزانین كە ئەم هێزە دابەش دەبێت بۆ دوو گروپ كە ئەمانەن :-
1/ هاوڵاتی چ بەتاك بێت یان گروپ .
2/ دەزگاو رێكخراوە سەربەخۆو توڕی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی خێزانە گەورەكان، لەگەڵا دەزگا ئابوورییەكان، سەندیكا، گروپە ئەدەبییەكان، دەزگا ئایینی وكلتوورییەكان ویانە وەرزشییەكان، لەپاڵا پارتە سیاسییەكان .
پێویستە گوتاری جوڵانەوەی نەیارانی دەسەڵات (ئەوانەی خەباتی ناتوندوتیژ هەڵدەبژێرن) بە دوو ئاڕاستە بێت :-
1/ گوتارێك ئاڕاستەی تاك بكرێت وبە بەردەوامیش بوترێتەوە تا بەبەردەوامی ورەی بەرز بكرێتەوە، چونكە لە كۆتاییدا تاك ئامانجی یەكەمە لە ململانییەكە .
2/ گۆتارێك ئاڕاستەی دامودەزگاو گروپە خاوەن نفوزەكانی ناو كۆمەڵگە بكرێت، ئەوانەی كە پرۆسەی گۆڕان خێراو بەهێز دەكەن و خاوەنی هێزو توانای كۆمەڵایەتی گەورەن بۆ دەربازبوون لە دەسەڵاتی رژێمی فەرمانڕەوا .. هەر ئەمەشە وا لە دەسەڵاتەكان دەكات جەخت بكەنەوە لە سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر رێكخراوە خوێندكاری ویەكێتییە پیشەیی وسەندیكاكان، لەم بوارەشدا (جین شارب) پێیوایە، بۆ سەركەوتنی تاك ودامودەزگاكان لە دەستگرتن بەسەر پێگەكانی سیستەمی فەرمانڕەواداو بۆ ئەوەی ئەو پێگەیانە هاریكاری مانەوەی دەسەڵات نەكەن یان بێلایەن بن پێویستە ئەمانەی خوارەوە هەبن :-
1/ ئارەزوویەكی رێژەیی هاوڵاتیان بۆ رێكخستنی هێزو تواناكان .
2/ ژمارەی رێكخراوو دامودەزگا سەربەخۆكان .
3/ هێزی رێكخراوو دامودەزگاكان ورادەی سەربەخۆیی جوڵانیان .
4/ ئەو سەرچاوانەی هێز كە رێكخراوو دامودەزكاكان خاوەنین لەگەڵا ئەو سەرچاوانەی كە دەتوانن بیخەنە ژێر ركێفی خۆیانەوە.
5/ قەبارەی ئەو هێزە كۆمەڵایەتییەی كە هەیەتی و دەتوانێ بەكاری بهێنێ .
6/ توانای هاوڵاتی بۆ بەرگە گرتنی ئەو دیارییە ماددیانەی كە پێدەبەخشرێت لە پێناو بێلایەن بوونی یان هاوكاریكردنی دەسەڵات .
ئەو خاڵە گرنگانەی كە پێویستە خەباتی ناتوندوتیژ پشتی پێبوەستێ بۆ لاوازكردنی دەسەڵات وپاشان خستنی :-
1/ بێلایەن كردنی تاك وگروپە هاوكارەكانی دەسەڵات، كە سەرچاوەی سەرەكی هێزی دەسەڵاتەو پشتی پێدەبەستێ لە راپەڕاندنی ئەركەكانی مانەوەی خۆی .
2/ دەرخستنی لاوازی وناكارایی و ئیفلیجی دامودەزگاكانی دەوڵەت، كە لە ئەنجامی ناشارەزای ونادڵسۆزی دەسەڵاتەوە وایان لێهاتووە .
3/ زەقكردنەوەی كێشەكانی گەندەڵی بەتایبەت ئەوانەی كە بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە بەرپرسن لێی یان بەشدارن تیایدا .
4/ خستنە رووی ئازارەكانی خەڵك لە بەرزبوونەوەی نرخی شمەك ونەبوونی پێویستییە سەرەتاییەكانی گوزەرانی خەڵك .
چەكەكانی شەڕ ناتوندوتیژ، بریتییە لە ئامرازەكانی خەبات كە ئەمانەن :-
1/ شێوازی ناڕەزای ورازیكردنی لایەنگران بۆ بەكارهێنانی ناتوندوتیژی .
2/ شێوازی هاریكاری نەكردن .
3/ شێوازی رووبەوروو بوونەوەی ئەكتیف .
ئەم شێوازانە هەر سێ ئاستەكەی خەباتی ناتوندوتیژن كە دەكرێ هەنگاوی تر لە پاڵیاندا بنرێت، هەروەها ئەم سێ ئاستە تەبەنی چەمكی هێز دەكات بەو مانایەی توانای شاراوەیە لە تاك وگروپ ودامودەزگاكانی كۆمەڵگە، كە بە شێوەی زنجیرەیی وهەڵكشان كار دەكەن بۆ گۆڕینی تەرازووی هێز، بەمەش خەباتی ناتوندوتیژ دەبێتە جەنگێكی راستەقینە دژ بە سیستەمە دەسەڵاتدارەكان، هەر وەك (جین شارب) دەڵێت ... ئاستەكانیش دابڕاو نین لە یەكتری بگرە بەسەركەوتن لە هەر ئاستێك پێویستە هەنگاو لە ئاستەكەی تر بنرێت، واتا پیادەكردنێكی زنجیرەیی ئاستەكان .
1/ شێوازی ناڕەزای ورازیكردنی لایەنگران بۆ بەكارهێنانی ناتوندوتیژی :-
ئەم شێوازەیان پەنابردنە بۆ چالاكی رەمزی بۆ دەربڕینی ناڕەزای دژ بە كردەوەكانی دەسەڵات تا سەرنجی توێژو پێكهاتە جیاجیاكانی كۆمەڵگە رابكێشرێ بۆ لای مەسەلەكە، هەروەها دەرخستنی كەموكوڕییەكانی دەسەڵات لە رێگەی سازدانی رێپێوان، نوێژكردن، سازدانی تەعزێی رەمزی .
ئەمانەی خوارەوەش هەنگاوەكانی كاركردنن لە ئاستی یەكەمی خەباتی ناتوندوتیژ :-
أ ) شێوازی جیاواز لە وتاری مەدەنی :
* سازدانی ئاهەنگی وتار خوێندنەوە .
* هەناردنی نامەی ناڕەزایی بۆ لایەنە حكومی ودامودەزگاكانی دەسەڵات .
* دەركردنی بەیاننامەی ناڕەزایی .
* دەربڕینی ناڕەزایی ئیمزا كراو یان لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن بەشێوەی ئاشكرا .
* پێشكەش كردنی داواكاری جەماوەری .
* دەركردنی بەیاننامە، تیایدا زوڵمەكانی دەسەڵات بخرێتەڕوو لەگەڵا داواكارییە گشتییەكان .
ب) دواندنی جەماوەر لە رێگەی :
* دروشم ووێنەی كاریكاتێر وهێماو وێنە .
* هەڵواسینی لافیتەو ریكلام .
* بڵاوكراوەو نامیلكەو كتێب .
* بەكارهێنانی ئەنتەرنێت بۆ گوزارشتكردن لە بیروڕا جیاوازەكانی نەیاری دەسەڵات، لەگەڵا ناردنی نامەی ئەلكترۆنی و بانگەشەكردن بۆ بیروڕاكانی جەماوەر .
* ناردنی SMS و دەنگ ووێنەی تایبەت لە رێگەی مۆبایلەوە .
* تەلەفۆنكردنی هەڕەمەكیانە، تا لە رێگەیەوە بانگەشە بۆ بیروڕاكانی جەماوەر بكرێت .
* بەكارهێنانی رۆژنامەكان بۆ گەیشتن بە جەماوەر .
* بەكارهێنانی رادیۆو تەلەفزیۆنەكان .
* نووسین لە سەر دیوارو زەوی بە شێوەیەكی شارستانی دوور كەوتنەوە لە بەكار هێنانی وشەی ناشارستانی .
ج) ناڕەزایی دەستەجەمعی :
* سازدانی دادگایكردنی ناراستەقینەو كۆمیدیانە بۆ بەرپرسەكان .
* مانگرتن .
* سازدانی هەڵبژاردنی ناراستەقینە بۆ دەرخستنی هەزەلیەتی هەڵبژاردنەكانی حكومەت .
د) ئەنجامدانی كاری رەمزی وەك :
* بەرزكردنەوەی ئاڵاو رەنگی تایبەت .
* لەبەركردنی هێماو رەنگی تایبەت .
* نوێژكردن لە شوێنە گشتییەكان .
* دابەشكردنی كەرستەیەك، هەڵگری هێمای تایبەت بێت .
* لەناودانی شتە تایبەتەكانی، واتا كەسێك شتی تایبەتی خۆی بسوتێنێ، ئەو شتانەی كە پەیوەندیان بە دەسەڵاتەوە بێت وەك وێنەو بڵاوكراوەكانی دەسەڵات .
* بەكارهێنانی رۆشنای لە شەودا كە هێما بێت بۆ شتێكی تایبەت .
* نمایش كردنی تابلۆی واتادار .
* بەكارهێنانی ئاماژەو ناوی تازە .
* بەكارهێنانی بۆیاخ وەكو ئامرازێكی دەربڕینی نارەزای .
* رێكخستنی كاری رەمزی وەك پاككردنەوەی شەقامەكان، چاككردنەوەی باغچەو شوێنە گشتییەكان .
* كۆبوونەوە لەو جێگایانەی كە بەرپرسەكان كار دەكەن یان دیدار ساز دەدەن .
* مانەوە بە شەوو رۆژ لە شوێنێكی گشتیدا .
* دروستكردنی برایەتی لە نێوان سەرجەم تاكەكانی باڵە جیاجیاكان.
ه) شانۆو میوزك :
* نمایشكردنی شانۆگەری كۆمیدی لە شوێنە گشتییەكاندا .
* نووسینی دەقی شانۆیی وژەنینی میوزك .
* سازدانی ئاهەنگی گۆرانی وتن .
و) رێكخستنی رێپێوان وپاداشتدانەوەی رەمزیانەی قوربانیان :
* رێكخستنی رێپێوان بە نێو شەقامەكانداو بە شێوەی جیاجیا .
* سازدانی نمایشی جیاجیا .
* رێكخستنی رۆیشتنی ئۆتۆمبیل بە ژمارەی فرە .
* سەردانی گڵكۆی قوربانیان .
* راگەیاندنی تەعزێی سیاسی لە بۆنە جیاجیاكاندا .
* سازدانی تەعزێی رەمزی .
ی) كۆبوونەوەی جەماوەری :
* ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین لە شوێنی جیاجیا .
* سازدانی دیداری دەربڕینی نارەزایی .
* سازدانی كۆڕو كۆبوونەوە .
* دەرچوون لە شوێنێكی گشتی وەكو هێمایەك بۆ دەربڕینی نارەزای .
* هەڵبژردنی بێدەنگی وەكو شێوازێكی ناڕەزایی دەربڕین
* مانەوە لە ماڵداو دەرنەچوون بۆ دەرەوە .
* بەشدارینەكردن لە پێشوازیكردنی بەرپرسان .
* پشت كردن لە بەرپرسان وەكو گوزارشتێك بۆ نارەزایی .
2/ شێوازی هاریكاری نەكردن :
ئەمەیان ئاستی دووەمی چەكەكانی خەباتی ناتوندوتیژە، بەزانینی ئەو راستییەی كە بوونی هەر سیستەمێكی دەسەڵاتدارێتی پەیوەندی هەیە بە هاوكاریكردنی تاك وكۆمەڵگە بۆ ئەو دەسەڵاتەوە، بۆیە هاوكارینەكردنی ئەو دەسەڵاتە لەلایەن تاك وكۆمەڵگەوە بۆ ماوەیەكی گونجاو دەبێتە هۆی گوێڕایەڵبوونی بۆ داواكارییەكان، كە بریتییە لە :-
أ/ هاوكارینەكردنی كۆمەڵایەتی .
ب/ هاوكارینەكردنی ئابووری .
ج/ هاوكارینەكردنی سیاسی .
یەكەم : هاوكارینەكردنی كۆمەڵایەتی، یان ریسواكردنی تاكەكان لە رێگەی :-
* موقاتعە كردنی هەموو ئەو چالاكییە كۆمەڵایەتیانەی پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە .
* موقاتعەكردنی بە شێوەیەكی هەڵبژاردەیی بۆ هەندێك لەو رووداوانەی كە پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە .
* شاردنەوەی سۆز بەرامبەر ئەو رووداوانەی كە بەسەر دەسەڵاتداراندا دێت .
* بێبەشكردنی ئەو دەسەڵاتە لە هاوكاریكردنی كۆمەڵایەتیانە بەتایبەت لەو كاتەوەی كە پێویستی پێیەتی .
* حەرامكردنی هاوكاریكردنی دەسەڵات كە ئەمەیان زیاتر لە رێگەی پیاوانی ئاینییەوە دەكرێت .
* هاڵواسین وئەنجام نەدانی چالاكییە هونەری ووەرزشییەكان .
* مانگرتنی خوێندكاران .
* كشانەوە لە دامودەزگا كۆمەڵایەتییەكان .
* مانەوە لە ماڵەوەو دەرنەچوون بۆ دەرەوە بە شێوەیەكی گروپ .
* هاندان بۆ هاوكارینەكردنی تاكەكان لەهەموو ئەو چالاكیانەی كە گوزارشتكردنە لە پشتگیریكردنی دەسەڵات .
* سەفەر كردن یان كۆبوونەوە لەو شوێنانەی كە هەڵگری دەلالەتی تایبەتن یان لە رۆژێكی دیاریكراو كە پێشتر رووداوێكی تیا روویداوە .
دووەم / هاوكارینەكردنی ئابووری :-
ئەو كارانەی كە بەكارهێنەران ( المستهلك )دەیكات ..
* موقاتعەكردنی بەرهەمی ئەو كومپانیایانەی كەپەیوەندیان بە دەوڵەت یان لایەن دەسەڵاتدارەوە هەیە .
* موقاتعەكردنی بەكارهێنانی هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پەیوەندی هەیە بە دەسەڵاتەوە یان تاكەكانی ئەو دەسەڵاتە خاوەنین .
- ئەو كارانەی كە كرێكارو خاوەن كارگەكان ئەنجامی دەدەن ..
* مانگرتنی كرێكاران .
* موقاتعەكردنی بەرهەمهێنەران، بەتایبەت ئەوانەی كە پەیوەندیان لەگەڵا دەسەڵاتدا پتەوەو كار نەكردن بۆیان .
ئەو كارانەی كە خاوەن موڵك وبازرگانەكان ئەنجامی دەدەن ..
* موقاتعەكردنی ئەو چالاكییە ئابووریانەی كە دەسەڵاتداران ئەنجامی دەدەن لەلایەن بازرگانەكانەوە .
* بەكرێنەدان و نەفرۆشتنی موڵك وخانوو بە دەسەڵاتداران .
* مانگرتنی گشتی كە لە ماوەی جیاجیا دا بازرگان وخاوەن موڵكەكان ئەنجامی دەدەن .
- ئەو كارانەی كە خاوەن سەرمایەكان ئەنجامی دەدەن ..
* دەركردن وكێشانەوە ئەو بڕە پارەو دانراوەكانی تر لە بانكەكان بۆ ئەوەی دەسەڵات كەڵكی لێوەرنەگرێت .
- ئەو كارانەی كە جوتیاران ئەنجامی دەدەن ..
* مانگرتنی جوتیاران .
* مانگرتنی كرێكارانی بواری كشتوكاڵا .
- ئەو كارانەی كە لەبواری پیشەسازیدا ئەنجامدەدەرێت ..
* مانگرتنی دامودەزگا پیشەسازییەكان .
* مانگرتنی پیشەوەران .
* مانگرتن بۆ پشتگیریكردن لە بوارەكانی تر .
- شێوازی مانگرتنی رێژەیی ..
* مانگرتنی هەڵكشاو .
* مانگرتنی لە ناكاو بۆ ئەوەی بەرامبەر تووشی شۆك بكات و بێ پێشەكی بێت .
* مانگرتن لە رێگەی پابەند نەبوون بە یاساكانی ئەو شوێنەی كاری تیا دەكرێت .
* مانگرتن لە رێگەی خاوكردنەوەی كاركردن .
* مانگرتن لە رێگەی هەرەشەكردن بە ئیستیقالەكردن لە دامودەزگاكانی دەسەڵات بە شێوەیەكی گشتی .
* مانگرتنی سەرتاسەری وگشتی .
سێیەم / هاوكارینەكردنی سیاسی :-
لە رێگەی هاوكاری نەكردنی دەسەڵاتەوە :
* موقاتعەكردنی دەسەڵاتی یاسا دانان .
* موقاتعەكردنی هەڵبژاردنەكان .
* موقاتعەكردنی ئەو پۆست وپێگانەی كە دەدرێتە كەسەكان .
* موقاتعەكردنی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتی ودەزگاكانی حكومەت .
* كشانەوە لە دامودەزگا حكومییەكان .
* موقاتعەكردنی هەموو ئەو رێكخراوانەی حكومەت یارمەتی داراییان دەدات .
* لابردنی ئەو هێما تایبەتییانەی كە ئاماژەن بۆ دەسەڵات لە شوێنە تایبەتییەكاندا .
* وەرنەگرتنی یارمەتی لە حكومەتەوە .
* نەیاربوون و گوێنەدان، هەندێك جاریش بە شێوەی گاڵتە ئامێز گوێڕایەڵی بكرێت ئەگەر پەستانی زۆر هەبوو .
* یاخی بوونی ئارەزوومەندانەو ناراستەوخۆ .
* یاخیبوونی مەدەنیانە لەو یاسایانەی كە شەرعی نین .
* بوار نەدان بە بڵاوكردنی كۆبوونەوەكان لە رێگەی دانیشتن وئەنجامنەدانی هیچ پەرچەكردارێك .
ئەو كارانەی كە فەرمانبەرانی حكومەت پێی هەڵدەستن :
*هاوكارینەكردنی پایەكانی دەسەڵات .
* نەگەیاندنی فەرمانە و بڕینی پەیوەندییەكان .
* خاوبوونەوەو تەگەرە دانان لەبەردەم كاری دامودەزگا حكومییەكان .
* هاوكارینەكردنی ئیداری لایەنەكانی تری حكومەت .
ئەمانەی كە لەسەرەوە باسم كردن هەموو ئەو رێگەیانەیە كە دەكرێت جەماوەر بیگرێتە بەر بۆ رووبەرووبوونەوەی حكومەت لەكاتی هەر كەم تەرخەمییەكدا، لەگەڵا ئەمەشدا بەڵامی هەر تێدەكەوێ چونكە ئەم هەنگاوانە لەكاتێكدا دەبێت كە لەبەرامبەر جەماوەر، حكومەتێك هەبێ گوێبگرێ لە زمانی ئاخاوتن وگفتوگۆ، نەك باكی نەبێ وتەنها بەزمانی توندوتیژ وزیادڕەوی كردن لە بەكارهێنانی هێز دا كێشەكان بگەیەنێتە نیمچە چارەسەر، كە ئەمەشیان ئەستەمە، بۆیە ئەوكات رێگا كراوە دەبێت بۆ هەنگاونانی تر كە تیایدا كرانەوەیەك بەرووی جیهاندا روو دەدات لەلایەن جەماوەرو ئەو لایەنانەی كە بەم كارە هەڵدەستن .
3/ شێوازی رووبەوروو بوونەوەی ئەكتیف :-
ئەمەیان سێیەمین ئاستی كاركردنی ناتوندوتیژە، مەبەست لێی بەشداریكردنی راستەوخۆی جەماوەرو رێكخراوو پارتە نەیارەكانە لە گۆڕینی هەڵوێستێك بەشێوەیەكی بنەڕەتی، چالاكییەكانی ئەم ئاستەش بریتییە لە دامەزراندنی حكومەتی جێگیرەوە (بدیل)، دامودەزگای ئابووری جێگیرەوە، راگەیاندنی مانگرتنی گشتی، رێگەگرتنی ناتوندوتیژ بۆ ئەوەی هیچ كارێكی توندوتیژ روونەدات .
شێوازەكانی رووبەرووبوونەوەی ئەكتیف :
1/ دەستێوەردانی دەروونی ..
* مانگرتن لە خواردن .
* رۆژووگرتنی دەستەجەمعی وەكو گوزارشتێك بۆ ناڕەزایەتی .
* دادگایكردنی رەمزیانە بۆ تاكەكانی دەسەڵات .
2/ دەستێوەردانی جەستەیی ..
* چوونە ناو شوێنە گشتییەكان بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراوو پاشان چۆڵكردنی .
* دانانی بەربەستی مرۆیی .
* نەیاربوونی ناتوندووتیژ لە كۆبوونەوەكانی پیاوانی دەسەڵات .
3/ دەستێوەردانی ئابووری ..
* داخستنی كارگەو كۆگاكان لە بازاردا .
* دامەزراندنی دامودەزگای جێگیرەوە( بدیل) .
* مامەڵەنەكردن لەگەڵا دەسەڵات بەتایبەت لە بواری ئابووریدا .
4/ دەستێوەردانی سیاسی ..
* هیلاكردنی ئیداریانەی دەسەڵات .
* ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی كە هەواڵگری بۆ دەسەڵات دەكەن .
* پیشاندانی ئارەزووی بەنكردن ونەترسان لە بەندكردن .
* یاخیبوونی مەدەنی لەو یاساییانەی كە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدایە .
* كاركردن بە بێ رێیایی كردن بۆ دەسەڵات .
* هاككردنی پێگە ئەنتەرنێتییەكانی دەسەڵات .
*دامەزراندنی حكومەتی سێبەر كە كارەكانی جێگیرەوەی كارەكانی حكومەت بێت
سةرضاوةكانى ئةم باسة :-
1/ من الدكتاتورية الى الديمقراطية اطار
تصورى للتحرر، جين شارب .
2/ بدائل الحقيقة الموجودة، جين شارب .
3/ كفاح اللاعنيف، جين شارب .
4/معلومات عن الثورة البرتقالية في
اوكرانيا، انترنيت.
5/ استراتيجية التغيير وأنواع القوة، فتحى
ابو حطب .
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق