07‏/02‏/2019

لێهاتوویی نووسین بۆ ئینتەرنت

نووسین بۆ ئینتەرنت (ماڵپەڕ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، جیاوازە لە نووسین بۆ کەناڵەکانی تری ڕاگەیاندنی (بینراو، بیستراو، خوێنراو)، خوێنەر لە جیهانی ئینتەرنت ڕوبەرێکی سنووردارکراو یان بژاردەی دیاریکراوی نییە، ئەگەر هەر لە سەرەتاوە یەخسیر (دیل)ی بابەتەکە نەبێت، لەپێناو گەیشتن بەو زانیارییانەی خۆی دەیەوێت بە کلیکێک (پەنجەرە-Tab)ی ماڵپەڕەکە دادەخات یان دەچێتەوە لاپەڕەی سەرەکی یان سەردانی مەڵپەڕێکی تر دەکات.

وێنه‌كه‌ له‌ blog.hootsuite.com وه‌رگیراوه‌

بۆ ئەوەی خوێنەر لە بابەتەکە دوور نەکەوێتەوە، پێویستە هەر لە سەرەتاوە ئەوەی پێشکەش بکرێت کە دەیبەستێتەوە بە بابەتەکە تا یەخسیری خوێندنەوەی بکات، بەتایبەت لەو دێڕانەی ڕەش دەکرێنەوە یان دەکرێنە دەروازەی بابەتەکە یان لە بۆکسی تەنیشت بابەتەکان دادەنرێن، یان ئەو پوختەیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێن تا هانی خوێنەر بدات بۆ کردنەوەی لینکی ماڵپەڕەکەو خوێندنەوەی بابەتەکە لەسەر ماڵپەڕەکە.
کاتێک باسی دیلکردنی خوێنەر دەکەین تەنها مەبەست یەکسەر خوێندنەوەی بابەتەکە نییە، بگرە هەڵگرتنی بابەتەکەیەش دەگرێتەوە لە ڕێگەی تایبەتمەندی (پەسەندکردن-Favorites) یان (هەڵگرتن-Bookmark page) بەتایبەت لەو کاتەی خوێنەر کاتی نییەو دەیەوێت دواتر بێتەوە سەری و بیخوێنێتەوە، یان هەناردنی بە )ئیمیڵ Email) یان لینکی بابەتەکە بنێرێت بۆ ماسنجەر یان هەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی تر لەڕێگەی (شێرکردن-Share)، (هەناردن-send link to) یان (زەخیرەکردن-Save)ی لینکی بابەتەکە (copy link) لەسەر بەرنامەکانی سەر مۆبایلەکانمان وەک بەرنامەکانی (notes – evernote – pocket – keeply – instapaper – Diigo). ئەمەش بۆ خۆی سەرکەوتنە لە سەرنجڕاکێشان و دیلکردنی خوێنەر بە نووسین و ماڵپەڕەکە یان هەژمارەکە لەسەرتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یەکەم: بەهۆی گەڕانەوەی بۆ بینینی نووسین و ماڵپەڕەکەو هەواڵ و نووسینەکانی تر. دووەم: ماڵپەڕو هەژمارەکە دەبنە سەرچاوەی سەرەکی زانینی هەواڵەکان و زانینی ڕاستی ڕووداوەکان و لە لیستی گەیشتنی خيرا لەسەر ئامرازی گەڕان (Browser)، یان لەتایبەتمەندی (Add shortcut) دایدەنيت یان تایبەتمەندی (see first time) لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کارا دەکات بۆ هەژمارەکە. یان وەکو (App) لەسەر مۆبایلەکەی دایدەگرێت و تایبەتمەندی ئاگادارکردنەوە (notifications) کارا دەکات.
لەنووسین بۆئینتەرنت؛ بۆ سەرنجڕاکيشانی خوێنەر؛ ناونیشان سیحری خۆی هەیە، ئیدی بابەتەکە سیاسی بيت یان ئابووری، کۆمەڵایەتی، وەرزشی یان ڕووناکبیری. ناونیشان یەکەمین خاڵی دیلکردنی خوێنەرە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە، ناونیشان دەبێت گوزارشت لە ناوەڕۆک بکات، ئەگەر نا ئەوا خوێنەر تووشی بێزاری دەبێت و جارێکی تر نە سەردانی ماڵپەڕەکە دەکات نە هەژمارەکە دەبێتە جێگەی سەرنجی، بۆیە گرنگە دوو خاڵ لە دانانی ناونیشان ڕەچاو بکرێت؛ یەکەم: ئاماژە بێت بۆ ناوەڕۆک و دوور نەبێت لێوە. دووەم: سەرنجڕاکێش و هاندەر بێت بۆ خوێندنەوە.
گێڕانەوەی چڕو کورتبڕی لەنووسین، تایبەتمەندییەکی تری نووسینە بۆ ئینتەرنت، چونکە خوێندنەوە لەسەر شاشە (کۆمپیوتەر"دیسکتۆپ/لاپتۆپ"، مۆبایل، فابلێت، ئایپاد، تابلێت) زۆر جیاوازە لە خوێندنەوە لەسەر کاغەز، نەبوونی ڕووناکی ژیر وەک تایبەتمەندییەکی ئامێرەکە، لەگەڵ نەبوونی مەیلی بەردەوام بۆ خوێندنەوەی بابەتە دوورودرێژەکان کەم دەکاتەوەو هەر زوو واز لە خوێندنەوە دەهێنێت.
خوێنەر ‌حەزی لە بابەتی چڕو کورت و پڕ زانیارییە، هاوکات تایبەتمەندییەکانی ویب (web) لە وەشانی (0.02) یارمەتیدەرە بۆ دوور گرتن لە گێڕانەوەی درێژ دادڕانە لە ڕێگەی دانانی لینکی پەیوەندیدار لەناو بابەتەکە یان لە کۆتایی بابەتەکە یان لە کۆمێنتەکان، ئەمەش خوێنەر سەرپشک دەکات بۆ قوڵبوونەوە لە بابەتەکە یان نە. لەگەڵ دانانی چیرۆکی ڕۆژنامەوانی دەکڕێت بابەتەکە بەش بەش بکريت و لینکی بەشەکانی تر دابنرێت. 
نووسین بۆ ئینتەرنت جیاوازە؛ لەنووسین بۆ کەناڵەکانی تر تۆ پابەندی بە تۆانای کەناڵەکە (بینراو، بیستراو، نووسراو)، بەڵام ئینتەرنت هەموو ئەمانەی لەخۆیدا کۆکردووەتەوە بە زیادەی تەکنیکی ترەوە، لە نووسین بۆ ئینتەرنت دەتوانیت سوود لە ڤیدیۆ (video, live)   ببینیت، لەگەڵ نووستنەکەت دەنگ (audio, podcast) بەکاربێنیت، سوود لە خزمەتگوزارییەکانی نەخشە (map)، ئینفۆگرافکس (infographic)، زانیاری (datawrapper)ودەیان تەکنیکی تر وەربگریت، هاوکات زیاتر لە یەک لینک لە ناوەڕۆک و کۆتایی دابنێت. 

گرنگە لە نووسین بۆ ئینتەرنت، نووسینەکە وەک بوونەوەرێکی زیندوو بێت، ئاسان، ڕەوان، کورت، سادە بێت و هەڵەی ڕێنووس و تایپی تیا نەبێت. لینک و ڤیدیۆو دەنگ و دوگمەی بەشداریپێکردن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کارا بن. 

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق