14‏/07‏/2017

بەڕێوەبردنی بشێوی !



وێنەكە لە freepic وەرگیراوە


دوو جۆر بەرپرس هەیە، ئەوانیش یان بەڕێوەبەر یان سەركردەن كە ئەركی بەڕێوەبردنی كار لەناو دامەزراوە دەگرنە ئەستۆ، بەتایبەت لەناو دامەزراوەی سیاسیدا، ئەوەیش بە كێشانی نەخشەی ئاڕاستەو دانانی دیدگاو دیاریكردنی سیاسەتەكان، پاشان كلیلەكانی كاركردن دەدەنە دەست ئەو كەسانەی دەستپێشخەری دەكەن یان توانای كاركردنیان هەیە، ئەمانە بەربەستن لەبەردەمە هەر هەوڵێكی تێكدان یان بازدان یان پەراوێزخستن یان بەكەمزانین.
كاتێك بەڕێوەبەر یان سەركردە، ئامانجەكان، دیدگاكان، سیاسەتەكانی كاركردن دادەنێت ئینجا ئەو تیمە هەڵدەبژێرێت بۆ كارەكە، رۆڵی (مەبەست بەڕێوەبەر یان سەركردە) لە دوای ئەو دوو قۆناغە بەدەستەوەگرتنی دەزووەكانە تا بەناو یەكدیدا نەچن‌و پێكدادان ڕوونەدات، لێرە بەدواوە ئەركی دەبێتە كێشانی نەخشەی بوارەكانی هاریكاری نێوان دەستەو تاقم و تاكەكان لەڕێگەی خوڵقاندنی كەشوهەوای دروست‌و بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاودێری و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون . 
بەدواداچوون هونەرێكە هەموو كەسێك ناتوانێت ئەنجامی بدات تەنها ئەو سەركردانە نەبن كە كەسانی ئیلهام بەخشن، یان بەڕێوەبەری داهێنەرن، چونكە چاوێكیان لەسەر پلانەكەیەو چاوێكیان لەسەر چۆنێتی جێبەجێكردنی . بەدواداچوون هونەری رێگەخۆشكردن و لابردنی ئاستەنگ و تەگرەكانە لەبەردەم كاروانەكە نەك پێچەوانەكەی . بەدواداچوون بۆ سەركردە هونەری بەڕێوەبردنی دەرامەت و تاكەكانە بۆ گەیشتن بە دیدگا لەرێگەی بەدیهێنانی ئامانجەكان . 
سەركردایەتی پشت بەستو بە دیدگا، سەركردایەتییەكی شەفاف‌و سینەفراوان و دەستكراوەیە بۆ هەمووان، باوەڕی بە خۆی و هاوكارانی هەیە، سەركردایەتی وزەیەكە لە كەسی سەركردەوە دەردەچێت و دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام و وەك خۆر دەدرەوشێتەوەو ئەستێرەكانی دەورووبەری رووناك دەكاتەوەو هانی ئەوانی تریش دەدات بۆ جوڵە . 
زۆر جار لەناو رێكخستنی سیاسی هەندێك كەس و لەئاستە جیاجیاكانی رێكخستندا، لە چاوتروكانێك یان لە كەشوهەوایەكی بشێویدا دەگەن بەرزترین ئاستەكان، كە لە نەریتی سیاسیدا پێیان دەوترێت سەركردەی كوتوپڕ (صدفە)، ئەمانە بەهۆی ململانییەی ناتەندروستی سیاسی، رێكخستن، بەرژەوەندخواز یان كەسانی ئینتهازی و زمان لوس‌و شان تەكێنن، دەگەنە ئەو پلەو پایە، ئەمانە هیچ سیفەتێكی سیاسی، ڕێكخستن، رووناكبیری سیاسیان نییە، كە فریادڕەسیان بێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورسییەی لەسەری دانیشتوون . ئەم جۆرە سەركردانە لەناو هاوكێشەی بشێویدا تەنێكی بێ ڕوحن، ئەمانە لەبنەڕەتدا سەتڵی خاشاك‌و دەهۆڵ لێدەرو زوڕناژەنن‌و هیچی تر . 
ئەم جۆرە سەركردانە حەزیان لە كەسایەتی (نێرو مێ) لاوازە، ئەو كەسانەی یان خۆش دەوێت كە هەر خەریكی بەرژەوەندی كەسی خۆیانن، چونكە بە ئاسانی كۆنترۆڵ دەكرێن لە رێگەی ترساندن یان پارە یان پلە، یان بەرژەوەندی بازرگانی، بۆیە ئەوانەی شوێنی دەكەون وەك موریدو كۆیلەی دەردەكەون، چونكە بە تەواوەتی خۆیانیان ڕادەستی كردووە، ئێ چ كێشەیەكە خۆ سكیان پڕە با سەركردەی كاتە پێویستەكان سەرچاوەی ئیلهامیان بێت . 
ئەو سەركردانەی هەڵقوڵاوی دۆخی بشێوین، هیچ باوەڕێك و بەهایەكیان نییە، پەیمان دەدەن و پابەندی نابن، زوو زوو لە قسەكانیان پەشیمان دەبنەوەو ڕاستی دەكەنەوە، نیمچە گوێگرن، بە بێ زانیاری پلان دادەنێن، هەوڵەكان‌و سەركەوتنەكانی كەسانی تر بە بێ شەرم و تەریقبوونەوە دەدزن، خەریكی تەكەتولكاری و بە كەسی كردنی شتەكانەن و هەر كەسێك لە فەزای ئەوان دەربچێت بەشێوەیەكی مینۆكی تیرۆر دەكرێت .
ئەو سەركردانەی هەڵقوڵاوی دۆخی بشێوین، هیچ دیدگایەكیان نییە، نازانن پلان و رێكخستن‌و یاساكان چین، رەفتاری سیاسیان هەڵقوڵاوی دۆخە سۆزدارییەكانە، لە پڕ بیرۆكەیان بۆ دێت و یەكسەر بێ رێكخستن وپلان بۆ دانان كاری لەسەر دەكەن، بۆیە كەمترین كات سەركەوتوو دەبن و زۆرترین كاتەكان نەك هەر شكست دەهێنن، بگرە كارەساتی ستراتیژی دەخوڵقێنن .
كاتێك سەركردەو بەڕێوەبەر یچ دیدگا‌و ئامانجێك و پلاندانەرو بە ڕێكخستن و پابەندی یاساكان نەبێت، هەرچەند كار بكات تەنها ماندووبوونی جەستەبی بۆ دەمێنێتەوە‌و هیچ گرنتییەكی نابێت بۆ دەورووبەر . 
ئەزموونی سیاسی كوردی پڕە لەم جۆرە سەركردانە، لە لایەنێكی دیاریكراو نین، بگرە لە ناو هەموو لایەنەكان هەن، لەسەر پەڕە پارتی سیاسی بێوێنە دەخوێنیتەوە كە خاوەنی ستراتیژ و تاكتیك و دیدگاو ئامانج و ... هتد .
بەڵام گرفتەكە لە هەبوونی سەركردەیەكی ڕاستەقینەو ئیلهام بەخشە كە لەناو ئەم هەموو بشێوییە نەهێڵێت دەزووەكانی یارییەكە بەناو یەكدا بچن و پێكدادات دروست ببێت . سەركردەیەك كە پشت ئەستوور بە دیدگاو پلان‌و رێكخستن و دسپلین ... هتد . جرائەتی سیاسی هەبێت و ڕاستگۆیانە لە گەڵ خۆی و دەورووبەرو بنكە جەماوەرییەكەی ڕاستییەكان بخاتەڕوو و بە پاڵشتی و متمانەی پێكردنی هەمووان كەشتییەكە بگەیەنێتە كەناری ئارامی بێ ئەوەی كەس بیر لە كونكردن گەشتییەكە بكاتەوە .

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق