12‏/01‏/2017

هەواڵی ساختە Fake News




بەدرێژایی مێژوو، پڕوپاگەندەو هەواڵی درۆو دروستكراو، رۆڵی خراپیان گێڕاوە لە نانەوەی بشێوی و ئاشوب و جەنگ لەنێوان دەستەو تاقم و وڵاتان و دەرئەنجامی كارەسات باری هەبووە .
لەگەڵ دەركەوتنی ئینتەرنت‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و برەوسەندنی ئەوەی پێیدەوترێت، رۆژنامەوانی (میللی/هاوبەشی/شەقام/هاوڵاتی/جێگرەوە/ویب2.0/سەرچاوە كراوە/دیموكراتی) رێژەی هەواڵی ساختە تا دێت هەم لە هەڵكشاندایەو هەم مەترسی زیاتری دەبێت .
رووداوەكانی بەهاری عارەبی و رۆڵی (هاوڵاتی رۆژنامەوان) لە گەیاندنی ڕاستییەكان، جیهانی ئاشناكرد بەوەی لەو وڵاتە پۆلیسیانە دەگوزەرێ‌، ئەم ڕەوشە لە سەرەتاوە تەندروست بوو، تەنانەت كاتێك پەرلەمانی بریتانیا پەردەی لەسەر ئابڕوچوونەكەی كەناڵی جەزیرەو سی ئێن ئێن لە شێواندنی ڕاستییەكان لە لیبیا هەڵماڵی كاری هاوڵاتی رۆژنامەوان زیاتر بایەخی پێدرا، كەناڵە جیهانییەكان زیاتر بایەخیان بەو وێنەو ڤیدیۆیانە دەدا كە خەڵكی سادە لە رێگەی مۆبایلەوە دەیانگرت .
لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕش لە میسرو پاشان سوریا، پەیتا پەیتا رەوشەكە گۆڕانكاری بەسەردا هات، هەردوو لایەنی دژ بە یەك كەوتنە بڵاوكردنەوەی وێنەو گرتەی ڤیدیۆ لەبارەی ڕوداوەكان بۆ سەرلێشێواندن، ئەگەر چی چالاكوانان دەیان شێوازیی جیاجیایان گرتە بەر بۆ پاراستنی ڕاستگۆیی و بێلایەنی لە گواستنەوەی روداوەكان، بەڵام سەركەوتنەكان رێژایی بوون، چونكە سوپای ئەلكترۆنی سوریا (كە لە گروپێكی هاكەرزو پسپۆڕی میدیای پێكهاتوون) توانیان هەر زوو سوود لە ئامرازەكانی بەردەستیان وەرگرن بۆ شێواندنی ڕاستییەكان، هەمان شت لە میسرو لیبیاو عێراق دووبارە بووەوە، بەڕادەیەك رۆژانە دەیان هەواڵ (وێنە/ڤیدیۆ/گواستراوە لەسەرچاوەی نادیار) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرچاومان دەكەوێت . 
هاتنی داعش و داگیركردنی رووبەرێكی فراوان و هەڵمەتی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بۆ لەناودانی رۆژنامەنووسان و چالاكوانان لە لایەك و هاوكاتبوونی ڕووداوەكان لە چەند ناوچەیەكی جوگرافی، رۆڵی ئاشكرابووی دامەزراوە سیخوڕییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانانی لە پیشاندانی داعش وەك هێزێكی تۆقێنەر، گرژی تایفی و نەتەوەیی هێندەی تر ناوچەكەی نوقمی هەواڵی ساختەكرد . 
لە ئەمڕۆدا ئەمە دۆخە ئاڵۆزە نەك تەنها ناوچە گەرمەكانی گرتووەتەوە بگرە بە دونیادا بڵاوەی كردووەو میدیای زەبەلاح و بەناوبانگ دەستیان تێدا هەیە . 
مەترسییەكانی هەواڵی ساختە Fake News لە ئەمڕۆ دا زۆر زۆرە بەڕادەیەك لە دوا هەفتەی مانگی دیسەمبەری 2016 خەریكبوو جەنگی ئەتۆمی لە نێوان  ئیسرائیل و پاكستان هەڵگرسێنێت، (سەرەتا ماڵپەرێكی ساختە هەواڵی ئەوەی دا كە ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر پاكستان هێز بنێرێتە سوریا ئەوا بۆردومانی دەكات، زۆری نەبرد وەزیری بەرگری پاكستان لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر هەڕەشەی بەكار هێنانی چەكی ئەتۆمی كرد لە ئیسرائیل، دوای وردبوونەوە دەركەوت هیچ بەرپرسێكی ئیسرائیلی لێداوانی وای نەداوە) . 
هەواڵی ساختە لە ئێستادا بووەتە جێگەی بایەخی سەنتەرە گەورەكانی لێتوێژینەوەو پسپۆران‌و تەنانەت كۆمپانیا گەورەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەمووان لە هەوڵی داڕشتنەوەی سیاسەتی بەكارهێنانی نوێن بۆ بەكارهێنەران و دانانی ئامرازی نوێی قەڵاچۆكردنی هەواڵی ساختەن، دەستپێشخەرییەكان لە گوكڵ، تویتەر، فەیسبوك، دەیان رێكخراوو سەنتەرو كۆمپانیای میدیایی خەریكە شێوە دەگرێت تا هەم بۆ خۆیان هەم بە شێوەی دەستەجەمعی كار لەسەر نەهێشتنی هەواڵی ساختە بكرێت . 
ئەگەر فەیسبوك بە نموونە وەرگرین ئەوا بە شێوەیەكی فەرەمی رایگەیاندووە كە لە 2017 پەرە بە چەندان ئامراز دەدات بۆ قەڵاچۆكردنی هەواڵی ساختە، لەم پێناوەیشدا كار لەگەڵ دامەزراوەكانی وەك (سنوبس- كۆمپانیایەكی شارەزایە لە بواری پێداچوونەوەی راستییەكان) ، هەروەها (ABCnews) و (ئاسۆشێتد پریس) دەكات تا هاوكار بن لە سەلماندنی ڕاستی ‌و دروستی هەواڵ. ئێستایش یەكێ لە ئامرازەكانی بەردەستە بۆ بەكارهێنەرانی فەیسبوك .
لە ئێستادا هەڵمەتێكی جیهانی توند دژی هەواڵی ساختە هەیە و هەمووان بە گوڕو تینەوە رووبەڕووی دەبنەوە، ئامراز و ماڵپەڕو نووسین و لێكۆڵینەوەو بەرنامە دروست دەكرێت تا رێگری لە هەواڵی ساختە بكرێت كە بە نەخۆشی سەردەم و بە سەرچاوەیەكی نارامی و ناسەقامگیری لە جیهان دادەنرێت . 
.
پەیجی Tach4peace پەیجێكی عێراقییە بۆ چاودێری و بە درۆخستنەوەی هەواڵی ساختە لەسەر ئاستی عێراق .  كلیك لەسەر وێنەكە بكە  :




رێبەرێك بە زمانی كوردی لەبارەی دۆزینەوەی سەرچاوەی راستەقینەی وێنە .  



0 كۆمێنت:

إرسال تعليق