05‏/01‏/2017

بۆ چی کوردانی سوریا دەستبەرداری ڕۆژئاڤا بوون


خورشید دەلی
وەرگێڕانی ئاسۆ وەهاب 

دوای چوارساڵ لە ڕاگەیاندنی پرۆژەی حوکمی زاتی لە لایەن کوردەکانەوە لە ڕۆژئاواو ڕاگەیاندنی هەرێمی ڕۆژئاڤا-ڕۆژئاوای کوردستان، لە کۆبوونەوەی ڕمیلان، کە ۱٦٥ کەسایەتی حیزبی و سیاسی کوردی سوریا ئامادەی بوون، بڕیاردرا زاراوەی ڕۆژئاڤا هەڵگرێت و لەبری ئەو زاراوەی فیدرالییەتی باکوری سوریا لە ڕووی سیاسییەوە مامەڵەی پێ بکرێت، ئەوانەی لەوێ کۆببوونەوە پێیانوایە فیدرالییەت چارەسەرێکی دیموکراتیانەیە بۆ قەیرانی سوریا .
سەرەتا لەلایەن ناوەندە سیاسی و ڕووناکبیریە کوردییەکان دژایەتی ئەم هەنگاوە کرا، هەندێک لەوە زیاتر چون بە خیانەتیان دایە قەڵەم، پێیانوابوو ئەوە خیانەتە لە ئاواتە نەتەوییەکانی کورد، تەنانەت هەندێک وتیان ئەوەی ڕویداوە تەواوکردنی ڕێکەوتنی نێوان ڕژێمەکەی ئەسەدو پەیەدەیە .
ئەوانەی لە ڕمیلان بڕیاریاندا زۆر گوێیان بە ڕەخنەکان نەدا، پێیانوابوو ئەم پرۆژە تازەیە زیاتر لەگەل پێدراوە سیاسی و واقیعی نوێ دەگونجێ، لە ڕووی ناوەڕۆکەوە لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی زیاتر قبوڵکراوترە، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوەی کراوە پاشەکشەکردن نییە لە خواستە نەتەوەییەکانی کورد، بەڵکو خۆپاراستنە لە چوارچێوەی نیشتمانی سوریا، چونکە فیدرالییەت، ئەو خواستانە دوور لە بەرکەوتنی نەتەوەیی و لەسەر شوناس مسۆگەر دەکات، بەتایبەت لایەنە خۆجەییەکانی وەک ئاشوری و سریانەکان لە گەڵ ئەو جوڵانەوەیە نەبوون کە زیاتر مۆرکێکی نەتەوەیی هەبوو .
دوور لە هەموو ئەو پاساوانەو قبوڵنەکردنی ئەو هەنگاوە، با لە چوارچێوەی پەرەسەندنە دراماتیکییەکانی گۆڕەپانی سوری لەم ماوەیە بڕوانینە ڕووداوەکە، بەتایبەت دوای یەکلاکردنەوەی سەربازیانەی شەڕی حەلەب لە بەرژەوەندی ڕژێمی ئەسەدو هاوپەیمانانی کە دیارترین پەرەسەندنەکان بریتی بوون لە :
یەکەم : ڕاگەیاندنی پرۆژە نوێکە، لە سایەی چاودێری ڕوسیا بۆ دانوستاندنەکانی نێوان ڕژێم و پارتە کوردییەکان کراوە کە لە بنکەی حمیمیم بەڕێوە چووە . ڕاستە خولی یەکەمی دانوستاندنەکان شکستی هێناو لایەنەکان نەگەیشتنە ئەنجام، بەڵام هەردوو لا ڕێککەوتن لەسەر دانوستاندن، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە پەیوەندییە پچڕاوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو جارێکی تر دەگەڕێتەوە .
دووەم : ڕاگەیاندنی پرۆژە نوێکە، لەکاتێکدایە ئامادەکارییەکان بۆ دانوستاندنەکانی ئەستانە بەردەوامە، بەفەرمی ڕوسەکان داوایان لە کورد کردووە وەفدێکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ بەشداری لەم دانوستاندنەو پاشان بەشداری کردن لە خولێکی تری دانوستاندنەکانی ژنیڤ کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت .
سێیەم : ڕاگەیاندنی پرۆژە نوێکە، دوور نەبوو لە پەرەسەندنەکانی ئۆپراسێونی سەربازی قەڵغانی فورات و پێشڕەوی (بەناو ئۆپۆزیسیۆن+تورکیا) بەرەو شاری باب، کە شوێنێکی ستراتیژییەو ئەو هێزانە بە تەواوی نزیکبوونەتەوە لە گەمارۆدان و چوونە ناو شارەکە، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات واتا خەونی پێکەوە گرێدانی کانتۆنە کوردییەکان عەفرین و کۆبانێ تا دەگاتە جزیرە هەرەس دەهێنێت، ئەمەیش واتا هەرەسی هەرێمێکی کوردی بە مۆرکێکی نەتەوەیی لە ئاییندەدا .
چوارەم : ناتوانرێت دوور لە کارلێکبوونی پەیوەندییەکان لە نێوان ڕوسیاو تورکیا بڕوانینە ئەم پرۆژە نوێیە، کە فاکتەرێکی کاریگەرە لەسەر قەیرانی سوریا بە هەدوو دیوی مەیدانی و سیاسی، بەتایبەت ئەم نزیکبوونەوەیە هەم لە ڕووی هەرێمایەتی و هەم نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکرێت .
پێنجەم : کوردەکان گومانێکی قوڵیان لە ئیدارەی نوێی ئەمریک بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ هەیە، لەوانەیە پشتیوانی ئەمریکا وەک سەردەمی باراک ئۆباما بەردەوام نەبێت، بۆیە ئەمە هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ خۆ ئامادەکردن لە ئەگەری پشتیوانی نەکردنی ئەمریکا لە کوردەکان و کەمکردنەوەی شوێنەواری ئەو هەنگاوە، ئەگەر چی لە ئێستادا کوردەکان لەسەر زەمینەی واقیعی سوریا تاکە هێزی کارای هاوپەیمانی ئەمریکان .
کۆی ئەو فاکتەرانەی پێشوو، کڕۆک و هۆکارەکانی پشت تێکردنە لە زاراوەی ڕۆژئاڤا بۆ بەرژەوەندی فیدرالییەتی باکوری سوریا ، ئەگەر ئەم بڕیارە ڕەنگدانە سیاسەتی پراگماتیکیانەی کورد بێت بۆ ئەگەرە ئاییندەییەکان ، ئەوا ڕەنگدانەوەی گەورەی ناکۆکی نێو ماڵی کوردییە، کە کێشەی پەرتبوون و ململانییەی توند لە نێوان هەولێرو قەندیل هەیە .
ئەم بابەتە چۆنە ؟

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق