06‏/10‏/2015

گۆڕانكارییە مەزنەكە ؟


لەكاتێكدا هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا چەند ساڵێكیان وەك مەزەندە بۆ كۆتایهێنان بە داعش دانابوو، ئەمڕۆ پسپۆڕە سەربازییە روسەكان ئەو تەلیسمە دەشكێنن كە ئەمریكاییەكان لەبارەی داعشەوە وێنایان كردبوو . لە نوێترین لێدوانەكانی سەركردە سەربازییەكانی روسیا لە سوریا، مەزەنەی كۆتاییهاتن بەو دۆخە ناهەموارەی سوریا تا ئەوپەڕییەكەی كەم دەكردووەو پێیانوایە لە ماوەی كەمتر لە 4 مانگ كێشەی تیرۆرو داعش چارەسەر دەكەن . 

لە سبەینێوە چینییەكان دێنە سوریا، ئەوانیش بەرژەوەندییەكانی خۆیان هاوشێوەی روسیا دەپارێزن، رەنگە زۆرێك وا بزانن ئەوان تەنها بەرژەوەندی ئابووری دەپارێزن، ئەمە دروستە بەڵام دیوێكی تر هەیە خەڵكی ئاسایی نایبینن ئەویش بنبڕكردنی تیرۆریستانی چیچانی (روسیا) و ئەیگۆری (موسڵمانەكانی چین)ـە .
پاشەكشێی گروپە تیرۆریستییەكانی (سوپای فەتح)و (احرار الشام)و (بەرەی نوسرە) كە لە لایەن ئەمریكاو توركیاو وڵاتانی عەرەبییەوە پشتگیری دەكرێن بەرەو باكوور(توركیا)و باشووری رۆژهەڵات (عێراق) گەواهی كاریگەری ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەكەی روسیایە لە چەند رۆژی رابردوودا، بە دیوەكەی تریشدا دوفاقەیی هاوپەیمانان دەردەخات لە مامەڵەكردن لەگەڵ رەوشی سوریا بە گشتی‌و چۆن هەمووانیان هەڵخەڵەتاندووە .
ڕاستە دەرئەنجامەكان بەم ماوە كورتە دەرناكەون، بەڵام ئاماژەكان‌و دەرئەنجامی بۆردومانەكان لەسەر زەوی گەواهی سەركەوتن دەدەن، بەتەواوەتی جوڵەی تیرۆریستان لە ئەدلب‌و دەورووبەری، رەقەو دەورووبەری، دیرزور پەك خستووە . 
روسەكان یارییەكە بە هەڵەشەیی كاوبۆی ئەمریكی ناكەن، لە ماوەی ڕابردوودا بە وردی ڕەوشەكەیان هەڵسەنگاندووە، پێش هەموو شتێك جەنگی دڵەكانیان بردووەتەوە، بەتایبەت سورییەكان، پاشان كاتێك كار گەیشتە ئەوەی هاوپەیمانان گەمە بە كارتی كورد بكەن، هەر زوو سیرگی لافرۆف هاتە سەر خەت‌و پشتیوانی لە كورد كردو ئامادەیی روسیای پیشاندا بۆ هاوكاری سەربازی بۆ كورد لە رۆژئاوا، تەریب بەمە دڵی ئەڵمانەكانی ڕازی كردووەو ئەمڕۆ شیرینی بەوانی تر بەخشییەوە كاتێك بڕیاری زیاتركردنی هەناردنی غازی بۆ ئەوروپا دا، هەر ئەمڕۆیش ڕاوێژكارەكانی هەناردە عێراق .
زۆرێك پێیانوایە سوریا دەبێتە ئەفگانستانێكی تر بۆ روسەكان، ئەمە هەڵەیە بۆ ؟ لەبەر ئەوەی وەك پێشتر وتمان ئەوان سوودیان لەو كوشتارە وەرگرت كە گروپە تیرۆریستییەكان لە وڵات ئەنجامیان داوەو پێش هەموو شتێك شەڕی دڵانیان بردووەتەوە، دیمەنی داكەندنی جلی رەش‌و پۆشینەوەی جلوبەرگی سوننەتی وئایینی سورییەكان‌و بڕی زانیارییە سیخوڕییەكان كە لە رێگەی هاوڵاتیانەوە دەگاتە ژووری ئۆپراسیۆنەكان لەبارەی بارەگاو گردبوونەوەو هاتوچۆی گروپە تیرۆریستەكان ئەمە پشتڕاست دەكەنەوە . هاوكات جوڵەی هاوڵاتیان لە نێوان رۆژهەڵات‌و باكوورو ناوڕاست بەرەو دیمەشقی پایتەخت دەستی پێكردەوە .
ئێستا ئامادەكاری بۆ دوو سیناریۆ دەكرێت بە لەبەر چاو گرتنی ئەولەوییەتەكان، ئەوانیش بەم شێوەیە دەبن، پاككردنەوەی (جسر شغور) پاشان ئەدلب یان پاككردنەوەی دەووبەری رێگەی حەلەب، لەگەڵ دابەزاندنی هێزی سەربازی لە رەقەو دیر زور .
بەشەكەی تر پەیوەستە بە كۆنترۆڵكردی سنوورەكان (توركیا-عێراق) بۆ رێگەگرتن لە گەیشتنی هاوكاری سەربازی بەتایبەت سنووری توركیا، ئەمەیش بە هەڵگرتنی سیستەمی بەرگری پاتریۆت لە لایەن ئەمریكاوە لە توركیا، ڕەزامەندی لەسەر وەرگیراوەو چاوەڕوانی كاتژمێری سفری دەستپێكردنە . بەوەیش تەواوی سنوورەكان بۆ دەربازبوونی تیرۆریستان كۆنترۆڵ دەكرێن‌و ئینجا بە تەواوەتی كار بۆ پاككردنەوەی ناوخۆ دەكرێت لە تیرۆریستان . 
پەرچەكرداری لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنی توندڕەوی سوریا گەواهی كاریگەری ئۆپراسێۆنە چەند رۆژییەكەی روسەكان دەدات، هاوكات دروستبوونی دەمەقاڵە لە نێوان شۆڕشگێڕە سورییەكان‌و چەكدارە بیانییەكان ئاماژەن بۆ بچڕانی بازنەی پەیوەندی نێوان هەردوو لا .
ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە ئەوەیە كە كوردانی رۆژئاوا بە دووربینیان هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی سوریا، لایەنگری هیچ بەرەیەك نەبوون‌و هاوسەنگیان لە نێوان هەمووان پاراست، ئەمڕۆ وەك هێزێكی گەورە لەسەر زەمینی واقیع هەمووان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن‌و هەوڵی ئەوە دەدەن بەلای خۆیاندا ڕایان بكێشن، بۆیە لە چەند رۆژی دادێ‌ جموجوڵەكان بۆ لای كوردان دەست پێدەكات بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لە هاوپەیمانێتی هەردوو هێزە گەورەكە روسیاو ئەمریكا، ئیدی تۆپەكە دەكەوێتە گۆڕەپانی ئەمان‌و گرنگە بە هوشیارییەكی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەن . 

ئەم بابەتە چۆنە ؟

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق