05‏/02‏/2015

داعش چۆن شەڕی میدیای كۆمەڵایەتی بردووەتەوە (تویتەر) بە نموونە


ئاسۆ وەهاب*

داعش هیچ ئامرازێكی میدیای تەقلیدی بەكار ناهێنێت، دیارە ئەمەش پەیوەستە بە ئاسایشەوە، بۆیە بە تەواوەتی پشتی بە میدیای نۆی (میدیای كۆمەڵایەتی) بەستووە، تەواوی چالاكییە میدیاكانی (ڤیدیۆ-بەخشە دەنگییەكان-بڵاوكراوەكان)ی داعش لە رێگەی دامەزراوەی (الفرقان)ـەوە ئەنجام دەدرێت، بڵاوكردنەوەیش جگە لەو شوێنانەی كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیان لە رێگەی تۆڕی نت وە دەبێت . دیارترین ئەو ئامرازانەی ریكلامكردن كە داعش بەكاری دەهێنێت (تویتەر) بە پلە یەك، ئەمەش بە هۆی ئەوەی پەیوەستكردنی ئەكاونتی تایبەتی تویتەر بە هەر نەوەیەكی مۆبایلەوە تەنانەت مۆبایلی نەوەی یەك بێت بە خۆڕاییەوەو بە بێ بوونی ئەنتەرنت تاك‌و دەستەو تاقمەكانی داعش دەتوانن هەواڵەكان بگوازنەوە، لێرەشدا كارەكە بە هەڕەمەكی نییە بگرە زۆر رێكخراوە، لەسەر تویتەر جەماوەری داعش دەبنە 4 جۆرەوە (ئەندامان- لایەنگران-هەوادارن-دۆژمنان) تێكڕا پێكەوە خزمەتی پیامە بڵاوكراوەكانی داعش دەكەن، داعش بە سەلیقەیەكی زۆرەوە هاشتاگەكانیان # لەسەر تویتەر هەڵدەبژێرن لەگەڵ بەكار هێنانی تەكنیكی (تویت ستۆرم-تۆفانە تویت) بۆ نموونە كاتێك داعش تویتی A بە بەكارهێنانی هاشتاگی #Abcd  دەكەن راستەوخۆ ئەندامانی داعش ریتویتی تویتەكە دەكەنەوە (هەرگیز تویتەكە كۆپی پەیست ناكەن) بەم كارە هەم رەواجی پێدەدەن هەم هێزی پێدەبەخشن، بە دوای ئەواندا لایەنگران جارێكی تر ریتویت دەكەنەوە، پاشان هەواداران ریتویت دەكەن، لێرە بە دواوە كاری ئەوان تەواو دەبێت ئینجا (دوژمنان) خزمەتی داعش دەكەن چۆن ؟؟


لە پێناو بەدەستهێنانی پێشەنگی‌و زیادكردنی بینەرو بیسەرو كلیكی زۆر بۆ ماڵپەڕەكانیان دوژمنانی داعش لە رێگەی میدیای تەقلیدی‌و نوێوە دەبنە تەواوكەری تەكنیكی (تویت ستۆرم) بۆ داعش‌و (ماددە میدیایەكە) دەگەیننە تەواوی جیهان .
زۆر جار دوژمنانی داعش بۆ ریسوا كردنی تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی دەكەونە داوی ستراتیژییەتی بڵاوكردنەوەی داعش بەوەی وێنە‌و گرتە ڤیدیۆیەكانی تاوانەكان بڵاو دەكەنەوە، بەڵام لە راستیدا ئەوان جارێكی تر دەبنەوە ئامرازێك بۆ رەواجدان‌و بڵاوكردنەوەی پەیامە شاراوەكانی داعش (پێویستە ئەو راستییە بزانرێت كە تەواوی وێنەو ڤیدیۆكانی داعش بە ئامێری پێشكەوتوو كەسانی شارەزا بەرهەمی دەهێنن، باگراوند-ئیفێكت-گۆشەی گرتن-كاری گرافیك-مۆنتاج كەسانی پسپۆر كاریان لەسەر كردووە، تەنانەت پەیامەكان دوو دیویان هەیە، دیوێكیان پێمان دەڵێت "ئێمە بەهێزین نابەزین بۆ ئەوە هاتووین بمرین" دیوەكەی تریش پێمان دەڵێت "بترسە-بتۆقە-رووبەڕوومان مەبەرەوە-هەڵبێ‌" ) .
تۆ كاتێك وێنەی پاڵەوانێكی شەهید بڵاو دەكەیتەوە، دواجار لە ئاوەزی وەرگر جارێكی تر شێوازی شەهیدبوونەكەی (سەربڕین-سووتان-هەڵدان لە بینایەیەكی بەرزەوە) بەرهەمدەهێنیتەوە، جارێكی تر (ترس-تۆقاندن) لە داعش بەرهەمدەهێنیتەوە . 



تێبینی زۆر گرنگ : ناكرێت‌و نابێت بە هیچ بیانوویەك ئازادی‌و كراوەیی ئەنتەرنت پێشێل بكرێت، چونكە پەكخست‌و داخستنی ئەنتەرنت جارێكی تر خزمەتی داعش دەكات، بە پێچەوانەوە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ئەلكترۆنی‌و دامەزراندن‌و كاراكردنی دامەزراوەیەكی تایبەت بە شەڕی ئەلكترۆنی باشترین چارەسەرە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش . 

* راهێنەر TOT لەبواری میدیای كۆمەڵایەتی‌و ئاسایشی ئەنتەرنت

ئەم بابەتە چۆنە ؟

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق