20‏/09‏/2013

هەڵبژاردن‌و رۆژی جیهانی ئاشتی

وێنە : google

سبەی 21/9/2013 رۆژێكی مێژووییە بۆ ئەزموونی كوردستانیان لە باشووری وڵات، باشوورێك كە بە درێژایی ماوەی رابردوو بە ژیری تەواوی جەماوەرەكەی‌و سەركردە سیاسییەكانی توانیویەتی لەناو ئەو ململانییە هەرێمایەتی‌و نیودەوڵەتیانە تا ڕادەیەك خۆڕاگر بێت‌و ئاسایشی كۆمەڵاتی خۆی بپارێزێت . سبەی چاوی تەواوی جیهان لەسەر باشوورە، سبەی مێژوو دەنووسرێتەوە، هاوكات لەكەڵ ئەوەی كە سبەی رۆژی جیهانی ئاشتییە دەخوازم هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن‌و ئەو راستییە لەبەر چاویان بێت كە لەو رۆژە زۆر گرنگە  ئاشتی كۆمەڵایەتی لەبەر چاو بگیرێت، هاوكات هەڵسەنگاندنی هەر ئەزموونێكی سیاسی دونیا لە رێگەی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێندرێت، هەر بۆیە خوازیارم ئەزموونێكی نموونەیی لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا پیشانی جیهان بدەین . 
لە گەمەی دیموكراسیدا وەكو ئەوەی هەندێك نەخۆشی سیاسی وێنای دەكەن لە باشوور ، دۆڕاو بوونی نییە، بگرە هەمووان هاوبەشن لەسەركەوتنێكی مەزن كە ئەویش شایەتی دونیایە لەسەر بێگەردی هەڵبژاردنەكان، دروستە من وەك هەوادارێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەخوازم نەك نیوەی پەرلەمان بگرە تەواوی كورسییەكانیش بەدەست بهێنین، بەڵام ئەوەی بەلای منەو بەلای زۆرێك لە خەڵكی ژیری ناو یەكێتیی ئیدی چی كادیر بن یان هەوادار گرنگە بەرەو پێشبردنی ئەزموونەكەیە نەك كورسی زیاتر . 
بەداخەوە ئەوەی زۆرێك لە كەناڵە بەناو ڕاگەیاندنەكانی كوردستان دیكەن جێگەی نیگەرانییە، ئەوانە بانگەشە بۆ لێدان لە ئاسایشی كۆمەڵایەتی‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكەن، ئەو كەناڵانە نە ئاگایان لە ئەلفوبێی بانگەشەیەو نە ئاگایان لە ئەلفوبێی ململانییەی سیاسی تەندروستە، هەروەها زۆربەیان رق‌و كینە دەچێنن‌و هەڕەشەی راستەوخۆن لە سەر ئەزموونی باشوور بۆیە گرنگە هەر پارتێكی سیاسی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەكەی سبەی بە سیاسەت‌و ستراتیژی راگەیاندنی خۆی بچێتەوە تەواوی ئەوانەی لەپشت چاندنی دووبەرەكی كۆمەڵایەتین دوور بخەنەوە . 
سبەی هەمووان براوە دەبین ئەگەر بە (زمانی گوڵ)و بە فەلسەفەی (چەپكە گوڵ) رۆژی هەڵبژاردن ببەنە سەرو چەپكە گوڵێكی زیندوو بنێرنە پەرلەمان . 
رۆژی جیهانی ئاشتیش لە هەموو كوردستانیان لە باكور باشوورو رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا پیرۆز بێت . 
خوای گەورە ئەم وڵاتە بپارێزێت 

ئەم بابەتە چۆنە ؟

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق