23‏/06‏/2013

ئیسلام یەك ئایین‌و دوو دیاردەی كەلتووری جیاواز



ئاسۆ وەهاب

پێش ساڵێك لە دوو وتار بە زمانێكی بێگانە هەندێك زانیاریم لە سەر بیری (فتح الله گوڵەن) خوێندەوە، پێشتر ئەم ناوەم بیستبوو بەڵام هیچ زانیارییەكەم لەسەری نەبوو، پێش كەمتر لە مانگێكیش كتێبی (نووری محەمەد)م بەردەست كەوت‌و خوێندمەوە راستی بڵێم ئەو وەرگێڕانە كە بە دەستەیەك كرابوو بە دڵ نەبوو، تا ئەو كاتەی لەم دواییانە لە پێشانگای كتێب لە كەلار 6/2 چەند بەرهەمێكی ئەو كەڵە نووسەرەم بینی‌و خوێندمەوە .
یەكەم هەستێك لە دوای خوێندنەوەی هەر یەك لە (فتح الله كولن..جذوره الفكرية واستشرافاته الحضارية – الانبعاث الحضاري في فكر فتح الله كولن – فتح الله كولن امام النهضة الاسلامية في تركيا المعاصرة – محاورات حضارية، حوارات نصية بين فتح الله كولن وفلاسفة الفكر الانساني) . ئەوەیە كە ئێمە لەبەردەم دوو ئیسلامی جیاوازداین، ئیسلامێكی بارگاوی بە كەلتووری عەرەبی‌و ئیسلامێكی بارگاوی بە كەلتووری ئەوەی پێی دەوترێت عەجەمی .
ئیسلامێكی عەرەبی كە تا رۆژگاری ئەمڕۆ نەیتوانیوە خۆی لە كەلتووری خێڵەكی عەرەبی بە هەموو یەكە پێكهێنەرەكانی ئەو كەلتوورە رزگار بكات، بۆیە هاوشێوەی سەردەمی جەهالەت نموونەیەكی ئیسلامی خوێنرێژ، دژ بە مرۆڤایەتی، كە جگە لە شێواندنی ئایینەكە‌و بەرفراوانكردنی رووبەری جوگرافی ئەوەی پێیدەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی هیچ بەشدارییەكی تری روونی نییە لە بونیادنانی ئەوەی پێدەگوترێت كەلتووری عەرەبی ئیسلامی . جگە لە ناوی سەركردەی سەربازی ناوی زانایەك لە كۆی بوارەكانی زانین بە دەگمەن دەبینین . (مەبەستی خەڵكی دوورگەی عەرەبی بێت، بە نەجدوو حیجازەوە) .
لە بەرامبەر ئەم نموونە كەلتوورییە، ئیسلامێكی عەجەمی دەبینین كە بەشدارێكی كارایە هەر لە سەردەمی پێغەمبەرەوە (د.خ) تا رۆژگاری ئەمڕۆ لە بونیادنانی شارستانییەتی ئیسلامی، ئەم دیاردەیە چەندین كەلتووری گەورەی مێژووی مرۆڤایەتی لە پشتیەوەیە وەك كەلتووری دۆڵی نیل بە مێژوویەكی 8 هەزار ساڵی لە بوونیادنانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی‌و كەلتووری میزۆبۆتامیا‌و هیندستان‌و ئیرانی باستان‌و رۆم‌و فینیقی‌و ...هتد .
لە نموونەی كەلتووری دووەمدا دەست بۆ ناوی هەر پێشڕەوێكی بواری زانین دەبیت لە جیهاندا زانایەكی ئیسلامی(عەجەمی) پێشەنگە، رەنگ تاكە بوارێكی شارستانی كە عەرەبەكان خستبێتیانە سەر كەلتووری ئیسلامی (عەرەبی) تەنها بواری شیعر بێت كە لە جیهانی ئەمڕۆیشداهێندەی (شانامەی فیردەوسی‌و بوستان‌و گوڵستانی سەعدی) بەناوبانگ نین .
ئەم دوو نموونە كەلتووریە تا ئەمڕۆیش ئامادەیی هەیە، بە ئەرێنی‌و نەرێنی كاریگەرییان لە سەر ئیسلام لە زەینی ئەوی تردا هەیە ، نموونەیەكی سەلەفی جیهادی‌ونموونەیەكی ئەزهەری و هزری ناوەندگەری‌و ئیخوانی، نموونەیەكی تالیبان‌و وەهابی‌و سەلەفی‌و نموونەیەكی هاوشێوەی شوێنكەوتووانی هزری فتح الله گوڵەن .
ئەوەی گرنگە بە لای منەوە كە ئەوەی ئەم بابەتە دەخوێنێتەوە، بەشداری كورد لەم كەلتوورە ئیسلامییە لە خانەی كام دیاردەی كەلتووری، (ئیسلام)ی عەرەبی یان عەجەمی دەبینێت ؟ پاش ئەوەی بە وردی بەراوردت كرد دەزانی كە ئیسلامەكەی (محەمەد ((د.خ)) لە حەقیقەتدا نزیكترە لە دیاردە كەلتوورییە ئیسلامییە عەجەمییەكە نەك عەربییەكە .


ئەم بابەتە چۆنە ؟