09‏/08‏/2011

رێكخراوی ( ئیپاك ) دابەشبوونی ئینتما لە نێوان ئەمریكا‌و ئیسرائیل


لێژنەی ئەمریكی – ئیسرائیلی بۆ كاروباری گشتی Committee Affairs American-Israeli Public كە بە كۆمەڵەی ئیپاك AIPAC دەناسرێتەوە، یەكێكە لە بەناوبانگترین گروپەكانی فشاری یەهودی لە ئەمریكا‌و بە یەكێك لە پێنج گروپە فشارە زۆر بەهێزەكەی واشنتن دی سی دادەنرێت، لە سایتی فەرەمی گروپەكەدا بەم شێوەیە ئاماژە بۆ خۆیان دەكەن (رۆڵی گروپەكەمان پێشكەشكردنی زانیاری بەكەڵكە بۆ دروستكارانی بڕیار لە ئەمریكا) بە تەواوەتیش نەرێی ئەوە دەكەن هیچ فشارێك پیادەبكەن لە سەر سیاسەتمەدارانی ئەمریكا تا پشتگیری ئیسرائیل بكەن .
كار‌و چالاكی ئەم رێكخراوە تەنها لە واشنتنی پایتەختدا كۆ نەكراوەتەوە، بگرە ئەو سنوورەی بەزاندووەو لە سەرتا سەری ئەمریكادا بە هۆی ئۆفیسە خۆجەییەكانییەوە كارو چالاكییەكانی لە دەرەوەی پایتەخت بەڕێوە دەبات، ئەم رێكخراوە خاوەنی هەموو توخمەكانی سەركەوتنە بۆ سەرخستنی كارەكانی، لەگەڵا ئەو رێكخستنە ناوخۆییە بەهێزەی رێكخراوەكە، هەنووكە بە سومبولێك دادەنرێت بۆ ئەو رێكخراوانەی كە كاری پێشكەشكردنی زانیاری‌و رێنمایی دەكەن لە پایتەخت، تەنها ئامادەبوونی سەرۆك ئۆباما‌و پێش ئەمیش سەرۆك بۆش لە كۆبوونەوەی ساڵانەی رێكخراوەكە بەسە، بۆ درككردن بە پایەو بەهێزی ئەم رێكخراوە لە ئاستی سیاسەتی ئەمریكادا .

مێژووی ئیپاك
ساڵی 1951 ئیپاك سی كینین دایمەزراندووە، لەسەرەتادا ناوی لیژنەی پەیوەندییەكانی ئەمریكی – ئیسرائیلی بوو، لەو قۆناغە ئاستی پەیوەندی نێوان رێكخراەوكەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا باش نەبوو، بۆیە كینین، رووی كردە رازیكردنی ئەندامانی كۆنگرسی ئەمریكا تا پشتگیری ئیسرائیل بكەن، لە رێگەی هاوكارییەكانی دەرەوە كە رەزامەندی ئەندامانی دەستەی یاسادانانی دەوێت، لەم كارەیدا كینین سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا، ساڵی 1967 بە لوتكەی چالاكییەكانی ئیپاك دادەنرێت، توانیان سەرنجی كۆمەڵگەی سیاسی ئەمریكی بۆ لای خۆیان بكێشن، قایلیان بكەن بەوەی ئیسرائیل تاكە هاوپەیمانی بەهێزو تاكە دەوڵەتی دیموكراتە لە ناوچەكەو ‌و رازیان بكەن بە پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ سەركەوتن لە جەنگی ئەو ساڵەدا، ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك ریگان بە سەردەمی زێڕینی ئیپاك دادەنرێت، لەو ماوەیە (1981-1993) ژمارەی ئەندامانی لە 8 هەزار ئەندامەوە بوو بە 50 هەزار ئەندام، بودجەی ساڵانەی لە یەك ملیۆن دۆلارەوە گەیشتە 15 ملیۆن دۆلار ( سەرچاوەی بودجەكەی بریتییە لە : هاوكاری كۆمەڵگە یەهودییەكان، لەگەڵا ئابوونەی ساڵانەی ئەندامان، پیتاك، داهاتی فرۆشتنی بڵاوكراوەو لێكۆڵینەوەكان ).. ئیپاك رۆڵێكی سەرەكی هەیە لە دابینكردنی ئەو پڕە هاوكارییەی كە ساڵانە ئەمریكا دەیدات بە ئیسرائیل كە 3 ملیار دۆلارە .
ساڵی 1985 لەگەڵا برەوسەندنی رۆڵی ئیپاك لە كۆمەڵگەی سیاسی ئەمریكا، پشتگیریكرد لە دامەزراندنی پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوین Washington Institute for Near East Policy، كە ئامانج لێی پێشكەشكردنی زانیاری‌و بڵاوكردنەوەی لێكۆڵینەوەیە لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوینەوە .

ئیپاك لە ئەمڕۆدا
لە ئەمڕۆدا ئیپاك لە ناوخۆی ئەمریكا زیاتر لە 100 هەزار ئەندامی هەیە، بە پێی سایتی فەرەمی رێكخراوەكە، ساڵانە 2000 چاوپێكەوتن لەگەڵا ئەندامانی كۆنگریسی ئەمریكا ئەنجام دەدەن، كە دەبێتە هۆی دەرچوونی 100 یاسای میانگیریی ئیسرائیل، بودجەی ساڵانەی گەیشتووەتە 40 ملیۆن دۆلار، هەر بە پێی سایتەكە ئامانجەكانی رێكخراوەكە چڕ كراوەتەوە بۆ :-
* بوار نەدان بە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی .
* پشتگیریكردن‌و بیمەكردنی دەوڵەتی ئیسرائیل .
* بەرگرێكردن لە ئیسرائیل بەرامبەر بە خەتەرەكانی ئایندە .
* ئامادەكردنی نەوەیەكی نوێی سەركردەی ئەمریكی كە پشتگیریی ئیسرائیل بكەن .
* هاندانی كۆنگرس تا بە بەردەوام پەیوەندی ئەمریكی – ئیسرائیلی لەبەرچاو بگرن .

دیارترین چالاكییەكانی رێكخراوەكە
* چالاكی سیاسی جۆراوجۆر وەك ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵا كۆنگرسمانەكان‌و بەستنی پەیوەندی كەسایەتی لەگەڵیاندا، سازدانی ئاهەنگی كۆمەڵایەتی لەبۆنە ئایینی‌و نەتەوەییەكاندا (مەبەست بۆنە ئەمریكاییەكان – وەرگێڕ ) .
* سازدانی خول‌و بەرنامەی فێركاری ساڵانە بۆ وشیاركردنەوەی گەنجانی ئەمریكا لە بارەی پەیوەندیان بە ئیسرائیلەوە .
* چاپكردنی بڵاوكراوەو لێكۆڵینەوە وەك ( راپۆرتی رۆژهەڵاتی ناوین ) كە گۆڤارێكەو دوو هەفتە جارێك دەردەچێت، پێشكەشكردنی راپۆرت‌و لێكۆڵینەوە بە بڕیاربەدەستانی ئەمریكا لە بارەی مەسەلە هەستیارەكانی رۆژهەڵات .
* سازدانی كۆبوونەوەی ساڵانەی رێكخراوەكە، كە بە دیارترین چالاكی دادەنرێت‌و ژمارەیەكی بەرچاوی كەسایەتی كۆمەڵگەی سیاسی‌و ئەكادیمی واشینتنی پایتەخت‌و ئەمریكا‌و جیهان بەشداری تێدا دەكات .

گۆنگرەی ساڵی 2009
ژمارەی پێوانەیی ئامادەبوونی تۆمار كرد كە گەیشتە 6500 بەشداربوو، باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا‌و نانسی پلوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و هاری رید سەرۆكی زۆرینەی دیموكراتخوازەكان لە ئەنجومەنی پیران‌و جۆن بێرنەر سەرۆكی كەمایەتی كۆماریخواز لە ئەنجومەنی نوێنەران‌و سیناتۆر ماكۆنیڵ سەرۆكی كەمایەتی كۆماریخواز لە ئەنجومەنی پیران‌و جۆن مەكین سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران‌و شەمعۆن پێریس سەرۆكی ئیسرائیل‌و تسیبی لیڤنی لە پارتی كادیما دیارترین بەشدارابووانی گۆنگرەكە بوون، هاوكات بەهۆی جیاوازی بۆچوونەكانیان سەرۆك وەزیران نەتەنیاهۆ لەگەڵا سەرۆكی ئەمریكا، لەبارەی چۆنێتی چارەسەری كێشەكانی ئیسرائیل - عەرەب، راستەوخۆ ئامادەی گۆنگرەكە نەبوو لەرێگەی بازنەی تەلەفزیۆنییەوە وتارەكەی پێشكەشكرد، هەروەها نیوەی ئەندامانی كۆنگرس بە كۆماری‌و دیموكراتخوازەوە بەشداریانكرد، لەگەڵا ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێندكارانی زانكۆ، خوێندكارانی خوێندنی باڵا، مامۆستای زانكۆ، ئاكادیمی وڵاتانی تر، سیاسەتمەداری وڵاتانی تر .


سەرچاوە : سایتی فەرەمی رێكخراوەی ئیپاك‌و سایتی راپۆرتی واشنتن .
ئامادەكردنی ئاسۆ وەهاب
asowahab@gmail.com

ئەم بابەتە چۆنە ؟

0 كۆمێنت:

إرسال تعليق